شارپرێس:
هاوکات لەگەڵ چونى عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن، بەرەی مقاوهمهى ئیسلامی لەعێراق بەیاننامەیەکی توندى دهركردو تێیدا دژایەتیو ڕەتکردنەوەی ڕەهای خۆی بۆ ئەو سەردانە ڕاگهیاندو چهند هۆشدارییهكى توندی ئاراستەی حکومەت کرد.
بەرەى مقاوهمه خۆى وهكو نەیاری ئەم گەشتە ڕاگهیاندوهو دهڵێت، "لەکاتێکدا گرژییە سەربازییەکان لەناوچەکەدا بەردەوامن، وهفدێكى حکومی عێراق سەردانی ئەمریکاى کرد، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئێمه بەردەوامیی بونی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق بەداگیرکاریی دەزانینو جهختدهكهینهوه، بهگوێرهى خشتەی کاتیی دیاریکراو، کۆتایی بهو بونو ئامادهییهى ئهمریكا بهێنرێت".
لەبەیاننامەکەدا بهرهى مقاوهمه هۆشداریداوهته حکومەت لەبڕیاری واژۆكردنى هەر گرێبەستێکی بازرگانیی یان ئابوریی کە ببێتە هۆی "داگیرکارییەکی ئابوریی توندتر" یان مۆنۆپۆلکردنی سەروەتو سامانی عێراق لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە.
جەختیشکراوەتەوە، پشتگیریکردنی ئەوان بۆ حکومەت لەدۆسیەی دژایەتیکردنی گەندەڵیدا، بەواتای پێدانی دەسەڵاتی ڕەها نییە لەسەرجەم سیاستەکانی دیكهدا، داواشیانکردوە کە هەر ڕێککەوتننامەیەک لەم گەشتەدا واژۆبکرێت، بەبێ گۆڕینی ناوەکەی بۆ "مۆڵەتی لێکتێگەیشتن"، بخرێتە بەردەم پەرلەمانی عێراق.
سەرەڕای ئەو ناڕەزایەتییانە، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایانکردوە، گەشتەکەی سەرۆک وەزیران بۆ ماوەی هەفتەیەک لەواشنتۆن بەردەوامدەبێتو ئەگەری درێژکردنەوەشی هەیە، ئەجێندای گەشتەکەش تەنها کۆبونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترهمپو ئەندامانی کۆنگرێس نییە، بەڵکو بڕیارە زەیدی لە17ى ئەم مانگەدا بەشداریی لەلوتکەیەکی هاوبەشدا بکات لەواشنتۆن بەئامادەبونی سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو کە تێیدا تاووتوێی دەرهاویشتەکانی شەڕ لەگەڵ ئێرانو دۆخی داهاتوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت.
