کوردپەروەری، کوردایەتیی ڕیال و جاشێتی

مەلەفی تایبەت

17/11/2023‌ 956 جار خوێندراوه‌ته‌وه

کاوە جەلال

        ڕێبەری
ئەمڕۆ "هەرێمی کوردستان" تەواو شێواوە، ستەمکارییەکانی کوردایەتیی ڕیال هەموو سنوورێکیان بەزاندووە و کوردەکان لە لایەن ستەمکارانەوە خزێنراونەتە نێو دۆخێکی ئەوها دژوارەوە کە ڕەنگە بە کارەساتی سامناک بۆ ئەوان کۆتایی پێبێت. ئەم ڕەوشە دەمانبزوێنێت بۆ ئەوەی ڕەخنەییانە کار لە ڕابوردوودا بکەینەوە، چونکە سەرئەنجامی کرۆکی ئەو کوردایەتییە ڕیالەیە و بە دەرخستنی چییەتی و سەرەڕۆییە چەکدارییەکانی باشتر لێی تێدەگەین.
لەنێو کوردانی ئێراقدا بەگشتی تێڕوانینێک سەروەرە: ئەو گرووپانە کە لە شاخ شەڕیان کردووە، ڕەوا بوون، وەلێ هەموو دژبەرانیان ناڕەوا و "جاش"، واتا "خائین" بوون. ئایا ئەوە ڕاستە؟ ئایا تێروانینی بەو چەشنە سەرئەنجامی هەست و سۆزە یان دەرئەنجامگیرییە لە نرخاندنی ڕەخنەییەوە؟ کەواتە ئایا تا چەند شەڕکەران بریتی بوون لە ڕزگاریخواز، ئۆتۆنۆمیخواز، خۆگەرا، شەیدای دەسەڵات یان بازرگانی شەڕ؟ هەروەها تا چەند دژبەرانیان خائین، کوردپەروەر یان ناچارکراو بوون بۆ شەڕ؟
خەریکبوونمان بەو پرسیارانەوە مێژووناسییانە نییە، بە پێچەوانەوە ڕەخنەیی-سۆسیالە و بۆ نزیککەوتنەوە لە وەڵامی پرسیارەکان لە ئاگایی "شیمانە"وە دەستپێکەکان (1961 و 1976) دەنرخێنین بە چەند ئامانجێکەوە: 1) تێگەیشتن لەو دوو دەستپێکە چەکدارییە، 2) ئاشکراکردنی زاری واژە و ڕستە دەربڕی کوردایەتیچییان وەک درۆزن، 3) بەشدارییەکی خۆیی لە بەئاگاهێناندا سەبارەت بەو پێداویستییە کە دەبێت سەرجەم مێژووی کوردەکانی ئێراق لە 1961 بەدوواوە تا هەنووکە "ڕەخنەییانە هەڵبسەنگێنرێت و سەرلەنوێ بنووسرێتەوە"، تاکو ئیدی سەرجەمی ئەو حیکایەتانە لەکاربخرێن کە تا ئەمڕۆ بە دەنگی بڵند دەگێڕرێنەوە، بۆ نموونە حیکایەتی "بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی" یان "شۆڕشی نوێی گەلەکەمان".
ئێمە بۆ ئەم مەبەستە دوو دەرچەمان چەسپاندووە: زمان و مرۆڤ. زمان دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێنێت کە چییەتیی یاخیبوونەکان لە کرۆکەوە دیاری بکەین و هاوکات کوردایەتیی ڕیال وەک درۆزن، وەک ناکوردایەتی، دەربخەین، لێرەشدا بێگومان گرنگترین وشەکان ڕاستەوخۆ لە "فەرهەنگی کوردایەتی"یەوە وەردەگرین کە بریتین لە: "کوردپەروەری"، "ڕزگاری" یان "ڕزگاریخوازی" و هەوڵ دەدەین لە ڕەوانبێژی، لە ئەدگاری هەوا-وشەی لە زار دەردراو، بەریان بدەین. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئێمە لێرەدا لە بەردەم پرسی "سیاسەت-کردن-داین"، ئەوا دەبێت ئەو ڕستە ئەڵمانییە بهێنینە نێوانەوە کە کوردەکان لە ئەرەبەکانیان وەرگرتووە و بریتییە لە: "سیاسەت فەننی مومکینە".
