شارپرێس:
تۆماس فریدمان حەماس تۆمەتبار دەكات بەوەی كە لەبەرژەوەندی ئێران شەڕ لە دژی ئیسرائیل دەكات.
تۆماس فریدمان، نووسەری ناسراوی ئەمریكی، بزووتنەوەی حەماسی تۆمەتبار كرد بەوەی كە بە ناوی ئێرانەوە شەڕی لە دژی ئیسرائیل دەستپێكردووە، كە بە گوتەی خۆی پارە و چەكی بۆ دابین دەكات بۆ ڕێگریكردن لە رێككەوتنی نێوان سعودیەو ئیسرائیل.
فریدمان لە وتارێكدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بە ناونیشانی "هێرشی حەماس خراپترین ڕۆژ لە مێژووی ئیسرائیلدا"، ئاماژەی بەوەكردووە، كە ڕەنگە ئۆپەراسیۆنی باهۆزەكەی ئەقسا ببێتـەهۆی ئەوەی چەكی زیاتری ئەمریكی بۆ ئۆكرانیا بۆ ئیسرائیل تەرخان بكرێت، و رێككەوتنی سعودیە و ئیسرائیلیش مەحاڵ دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەر شەڕێكی درێژخایەن لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا وادەكات ڕێككەوتنی پێشنیاركراوی ئاساییكردنەوەی سعودیە و ئیسرائیل بۆ ئێستا مەحاڵ بێت و ئەگەر دەربكەوێت ئێران هانی هێرشی حەماسی داوە بۆ پووچەڵكردنەوەی ڕێككەوتنی ئیسرائیل و سعودیە، ئەمە ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل، ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی سەر بەتاران، هەروەها لە نێوان سعودیە و ئێران.
ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێككەوتنێكی سعودیە و ئیسرائیل سوودی بۆ دەسەڵاتی فەلەستین لە كەرتی ڕۆژئاوا دەبێت لە ڕێگەی ڕۆیشتنی هاوكارییە داراییەكانی سعودیە و سنوورداركردنی فراوانكردنی پرۆژە نیشتەجێبوونەكان و چارەسەری دوو دەوڵەتی، هەموو ئەمانە شەرعیەتیان بە سەركردەكانی دەسەڵات دەدا لە كەرتی رۆژئاوا و بەپێچەوانەوە بۆ حەماس.
دەشڵێت "ئەگەر ئیسرائیل بڕیاری داگیركردنی غەززە بدات و بەشداری شەڕێكی درێژخایەن بكات، ئەوا ئۆكرانیا دەبێت بۆ مووشەكی پاتریۆت و تۆپخانەی ١٥٥ ملیمەتری و چەكی دیكە كە ئۆكرانیا و هەروەها ئیسرائیل پێویستیانە، ڕكابەری ئیسرائیل بكات".
پەیوەندییە باڵاكانی نێوان بەرپرسانی ئەمریكی و ئیسرائیل دوای هێرشە لەناكاوەكەی حەماس كە لە كەرتی غەززەوە دەستیپێكرد، چڕتر بووەوە و بە تایبەتی هەردوولا "گفتوگۆیەكی قووڵ"یان سەبارەت بە پێداویستییە سەربازییەكان ئەنجامدا.
فریدمان ئاماژەی بەوەشكرد، "باهۆزی ئەقسا" كارەساتێكە بۆ ئیسرائیل و سوكایەتییە بە دەسەڵاتی وڵاتەكە.
ئاماژەی بەوەشكرد، حەماس نەك هەر ئیسرائیلی داگیركرد، بەڵكو دیلەكانیشی بردە غەززە، لەودیو سنوورێكەوە كە ئیسرائیل ملیارێك دۆلاری بۆ دروستكردن خەرجكردووە و بڕیارە تێنەپەڕێنرێت. ئەمەش گورزێكی بەهێزە لە دەسەڵاتی ئیسرائیل.
