شارپرێس:
ئەمڕۆ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕایگەیاند، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران بەئەگەری زۆرەوە بەرێژەی "لەسەدا 90 مردووە"، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران.
دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوز ڕایگەیاند "ئەوان هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانییان نییە، هەموو سەركردەكانیان مردوون، باشترین سەركردەكانیان مردوون. خامنەیی مردووە، كوڕەكەیشی لەسەدا 90 مردووە".
ڕاپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە موجتەبا خامنەیی تووشی برینێكی سەخت و شێواوی بووە كە وایكردووە نەتوانێت لەبەردەم خەڵكدا دەربكەوێت، ئەوە لەكاتێكدا لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی باوكیشیدا دەرنەكەوت، لەوكاتەشەوە گومانەكان لەسەر مان و نەمانی زیاتر بوون.
هەر لەو چاوپێكەوتنەدا ترەمپ وتی، ئەمریكا گەرووی هورمز كۆنترۆڵ دەكات و پێویستە قەرەبوو بكرێتەوە لەبەرامبەر بەڕێوەبردنی ئەم ڕێڕەوی ئاوە گرنگە و پاراستنیدا.
ترەمپ هەروەها لەبارەی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئێران وتی: ئێمە ڕێككەوتنێكمان هەبوو، بەڵام ئەوان شكاندیان.