وەلێ دەرچەی مرۆڤی لەم پەیوەندییەدا کە سیاسەت-کردن-ە وەک "بەرپرسیاری"، دەمانخاتە بەردەم دوو جۆر چالاکوان کە بریتین لە "سیاسەتیار" و "سیاسەتباز"، هاوکات پەیوەند بەم جۆرەی دووەمەوە ناچار دەبین جیاوازی بکەین لە نێوان "سیاسەتبازی سۆزمەند" و "سیاسەتبازی ئاوەزمەند"دا، کە ئیدی لێرەوە دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێت بپەڕێینەوە بەرەو پرسی "جاشێتی" و بە ڕوونکردنەوەی لە ئەدگاری جنێو بەریبدەین، وەلێ لەم لایەنەشدا ناچار دەبین جیاوازی بکەین لە نێوان جاشێتی وەک کوردپەروەری / کوردایەتی لە لایەک و جاشێتی وەک تاوانکاریی جەنگ لە لایەکی دی. بێگومان بەبێ چەسپاندنی تێگەکانی "شۆڕشگێڕێتی" و "ڕزگاریخوازی"، واتا "دەوڵەتخوازی"، نەشیاوە لە تێگەی "جاش" یان "خیانەت" تێبگەین، چونکە تەنیا ئەم جۆرە هەڵوێستە یان بزاوتە سیاسییانە دەتوانن ڕەوایەتی بە خۆیان بدەن کە لە جیهانبینییانەوە جیاوازی لە نێوان خائین و ناخائیندا دابنێن – ئەوە گەر تەنانەت تاکلایەنە، ئیدیۆلۆگیانە، بێت.

        -1 زمان وەک کرۆکدەربڕ و ڕەوانبێژی

وشەی داڕێژراوی "کوردپەروەر" کە "کورد" و "پەروەر" لە خۆ دەگرێت، واتای "کورد-خۆشویستەر" دەگەیەنێت. پەروەر بەگوێرەی "فەرهەنگی کوردستان"ی گیو موکریانی بەواتای "پەروەندە"، "خۆشویستەر"، "ئەڤیندار". ئاشکرایە، گەر کەسێک کەسێکی دیکە یان گەلی خۆی خۆش بوێت، ئەوا دەیەوێت بەختەوەر بێت، بێچەڵەمە بژی، ژیان و گوزەرانی باش بن و هتد، ئەوجا گەر بڕوا بە خۆی بهێنێت کە دەبێت لە پێناوی گەلەکەیدا تێبکۆشێت، ئەوا ئامادەیە خۆی لەو پێناوەدا بەخت بکات – جا بەرپرس بێت یان شەڕکەری ڕیال (پێشمەرگە).
لەبەر ئەوەی زمان، لێرە: زمانی کوردی، خۆی سنووری واتاکان دیاری دەکات، ئەوا بەم ڕێیەوە ئەگەری هەر بەرپەرچێکی کەللەڕەقانە لەکاردەکەوێت. بۆ نموونە وشەی "ڕزگاری" یەکسەر واتای جیابوونەوە لە شتێک یان لە کەسێک، لە بارێک یان زۆردارییەک و هتد دەگەیەنێت، هەروەک دەگۆترێت: "ڕزگارمان بوو لەدەست ئەو زەلامە"، یان: "دانیشتوانی ئەو گوندە بە کوشتنی ئاغاکەیان ڕزگاریان بوو لە ستەم". لە هەردوو ڕستەکەدا کۆتایی بە ڕەوشێک هاتووە؛ یەکەمیان بۆ نموونە زەلامێکی سەغڵەتکەر وازیان لێدەهێنێت، لێیان دوور دەکەوێتەوە، یان خۆیان دەریدەپەڕێنن، لە دووەمیاندا چەوسێنەرێک نەماوە، ئەوجا بەدووی ئەوەدا، بە ڕزگاربوون لە ستەم، دانیشتوانی گوندەکە چوونەتە دۆخێکی "دیکە"ی ژیانەوە.
