ڕاپۆرتێکی نوێی ئەکادیمیای
ئەمریکیی بۆ پزیشکی منداڵان ئاماژەی بەوەکردووە،سیستەمێکی خۆراکیی کەم کاربۆهیدرات
بۆ منداڵان و هەرزەکارانی تووشبووی جۆری یەکەم و جۆری
دووەمی شەکرە باش نییە.
لە ڕاسپاردەکانی ئەکادیمیاکە
هانی خێزانەکان دەدات کە سەرنجیان لەسەر نەهێشتنی کاربۆهیدراتی "خراپ" بێت،
وەک خواردنەوە شەکردارەکان، شیرینیی و خۆراکە پرۆسێس کراوەکان.
باسی لەوەشکردووە، بە
هەمان شێوە گرنگە کاربۆهیدراتی تەندرووست بەڕادەی پێویست بەدەست بهێنن، لەوانە سەوزە
و پاقلەمەنییەکان و دانەوێڵەی دەوڵەمەند
بە ریشاڵ.
سیستەمی خۆراکیی
"کیتۆ" لای گەورەکان برەوی
هەیە و بەگوێرەی پێگەی "هێڵس
دەی" سیستەمەکە سنوور بۆ بەکارهێنانی کاربۆهیدراتەکان دادەنێت، زۆرترین بەکارهێنانی
دەگاتە 20 گرام، کەیەکسانە بە نیو کوپ برنجی سپی.
لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە
بەوە کراوە، "نیگەرانییەکی گەورە ئەوەیە کە خۆراکی کەم کاربۆهیدرات دەبێتە هۆی کەمی ماددە خۆراکیەکان
لە منداڵاندا لە ماوەی قۆناغێکی
گرنگی گەشەکردنیدا.
لەوبارەیەوە، دکتۆر
تامارا هانون، توێژەری بەشدار لەڕاپۆرتەکەدا، دەڵێت: "رەنگە هەندێک لە دایک و
باوکان ئارەزووی وەرگرتنی سیستەمێکی خۆراکیی کەم کاربۆهیدراتیان هەبێت بۆئیدارەدانی
نەخۆشیی شەکرەی منداڵەکەیان، بەڵام لابردنی خواردنەوەشەکردارەکان ڕێگەیەکی زۆر باشە بۆ دەستپێکردنی ئەو پڕۆسەیە".
دەشڵێت "ڕەنگە
قورس بێت بۆ خێزانەکان کە بە بودجەیەکی سنووردار خواردنێکی باش بخۆن، بەڵام بڕینی
خواردنەوە شەکردارەکان هیچ تێچوویەکی نییە".
ڕاپۆرتەکەی ئەکادیمیا
ئەمریکییەکە ئاماژەی بە مەترسییەگریمانکراوەکانی خۆراکی کەم کاربۆهیدرات بۆ منداڵان
کردووە، وەک کەمی ماددە خۆراکیەکان، وەستانی گەشەکردنیان گەشەی ئێسک و نوقمبوونی
منداڵان لە کلتورێکی خۆراکیدا کە دەبێتە هۆی ناڕازیبوونی جەستە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
