کۆنگرەی یەکێتی !

مەلەفی تایبەت

27/09/2023‌ 823 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 دڵشاد ئەنوەر

کۆنگرەی پێنجی یەکێتی، لەهەندێک ڕووەوە جیاوازە لە کۆنگرەکانی ڕابردوو، بە تایبەت لە ڕووی تەوقیتەوە، یەکەم کۆنگرەیە پێش وادەی خۆی ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدا کۆنگرەکانی تر بەهۆی هەل و مەرجی ناوخۆیی ئەو حیزبەوە هەمیشە دوادەکەوتن. ڕەنگە ئەنجامدانی کۆنگرە پێش وادەی خۆی، پەیوەندی بە و دەرفەتەوە هەبێت بۆ بافڵ تاڵەبانی هاتووەتە پێش، کە تاڕادەیەک دۆخەکەی کۆنترڵکردووەو گۆڕەپانەکەی بۆ تەخت بووە، ئەم دۆخە لە کۆنگرەکانی پێشووداو سەرباری ئامادەگی مام جەلال جیاوازتر بوو. بیرمە لە کۆنگرەکانی ڕابردوودا، کاتێک ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانیمان ئەنجام دەدا، سەرکردەکان دەیانگوت،”کۆنگرە نادرێتە دەست قەدەر.”ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی پێش چوونە نێو کۆنگرە زۆر شت یەکلایی دەکرێتەوە، بەو ئەندامانەشەوە کە دەچنە سەرکردایەتی. خۆی ئەوە ڕاستە، کۆنگرەی حزبی کوردی کۆنگرەی شکڵییە و خۆیان وتەنی نایدەنە دەست قەدەر، ئەمە نەک بۆ یەکێتی، بۆ پارتی و ئەوانیتریش ڕاستە. جیاوازییەکی گەورەی ئەم کۆنگرە لەوانیتر ئەوەیە، ڕەنگە هەندێک لەو وەجهانەی لەماوەی سی ساڵی ڕابردوو وەکو سەرکردەی یەکێتی لە نێو گۆڕەپانەکە دەبینران، چیتر کۆتایی تەمەنی سیاسییان بێت. هەست بە بێ منەتییەکی زۆریش دەکرێت بەرامبەریان، بەتایبەت ئەمە لە وتارەکەی مەلا بەختیاردا بەڕوونی بینرا. ڕوونە مەلا بەختیار، تاچەند ڕۆژێک پێش کۆنگرە چاوی لەسەر پێدانی پێگەی حزبی بوو بەدڵی خۆی، بەتایبەت سەرۆکی ئەنجومەنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، بە جۆرێک پێکهاتەی ئەنجومەنەکە بەدڵی خۆی بێت، بەڵام لە وتارەکەیدا دیاربوو، بەڵێنی پێنەدرابوو، دۆخەکەی بەدڵ نەبوو، وەک بیستووشمەو لێی دڵنیا نیم، سەرۆکی ئەنجومەنەکە بۆ شێخ جەعفەر دانراوە. لە ڕۆژانی پێش کۆنگرە کۆمەڵێک سەرکردەی یەکێتی بایکۆتی کۆنگرەیان ڕاگەیاند، بەشێک لەوانە نزیکبوون لە لاهور شێخ جەنگییەوە، ئەوان بایکوتیان کردباو نەیانکردبا، نەدەبرانە کۆنگرە، چونکە ئەسڵی کۆنگرە بۆ داخستنی دەرگایە بەڕووی ئەواندا و شەرعاندنی دەرگا داخستنەکەیە لە ڕێگەی ئیجرائاتی حزبی و کۆنگرەوە. ڕەنگە تا پێش کۆنگرەش، لاهور شێخ جەنگی ئومێدی گەڕانەوەی بۆ نێو یەکێتی هەبووبێت، بەتایبەت لە وتارەکەی شەوی ڕابردووشیدا ئاڵای ئەو حزبە لە پشتییەوە بوو، بەڵام چیتر ئومێد نەما، هەر بۆیە دوای وتارەکەی بەرەو ئیمارات کەوتەڕێ، دەشگوترێ بە دوای ئەویشدا کەسایەتییەکی ئەمنی پێشووی یەکێتی بەدوایدا ڕۆشتبێت، ڕوون نییە ئەم زانیارییە دروستە یان نە، بەڵام بێگومان ڕۆشتنی لە دوای وتارەکەی، بێ هۆ نەبوو. سەبارەت بە دکتۆر بەرهەم ساڵەحیش تا ئێستا هیچ گوتارێکی لەسەر کۆنگرە نەبووەو بەشداریش نەبوو، بەڵام ڕوونە بێدەنگییەکەی ئاماژەیە بۆ ڕازیبوونی بە دۆخەکە یاخود بەلانی کەمەوە دژ نییە، بەتایبەت ئەو کەمتر چاوی لەسەر پۆستی حزبییەو زیاتر بیری لای گەڕانەوەیە بۆ بەغدا، هەندێک زانیاریش هەیە لەسەر هەوڵی شیعەکان بۆ گۆڕینی لەتیف ڕەشید. جیاواز لە مەلا بەختیار و لاهور شێخ جەنگی، ئەو جەمسەرانەی بەشدارن لە کۆنگرەدا هەموویان ڕازیکراون و ڕۆڵیان پێدراوە، بەتایبەت ئەوە ڕاست نییە میدیاکان باس لە مشتومڕ لەسەر جێگری سەرۆکی یەکێتی دەکەن،پێناچێت پۆستێک بەو ناوەوە دابنرێ، ڕەنگە سەرۆکی حزب چەند یاریدەدەرێکی هەبێت. بۆیە یەکێتی لە کۆنگرەدایە، هێشتا زووە هەڵسانگاندن بۆ ئەنجامی کۆنگرە بکرێت، بزانرێت کۆنگرەیەکی سەرکەوتووە یاخود کۆنگرەیەکی شکستخواردوو. ڕەنگە ئەم هەڵسەنگاندنە دوای چەند مانگ و ساڵێک دروستتر بێت، چونکە ڕاستە بافڵ تاڵەبانی کۆنگرەی بەسەرکەوتووی ئەنجامدا، بەڵام دواجار خەڵکانی دەرەوەی یارییەکەش کەم نین، هێشتا نازانرێ پرۆژەی ئەمان چییەو تاچەند بۆیان دەچێتە سەر. ڕەنگە ئەوەش بۆ بافڵ تاڵەبانی هۆکارێکی باش بێت، نەیارەکانی کە دوای کۆنگرە لەدەرەوەی حزب یاخود بەرپرسیارێتی دەبن، پەرتن، یەکگرتوو نین، ئەستەمیشە بتوانن مینبەرێکی یەکگرتوو دروست بکەن