هەر لەم واتایەدا تێگەی ڕامیاریناسیانەی "بزاوتی ڕزگاریخوازی" لە ئەوروپا / خۆرئاوا گۆڕان پێدرا وەک ناونان لە خەباتی گرووپە ئێتنییەکانی ئەفریکا و ئاسیا لەدژی ئیمپریالیزمی ئەوروپی بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی. بێگومان بزاوتی شۆڕشگێڕیش، واتا خەباتگێڕ بۆ گۆڕینی فۆرماسیۆنی جڤاکی لە وڵاتێکدا بۆ یەکێکی دی (خێڵەکی بۆ سۆسیالیستی) دەتوانێت ناوی ڕزگاریخواز لە خۆی بنێت.
ئێمە لە کوردیدا هەروەها واژەی ڕێک-کەوتنمان هەیە. بۆ نموونە دوو لایەن لەسەر پرسێک ڕێکدەکەون، هاوبەشی ساغدەکەنەوە، یان لە ڕووی سیاسییەوە دەسەڵاتدارانی گەلێک بە ڕێککەوتن (ئیتیفاق) ئۆتۆنۆمی بۆ گەلەکەیان لەنێو چێوەی دەوڵەتێکدا بەدیدەهێنن و دەبن بە بەشداریکەری دەسەڵاتی دەوڵەتی. ئێمە لێرەدا ڕزگاریخوازیمان نییە، بەڵکو شەڕی سیاسی و چەکداری بە مەبەستی ئۆتۆنۆمی لەگۆڕێیە، بۆیە ئەخلاقی بێژتن ڕێ بە هیچ کەس نادات ئەو کردارە ناوبنێت "بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی". ئەمە بەئاشکرا کوردانی ئێراق دەگرێتەوە: دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازانیان تەنیا ویستوویانە بە یاخیبوونی "ئۆتۆنۆمیخواز" گۆڕانێک بەسەر پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی نێو ئێراقدا بهێنن، واتا نەیان ویستووە کوردەکان لە ئێراق "ڕزگار بکەن": "جیاببنەوە"، ڕوونتر ببێژین، ئەوان شەڕیان نەکردووە بۆ ئەوەی بە جیابوونەوە دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنن. ئاخر وەک گۆتمان ڕزگاریخوازی بەواتای خەبات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کە دەشێت کۆنزەرڤاتیڤ، شۆڕشگێڕ یان تەنانەت ئایینی بێت. کەواتە دەربڕینی "بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی"، یان "ئەلحەرەکە ئەلتەحەڕڕوڕییە ئەلکوردییە"، هیچی دیکە نییە جگە لە هەوا-وشەی دەربڕراو لە زارەوە، یان ڕەوانبێژیی درۆزنانە.
پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەم کێشانەی ئاخافتن لە کێوە سەرهەڵدەدەن؟ ئاشکرایە خەڵک بەگشتی زۆر خوازیاری ڕەوانبێژین، سیاسەتبازانیش، تەنانەت سیاسەتیارانیش، لەو خەڵکە جیانابنەوە (گەرچی دەبوو لەوان جیاواز بوونایە). شێواویی زمانی کوردی لە هۆشی پیاوانی "خوێندەوار"ەوە، نەک داپیرە و باپیرەکانەوە، کەوتۆتەوە، یان نەک لە بێگانانەوە، پاڵهێزێکی ئەم شێواندنەش مامەڵەکردنی ئەرەبیستییە لەتەک زماندا (زۆر توێژەر، تەنانەت لە فەلسەفەشدا، بە ئەرەبی دەهزرێن و بە کوردی هزرینیان دەنووسن، جا گەر ئەوە لەبارەی فەیلەسوفێکی ئەوروپی بێت!!)، ئەوجا دانەوەی سوننەتیانەی واژە و دەستەواژەی ئەوروپییانە لە ئەرەبییەوە (کە بێگومان زمانێکی دەوڵەمەند و بەپێز و بەتوانایە بۆ دەربڕینی کرۆک، وەلێ خودی کارکردنی ئەرەبیستی کۆنزەرڤاتیڤ و هاوکات نەگونجاوە بە هزرینی ئازادی ڕەخنەیی). هزرینی ئەرەبی بۆ ئەوان ستاندارتە و واژە و دەستەواژەکانیش لێوەی بەزۆریی وشەییانە هەروا سانا لە ئاگایی سوننەتییانەی خودی کەسەکانەوە وەردەگێڕرێن.
