شارپرێس:
ڕۆژنامەی "نیازڤیسیمایا گازێتا"ی ڕوسیی بابەتێکی لەسەر نهێنییەکانی پشت سازشەکانی ئەمریکا بۆ ئێران لەدوای ئازادکردنی دەیان ملیار دۆلاری ئەمریکیو ڕێگەدان بەبانکەکان بۆ گواستنەوەی پارە بۆناو ئێران بڵاوکردۆتەوەو تێیدا ئەوەی ئاشکراکردوە، تاران لەبەرامبەر ئەوەدا بەڵێنی چی بەواشنتۆن داوە؟.
لەوبارەیەوە ڤلادیمێر ساگین توێژەر لەئینستیتیوتی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵات لەئەکادیمیای زانستیی ڕوسیا بەنێزاڤیسیمایا گەزیتای ڕاگەیاندوە، عوممانو قەتەر ڕۆڵی ناوبژیوانیان بینیوە لەدانوستانەکانی نێوان ئێرانو ئەمریکا، هەروەک کاریان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە کردوە، بەشێوەیەک تاران بەڵێنی بەدەوحە داوە لەوەی کە پارە ئازادکراوەکان بۆ چەکو تەقەمەنیی خەرجنەکرێت، ڕازییبونی ئێرانییەکانیش بەڕێککەوتنەکە بەشێکی زۆری پەیوەندیی ئەو دۆخە ئابورییە سەختەوە هەبوە کە لەدوای داڕمانی پلانی هەمەلایەنەی هاوبەش لەساڵی 2018 پەرەیسەندوە.
ساگین جەختی لەوەکردەوە، بەلای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ئەوەی گرنگە وزاهێنانی تارانە لەپیتاندنی یۆرانیۆم، بەشێوەیەک ڕێژەکەی لە 60% زیاتر نەبێت.
ئەوەی وتوە، "بەدوریش نازانرێت لەڕوی پڕەنسیپەوە ئەو یۆرانیۆمە لەدەستاودەستپێکردن بکێشرێتەوە، ئەمریکییەکانیش لای خۆیانەوە لەدانیشتنی کۆتایی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئهتۆم هیچ پێشنیازێکیان دژ بەئێران نەخستۆتەڕوو، بەگشتیی بەهۆی کێشەکانی پەیوەست بەچینو ڕوسیاوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگییەکی کەمتری بەلای ئەمریکاوە ماوە، هەرچەندە هێشتا 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لەناوچەکەدان، هەربۆیە باشبونی پەیوەندییەکانی تارانو واشنتۆن بۆ هەردولا بەسودە".
توێژەرە ڕوسییەکە هەروەک دەڵێت، "هەرچەند هیچ گفتوگۆیەک بۆ زیندوکردنەوەی پلانی کاری هاوبەش (ڕێکەوتننامەی ئەتۆمیی) لەئارادانییە، بەڵام هەردولا لەگەیشتن بەچارەسەرێکی مامناوەند نزیکن، ئەمەش دەرگا لەبەردەم هاوکاریی لەنێوان ئێران وڵاتە ئەوروپاییەکانیش دەکاتەوە.
ساگین لەکۆتاییدا باسى لهوهكردوه، "دەبێت باش لەوە تێبگەین کە ڕژێمی ئێران قابیلی ئەوەیە لەپشتی پەردەوە دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا بکات، هەرچەندە ئاسی بانگەشەی دژە ئەمریکایی لەناو کۆماری ئێسلامیی ئێراندا ڕوی لەهەڵكشان بێت".
