توندڕەوی هەر خۆی بەرهەم دێنێتەوە

مەلەفی تایبەت

06/11/2023‌ 1278 جار خوێندراوه‌ته‌وه


دکتۆر ڕێبوار فەتاح

جولەکە پاش جەنەسایدی هەڵەکۆز، دەبووایە ببوونایە بە نمونەی نەتەوە، ئاین و باوەڕی پارێزگارکردنی مافی مرۆڤی لەسەر ئەم زەمینە. ئەمان وەك کورد نین، هێزی لەبننەهاتوویان لەخۆگرتووە: هەم گروپی ئاینین، هەم نەتەوەن. لەمەش گرنگتر بەدرێژی مێژوو لوتکەی داهێنان و ڕەچەشکاندن بوون، لە سپینۆزاوە بیگرە بۆ ئەنشتاین، نیڵز بۆر و ڕیچار فاینمەن. سەدان زانای ڕەچەشکێنیان بە ژیان بەخشیووە. نزیکەی ٢٠٠ ڕەچەشکێن لە بواری جیاوازی ژیاندا، لە ڕەگەزی جو یان تێکەڵ لەگەڵیان، خەڵاتی نۆبڵ کراون. خۆ گەر دەستبەرداری باوەڕی زەردەشتی ببم، جولەکە، بە ڕێی حەزرەتی عیسادا، داهێنەری ئاینی ئیبراهیمین. کریستیان و موسوڵمان چیدی نین، ڕەنگدانەوەی ئەمان نەبێ.  کتێبی پیرۆزیان، قورئان ددانی پێدا دەنێ، ئاسمانیە و یەکەمی ئەم سێ ئاینەیە. ڕەنگە هیچ گروپێکی دیکە شان لە شانیان نەدا. ئەمە هێزێکە دەیکردن بە گروپێکی باڵای نێو ژیان.

ئەتنیك گروپی جولەکە گەلێك بەبڕشتە و چەندین باوەڕ و بنگروپی جیاواز لەخۆدەگرێ، کولتووری هەر یەکەیان جیاوازە و باوەڕی هەندێکیان زۆرتر فەلسەفین تا ئاین. لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و لە ئابوری، زانست، ئەدەب و ڕۆشنبیریدا، گەلێك کاریگەرن. تا ئەمڕۆ زۆرینەیان تەبا و هاوسۆزی دەوڵەتی ئیسرائیل نین. لەگەڵ بەبڕشتی و تێکەڵبوونیاندا، کۆمەڵێکیان ئیسرائیلیان کرد بە یەکەیەکی ئاینی-ئەتنیكی جولەکە لەسەر حسابی خەڵکی بێدەرامەتی فەلەستین.

ئەڵمانیای نازی هەوڵی دا جو وەك ڕەگەز و ئاین بسڕێتەوە. نزیکەی دوو تا سێیەکی جوی ئەوروپا لە هەڵەکۆزدا لەنێوبران. ئەمە یەکەم جەنەساید و دواین نەبوو، مێژووی نوێ دەیان جەنەسایدی بە خۆوە دیووە. هەر ئەوی ئێستا تورکیا دەیکات لە رۆژهەڵات و باکوری کوردستان، جەنەسایدە. تورك جا لە ئیمپراتۆریەکی عوسمانیدا بووبێ یان دەوڵەتی نوێی تورکیا، چەندین جەنەسایدی کردووە. دەوڵەتی عێراقی نوێش بەشدارە. گازی هەڵەبجە، ئەنفال و لەنێوبردنی بەرزانیەکانی کامپی زۆرەملی، جەنەسایدن. لە مێژووی نوێدا، هەڵەکۆز زوڵمێکی هێجگار گەورە بوو بەسەر ئەتینك گروپێکدا بێ، کە هێند بەشداری ئەرێنیان لە مێژوودا هەبێ. دەنگدانەوەی هەڵەکوز و جێکردنەوەی لە مێژوودا، پەیوەندە بە توانا و کاریگەری جوەوە لە سەرتاسەری جیهاندا. ئەمیش جێی پێزانینە، بە خوێن توانیان پێناسەی ڕەوان بدەن بە جەنەساید تا بتوانین ڕێی پێبگرین. هەڵبەت گەر ئەڵمانیا براوەی جەنگ بووایە، وەك تورك، ئێستا ددانی بە هەڵەکۆزدا نەدەنا. تورك هەرگیز ددانی بە جەنەسایدی ئەرمەنی، یۆنانی و کورددا نەناوە. تەنیا هۆیەك کورد بە دەردی ئەرمەنی نەچوو، زۆری ژمارە و توانای جەنگینیان بوو. خودی ئەتاتورك ددان بەوەدا دەنێ.