بەڵێ بێگانان زمانی کوردییان نەشێواندووە، تەنانەت لە ئێراق یاساغیان نەکردووە، بەڵکو کوردەکان لەوێ دەرفەتی خوێندنیان بە زمانی خۆیان هەبووە. گەر ڕەخنەییانە ورد بڕوانین، دەبینین کە مامۆستایانی زمانی کوردی نەک تەنیا توانستی زمانفەلسەفەییان نەبووە بۆ بینینی ئەو کێشە ناوبراوانەی سەرەوە، وەک کوردپەروەری، کوردایەتی، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و ئەوجا وەرگرتنی هەڵوێست لەدژی بەکارهێنانی نالەباریان، بەڵکو تەنانەت توانستی زمانناسییان هێندە بڕی نەکردووە کە کێشە توخمییەکانی زمانی کوردی ببینن، بەتایبەتی ڕێنووس، بەڵێ تەنانەت لە خۆویستییانەوە نەیان توانیوە ڕێکبکەون لەسەر چارەسەری خاڵبەندی، جا گەرچی زۆر ئاسان سیستەمێکی کۆما و سیمیکۆلۆن و نوقتە لە ڕستەسازیدا دادەنرێت (1).

-2 هەڵچوونی کەسەکی

مەسەلەکە لە جڤاکێکدا ئەوە نییە کە "ئەو پیاوانە" هەڵدەچن و "پیاوانی دیکە"ی زۆرینە هەڵناچن. لە هەموو جڤاکێکدا، سەرباری مۆرکە هاوبەشە کولتوورییەکانی پیاوەتی، زۆرینەی پیاوان بەرپرسیاری بۆ بژێویی خانەوادەکانیان وەردەگرن، ئەوە بە کاسپی، فەرمانبەری، کردنەوەی وەرشە و فابریکە، بازرگانیی ئازاد و بەڵیندەرایەتی و هتد، هاوکات هەمیشە پیاوانی دەسەڵاتداری ترادیسیۆنی لە خەمی دەسەڵاتیاندا، پیاوانی هۆش بزواو و "گەلخواز" لەژێر کاریگەریی ڕووداوە سیاسییە جیهانییەکاندا، وەلێ هەروەها پیاوانی دەسەڵاتگەرا، بێویژدان و موغامەرەچی، هەڵوێست وەردەگرن و یاخی دەبن، بەوەش لە پیاوانی دیکەی جڤاکەکەیان جیادەبنەوە. گەر سەرجەمیانە لە مێژووی مرۆڤایەتی بڕوانین، دەبینین زۆر جار دەسەڵاتگەرایان لە دەوری یەکێكیان خڕبوونەتەوە، کە دەشێت خۆی لە سروشتەوە قەوارەیەکی دەسەڵات بووبێت وەک: موڵکدار، باوکی دە کوڕ و باپیری چل کوڕەزا و کچەزا لە گوندێکدا، یان سەرۆکهۆزی ناودار بووبێت، لە مێژووی نزیکتریشدا سیاسەتیار یان سیاسەتبازی دەرکەوتوو  بووبێت و هتد، ئەوجا دەشێت تاقم تاقم گرووپی جیاجیایان خستبێتەوە و بەنێو ناکۆکیدا ڕەتبووبن، یەکدییان لەناوبردبێت، تا لە کۆتاییدا گروپێکیان بەسەر هەموو ئەوانەی دیکەدا زاڵ بووە و دەوڵەتێکی دامەزراندووە، یان دەوڵەتێكی ڕوخاندووە و بە یەکێکی دیکە جێی گرتۆتەوە. لێرەدا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە پەڕینەوەکە لە ستاتۆی سروشتییەوە (پێشدەوڵەتییەوە) بۆ نێو دەوڵەتی، هەمیشە شانشینی، میرنشینی یان دیکتاتۆری بووە. ئاخر "نەشیاوە" هیچ گروپێکی ئێتنی (بۆ نموونە کوردەکانی ئێراق) لە ستاتۆی سروشتییەوە بپەڕێنرێنەوە بۆ نێو ستاتۆی دەوڵەتی دێمۆکراتی – لە سەردەمی نوێدا تەنیا دەشێت دیکتاتۆری بێت کە بێگومان پیاوی هۆشمەند و دلێر و قەرارمەندی تایبەتی پێویستە. جا مرۆڤ لەگەڵ یان لەدژی ئەم جۆرەی دەسەڵاتداری بێت، ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە.
