دوای ڕادەستکردنی بەرپرسەکان؛ هەرێم زێڕو پارەکانیشیان دەداتەوە بەبەغدا

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1340 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی ئەمنیی کەرکوک ڕایگەیاند، نوسینگەی لێکۆڵینەوەی پارێزگاکە بەپاڵپشتیی هێزێکی ئەمنیی‌و لەژێر چاودێریی دەستەی دەستپاکی، دەستی بەسەر بڕێک زێڕو پارەدا گرتوە کە هی چەند پەرلەمانتارو سیاسەتمەدارێکەو لەلایەن حکومەتی هەرێمه‌وه‌ ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ کراونەتەوە.


سەرچاوەکە وتویەتی، "پرۆسەی وەرگرتنەکە لەشارەدێی پردێ لەباکوری کەرکوک‌و دوای گەیشتنی شتومەکەکان لەبازگەی هەولێرەوە بەڕێوەچوو، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕادەستکردنیان بەلایەنە پەیوەندیدارەکان‌و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان".

ئەوەش هاتوە، ئەو زێڕو پارانە بەشێوەیەکی فەرمیی‌و بەئامادەبونی لایەنە پەیوەندیدارەکان وەرگیراون، کە هی ئەو پەرلەمانتارو بەرپرسانەن پێشتر هەرێم لەچوارچێوەی پرۆسەی (هەڵمەتی بەرەبەیان)دا ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی کردبون، بەڵام بڕی پارەکەو کێشی زێڕەکان‌و ناوی خاوەنەکانیان ئاشکرانەکراوە.

لەکۆتاییدا دەڵێت، "پرۆسەکە لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا بۆ تەواوکردنی لایەنە یاسایی‌و کارگێڕییەکان ئەنجامدراوه‌".