حكومەتی هەرێم و بەغدا هەنگاوەكانی چەككردنی پارتە رۆژهەڵاتییەكان دەستپێدەكەن

ڕاپۆرت

12/09/2023‌ 1804 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

بڕیارە سبەی چوارشەممە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی تاران بكات بەئامانجی جێبەجێكردنی رێككەوتنی تاران و بەغدا تایبەت بە پارتە رۆژهەڵاتییەكان، هاوكات شاندی هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە كۆبوونەوە.

بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە میانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لە بەغداوە بۆ رۆژنامەی ئەلعەرەبی جەدیدی قەتەری ئاشكراكرد "وەزیری دەرەوەی عێراق لە سەردانەكەیدا بۆ تاران لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی هەردوو حكومەتی ناوەندی بەغدا و حكومەتی هەرێمەوە لە هەولێرەوە یاوەری دەكرێت، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان بەغدا و تاران، ئەوەش بەئامانجی دوورخستنەوەی ئەگەری هێرشی سەربازی ئێران لەدژی پێگەی پارتە رۆژهەڵاتییەكان لە هەرێمی كوردستان".
 
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت "ئەو ماوەیەی كە ماوەتەوە بەس نییە بۆ جێبەجێكردنی سەرجەم بەندەكانی ڕێككەوتنەكە، سەردانەكەش بە دوای دڵنیابوون لە ئارامی و ڕێگریكردن لە هەر كردەیەكی سەربازییە، دواتر پێشنیاز یان نەخشەڕێگای عێراقی بخاتەڕوو بۆ ئەوەی بە تەواوی ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت".

دەشڵێت "تا ئێستا نە بەغدا و نە هەولێر میكانیزمی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەیان ئاشكرا نەكردووە، بەتایبەتی كە ژمارەی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێرانی ئامادەبوو لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 20 هەزار كەسن، كە زۆرینەیان كەسوكاری ئەندامانی حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتن، ماوەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەش زۆر كورت ، بەو پێیەی تەنها هەفتەیەك ماوە".
 
بەپێی راپۆرتی ئەم رۆژنامەیە، "دوێنێ دووشەممە، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، دووەم كۆبوونەوەی خۆی لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، بۆ تاوتوێكردنی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە ئەمنییەكەی نێوان تاران و بەغدا، ئەوەش هاوكاتی سەردانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بافڵ تاڵەبانی بۆ تاران بە ئامانجی گفتووگۆ لەسەر ئەو قەیرانەی بەهۆی پارتە رۆژهەڵاتییەكانەوە سەریهەڵداوە".
 
ئەمڕۆ سێشەممە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا نەمساییەكەی، ئەلێكساندەر چالنبێرگ لە بەغدا لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە ئەگەری دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هێزەكانی ئێران بۆ سەر پارت و گروپە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە ناوخۆی عێراق گوتی "سبەی سەردانێكم هەیە بۆ تاران و بەرای من تاران پەنا بۆ بژاردەی سەربازی نابات، رێوشوێنیش بۆ دوورخستنەوەی ئەو پارتانە لەسنوورەكان گیراوەتەبەر و ئەوان لەكەمپەكانی قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق جێگیردەكرێن و دەست بەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكە كراوە".

راشیگەیاند "هاوپەیمانی ئێران و عێراق بەهێز و فراوانە، هاوپەیمانی مێژوویی و جوگرافی و كولتووری و بازرگانییە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە هەندێك كێشە لە نێوان هەردوو وڵاتدا نییە، بەڵام بەگفتووگۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو كێشانەدا دەكرێت".

هەروەها وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەكرد "پرسی بوونی حزب یان ڕێكخراوە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی 50 ساڵ پێش ئێستا، ئێمە كێشەیەكمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئەوەیە سیاسەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستووری وڵاتەكە دامەزراوە، كە ڕێگە بە هیچ گروپ و لایەنێك نادات، چ عێراقی بێت یان ناعێراقی، لە چوارچێوەی خاكی وڵاتدا هێرش بكاتە سەر وڵاتانی دراوسێ".


بەپەلە