دەسەڵاتگەرایانی کوردی ئێراق بەدەرن لەو خواستە کردەییانە. لەنێو ئەواندا هەرگیز پیاوی قەرارمەندی دەوڵەتخواز هەڵنەکەوتووە(2). ئەمان لە پەیوەندیی سروشتیی نێو-پیاوییەوە گلاون و خۆساغنەکردۆوە لەنێو یەکدیدا و بەرەو دەرەوە دەست بە شەڕ دەکەن، لێرەشدا ئاشکرایە ئەم پیاوە لە ئاستێکی "زۆر نزم"ی کولتووریدایە، زۆر نزمتر لە ئاستی پیاوی ئەرەب – ئاخر بەندە بە ئایین و کولتوور و زمانی ئەوەوە. ئەم پیاوە نە توانیویەتی چارەسەری کێشە سەرەتاییەکانی زمانەکەی بکات (ڕێنوس، خاڵبەندی، ڕستەسازی، پاکژی زمان لە واژە هەڵە و رواڵەتییەکان و هتد)، بەوەش زمانێکی ستاندارت بنیاتبنێت، نە توانیوییەتی ڕەخنەییانە لە هەڵبەستڤانانی خۆی بتوێژێتەوە (نەک بە یەک، دوو، سێ توێژینەوەی سوننەتی لەبارەی خانی، بێکەس، گۆران و هتد، بەڵکو لەبارەی هەر یەکێکیان پەنجا، شەست، سەد توێژینەوە بە مێتۆدی جیاواز!)(3)، هەروەها لەبەر ئەوەی ئاستە هۆشییەکەی تەواو سەرەتایی و هێشتا هەر پابەندی پراکتیکی ڕۆژانە بووە و لە نێویدا هیچ گرنگییەکی بە ئاخافتنی دروستی لۆگیکی نەداوە، ئەوا نەیتوانیوە بزانێت کە خەباتی سیاسی هەردەم سۆسیۆلۆگییەکی پێویستە!! ئەوەندە دەستەپاچە و هۆش-سادەیە! ئەم پیاوە دەسەڵاتگەرایە! وەلێ هەروەها زۆر نامەرد و جەبانە، چونکە بە ئاماژەدان بۆ کاریگەرییە دەرەکییەکان یان جیۆگرافیای وڵاتەکەی بێتواناییەکانی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت دەشارێتەوە.