دیارە هەڵەکۆز نە زەمینە بوو، نە پاساو بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر خاکی فەلەستین. لایەنێکی دەرەکی دەوڵەتی ئیسرائیلیان لەسەر خاکی کۆمەڵێکی دیکە دامەزراند و چارەسەری گرفتی خۆیان لەوەدا دەدی فەلەستینی ئاوارە و قەلاچۆ بکەن. دامەزراندنی دەوڵەت، چارەسەری ژانی هەڵەکۆز نەبوو، هەروەك چۆن دامەزراندنی دەوڵەت چاری پرسی کورد نیە. پرسی هەردووکیان لە ناخی خودی خۆیاندایە، نەك دەرەوە.

ئیدی لە چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە مرۆڤایەتی سەرقاڵی کێشەی مرۆکردی جولەکەیە. دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل هیچ زەمینەیەکی لە ئەپیك و قانوندا نەبوو. لە دەرەوەی فەلەستین و بەبێئاگاخەڵکی، کۆمەڵێك بە هاوکاری هێزی دەرەکی بڕیاریان دا، کۆچ بۆ فەلەستین بکەن؛ بە زۆرەملی خەڵکەکەی ئاوارە بکەن و ئەرز و ئاویان داگیر بکەن. گەر ئەوە زەمینەی هەبێ، تەعریبی کوردستانیش زەمینەی تۆکمەیە.

قبوڵمە تازە ناتوانین مێژوو بگەڕێنیتەوە دواوە. قبوڵم نیە ستراتیجی دەسەڵاتی ئیسرائل، ئاوارەکردن و قەلاچۆکردنی فەلەستینیە. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ، پێی ناڵێم جەنەساید، بەڵام ئەوەی ئیسرائیل لە غەزە دەیکات کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگە. گەر وڵاتێك بیکردبا دۆستی ڕۆژئاوا نەبووایە، ئێستا هەموو جیهان سەرەکۆنەی دەکرد، ڕەنگە هێزی نێودەوڵەتیش دژی بەکاربهێنرایە. ئەوەی نەتەنیاهو لە غەزە دەیکات، سەدام لە کوەیت نەیکرد!

وەك هەندێك ناڵێم، ئیسرائیل حەماسی دامەزراندووە، بەڵام توندڕەوی ئیسرائیل دامەزرێنەری هەموو هێزێکی توندڕەوی فەلەستینە. ئێستا ئیسرائیل جیهانیش بەرەو توندڕەوی دەبات و دابەشی کردوون.بەشێك چارەسەر لەوەدا دەبینن ئیسرائیل بخرێتە دەریاوە. ئەوانی دیکەش نەتنیاهو  و دۆستانی، قەلاچۆکردنی فەلەستینی بە فریادڕەسی ئیسرائیل دەبینن. لە جەمسەرگیری دوو توندڕەودا، بە هیچ مەنزڵێکی ئارام ناگەین. منیش باوەڕم وایە توندڕەوی ئیسرائیل و حەماس، تەنیا لافاوی خوێن لە کولتووری مرۆڤدا زیاد دەکات.

ئەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل ساڵەهایە لە فەلەستینی دەکات، هەر ئەوەیە کە دەسەڵاتی نازی ئەڵمانی لەمانی کرد. هەرچۆنێك لە غەزە دەڕوانم کامپی زۆرەملیە، داهێنانی هێتلەرە.