ئێمە هەر لە چییەتیی پیاوانی خۆگەرای کوردەوە کلیلێکمان دەستگیر دەبێت بۆ ڕستەی زۆر گۆتراوە و جەختلێکراوی "سیاسەت فەننی مومکینە"، کە سیاسەتمەداری ئەڵمانی ئۆتۆ فۆن بیسمارک 18ی دیسەمبەری 1863 لە پرۆیسیشەر لاندتاک (پەرلەمانی پرۆیسن) دەریبڕی. سیاسەت بۆ بیسمارک گەرەک بوو وەک هونەر بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت بسەپێنێت. ئەمڕۆ ڕستەکە بەگشتی بەم چەشنە ڕاڤە دەکرێت: سیاسەت نواندنی کردارە لە پێناوی کەمکردنەوەی فشار یان نەهێشتنی بارگرانی بەسەر دانیشتوانی وڵاتی خۆوە. وەلێ ئەم بنەمایە هەرگیز لە هیچ سەردەمێکی کوردایەتیی ڕیالدا ڕەچاو نەکراوە، بەڵکو تەنیا لە ویستی بەشەکییەوە (پارتیکولارەوە) بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی هەر گەلەکۆمەکێیەکی سیاسی پەیڕەو کراوە، ئایندەی خەڵکیش وەک شتێکی لاوەکی لە پشتی ئەو بەرژەوەندییانەوە دانراوە.

-3 شیمانەکانی خەبات

لە بنەڕەتدا هەموو مرۆڤێک، تەنانەت زارۆک، ڕەمەکییانە لە ژیانی سروشتییەوە، واتا ڕۆژانەوە، ڕەوشەکانی شەڕ هەڵدەسەنگێنێت. کەواتە پێویست نییە لە تیۆرییەوە، لە کتێبی خوێنراوەوە، ڕوو لەم پرسە بکەین. گەر کوڕێکی دە ساڵان لە لایەن کوڕێکی بەهێزتری پازدە ساڵانەوە شەڕی پێ بفرۆشرێت، هانا بۆ بەرد یان دار دەبات، یان هەر شتێکی دیکەی بەردەست، تاکو هاوسەنگییەک چێبکات، یاخود ڕا دەکات و کەسێکی خۆی دەهێنێت کە وەک شەڕفرۆشەکە بەهێزە؛ گەر ئەوان تاقم بن، لەدژیان برا و ئامۆزا و پورزای خۆی دەهێنێت و هتد؛ هەروەها دەشێت چیدی بەو کۆڵانەدا نەڕوات تاکو خۆی لە گێچەڵ بەدوور بگرێت. جگە لەوە هەر لە ئاگایی پەیوەندییە سروشتییەکانەوە لە کوردەواریشدا دەگۆترێت: "خۆت لە شەڕی خۆتڕێن بەدوور بگرە" و زۆر چاک لەتەک ئامۆژگارییەکەی سونزیدا یەکدەگرێتەوە: "هەرگیز هێرش نەبەیت گەر جەخت نەبیت کە سەردەکەویت". کەواتە ئاشکرایە کە دەسەڵاتگەرایانی کورد پێکرا لە زارۆکییەوە هەقیقەتی شەڕ دەناسن.
بێگومان گەر کەسان هەبن و بیانەوێت بە هەر شێوەیەک خەبات بکەن، ئەوا ڕێگەی جیاوازیان لە بەردەمدایە: خەباتی ژێرزەمینی، چالاکیی کولتووری و زمانەوانی. ئەم جۆرە کەسانە ئاگامەندن، بەویژدانن، و ناویان دەنێین "سیاسەتیار". هاوکات کەسانی دیکە هەن و دەیانەوێت بە هەر نرخێک سیاسەت بکەن، چونکە پێی ڕاهاتوون و ناتوانن دابنیشن، چونکە بەهۆی سیاسەتەوە دەرکەوتوون و دەرکەوتنی پتریان گەرەکە، یان سەرۆکهۆزن و وەک کەسانی سوننەتی ناتوانن واز لە هۆزەکێتییان بهێنن (کوڕی باوکی خۆیانن)، بەوەش بەناچاری بە سیاسەتەوە دەئاڵێن؛ ئەمان ناودەنێین "سیاسەتباز"، کە بێگومان دوو جۆرن: سیاسەتبازی تەنراو بە هەست و سۆز لە لایەک، سیاسەتبازی ئاوەزمەند لە لایەکی دی. کاتێک دەشێت جۆری یەکەمیان کە بە هەست و سۆز تەنراوە، "کوێر" بێت و بەو هۆیەوە زوو تێبکەوێت یان لەناوبچێت، یاخود شەیدای ناوبانگی خۆی بێت و هەڵەشانە دەست بە شەڕی چەکداری بکات، بۆ ئەو مەبەستەش هانا بۆ هەر لایەنێک بەرێت بەبێ ئەوەی گرنگی بە ژیانی خەڵکی وڵاتەکەی بدات، ئەوا بە پێچەوانەوە ئەوی دووەمیان وەک سیاسەتبازی ئاوەزمەند (بەزۆریی لای هەندێک ئاغا یان زۆر سەرۆکهۆز) بوێریی بۆ هەندێک هەنگاو وەردەگرێت کە ڕەنگە لەنێو جڤاکەکەیدا بڤە بن.
ئاشکرایە ڕژێمی بەئس، بێگومان حکومەتە نێوەندییەکانی دیکەی پێش ئەویش، دەسەڵاتداریی دیکتاتۆرین، وەلێ ئەم ڕژێمە لەوان ڕێکخراوترە و سەرۆکێکی هەیە کە بە دەستی خۆی دیل دەکوژێت، تەنانەت کوڕە بێتاوانەکەی خۆی لە زارۆکییەوە فێری ئەشکەنجەدان و کوشتنی مرۆڤ دەکات، هاوکات سوپایەکی بەهێزی مۆدێرنیزەکراوی هەیە بە چەکی پێشکەوتووەوە. ئەوجا چەند ڕژێمێکی دراوسێی ڕژێمی ناوبراو هەن کە دوژمنی سەرسەختی کوردانی وڵاتی خۆیان و بەمەش هەموو کوردانن. ڕاستییەکەی ئەمە دیلێمایە بۆ هەردوو جۆرەکەی "سیاسەتباز" کە لەبەر ئەوەی ناتوانن دەستبەرداری سیاسەتکردن بن، هەروەها لەبەر ئەوەی کوردەکان بەگشتی لە ئاستێکی گەلێک نزمی کولتووری، زانستی و پیشەی دەستیدان (توانای دروستکردنی تفەنگیشیان وەک جاران نەماوە!)، ئەوا ناچارن بڕیار بۆ کارکردن لەتەک یەکێکیاندا بدەن: ڕژێمی وڵاتی خۆ یان دراوسێکانی. وەک گۆتمان لەم ڕەوشەدا سیاسەتیار خۆی مت دەکات، خۆهەستی پیاوانەی کوردیی (ئاخر ئێمە لێرەش لای جۆرێکی سوننەگەرایانین) ڕێی لێدەگرێت لەتەک دەسەڵاتدارانی بەغداددا کار بکات، ڕەنگە (پێکەوە لەتەک ژناندا) بۆ خەباتی ژێرزەمینی هەنگاو بنێت، هاوکات بە کاری فەرمانبەری، کاسپی، ژیان لە هەندەران و بە هەر کارێک لەوێ، گوزەرانی دابین بکات. وەلێ گەر چەند سیاسەتبازێک ئاوەزمەند بن، کەواتە کەسانی ئەوتۆ بن کە ناتوانن وەک پیاوانی دیکەی گەلەکەیان بژین، ئەویش چونکە سیاسەت بووە بە پیشەیان، ئەوا ئاشکرایە "سیاسەت وەک فەننی مومکین" دەیانبزوێنێت لە پێناوی گەلەکەیاندا لەتەک ڕژێمی ئێراقیدا (حکومەتەکانی ئێراقدا) کاربکەن کە هیچ نەبێت کورد بە گەل دادەنێت و مافی کولتووریی پێڕەوا دەبینێت، جا با وەک ناسیۆنالیست خەریکی بەبەئسیکردنی کوردەکان بێت پێکەوە لەتەک بەئەرەبیکردنی هەندێک ناوچەی تایبەتیدا کە بایەخی ئابوورییان هەیە. ئاخر وەک گۆتمان ئەوان وەک "ئێراقی" دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازین، ئەوان تەنیا ئۆتۆنۆمییان دەوێت، هاوکات دەزانن کە نفوزیان لە نفوزی پیاوەکانی مەجلیسی تەشریعی و تەنفیزی زۆرترە و بۆیە پتر لەوان دەتوانن فشار لەسەر خەڵکی "وڵاتیان" کەمبکەنەوە، بەڵی تەنانەت لەتەک ئەو پیاوانەدا یەکدەگرنەوە و یەکدی دەناسێنن، چونکە ئەوانیش کوردپەروەر و سیاسەتبازی ئاوەمەندن، لێرەشدا ئاشکرایە، گەر ڕژێمی بەئس بە شێوازی باوی خۆی ناڕاستەوخۆ (بە "زیلێکی شۆفێر نووستوو!"، "شێتێکی فیشەک لەدەست دەرچوو!" و هەر شێوازیكی دی) ئەم یان ئەویانی کوشت، ئەوا وەک خۆشەویستی خەڵک جیهان جێدەهێڵن.
سەرلەنوێ دووپاتی دەکەینەوە: ئێمە ئەم کارکردنەمان لەتەک حکومەتەکانی ئێراقدا وەک پێشمەرج دانەناوە، بەڵکو قووڵتر لەوە ئاماژەمان بۆ خەباتی ژێرزەمینی یان وازهێنان لە سیاسەت داوە، هاوکات دوو جۆری سیاسەتبازانمان هێناوەتە نێو دانوستانەکەوە و خستووماننەتە بەردەم ئەلتەرناتیڤ: کوردپەروەری یان عەمالەت. کەواتە ئێمە لێرەدا سەرلەنوێ بەر کرۆکی واژەی "کوردپەروەری" دەکەوینەوە کە وشەیەکی بنەڕەتییانەی فەرهەنگی کوردایەتییە. ئەمەش بەواتای، سیاسەتبازی ئاوەزمەند کە وەک کوردپەروەر تەنیا ئۆتۆنۆمیخوازە، کەواتە جەخت لە هاوڵاتێتیی ئێراقییانەی خۆی دەکات، لە بنەڕەتی سیاسەتەوە وەک فەننی مومکین لەتەک ڕژێمی ئێراقی کار دەکات و نایەوێت بە چەشنێک تێبکەوێت کە ئیدی لە سەرئەنجامدا بەناچاری ببێت بە عەمیل، هاوکات زۆر چاک دەتوانێت بە ئەرگومێنت بۆ خەڵکی وڵاتی خۆی ڕوونبکاتەوە کە هەنگاوی کارکردن لەتەک ڕژێمی وڵاتی خۆدا لە بەرژەوەندیی ئەواندایە. بەم شێوەیە سیاسەتبازان لە مەجلیسی تەشریعی و تەنفیزی، یان وەک وەزیر، لە وڵاتی خۆیان کار دەکەن جا گەر تەنانەت ئەو ئۆتۆنۆمییە کە دەیخوازن، بەلایانەوە کەم بێت. لێرەدا "سیاسەت وەک فەننی مومکین" کراوە بە بنەڕەت.
وەلێ گەر لە کەتواری کوردەکانەوە بڕوانین، دەبینین کە یاخیبوونەکان بەزۆریی سیاسەتبازانی نائاوەزمەند، واتا تەنراو بە هەست و سۆز، هەڵیانگیرساندوون و ڕێبەرییان کردوون بەبێ ئەوەی لە هیچ هەنگاوێکی سیاسییاندا تێگەی "کوردپەروەری" و ڕستەی "سیاسەت وەک فەننی مومکین"یان بەهەند وەرگرتبێت. با وەک نموونە دوو ڕوداو وەربگرین: ساڵی 1961 کوردەکانی ئێراق لە لایەن دەسەڵاتگەرایانی ئۆتۆنۆمیخوازەوە خلیسکێنرانە نێو ستاتۆی جەنگەوە، ئەوەش باشترین دەرفەت بوو بۆ شانشینیی ئێران کە خۆی لەو کوردە یاخیبووانە نزیکبخاتەوە و بە یارمەتیدانیان ئێراق بە کێشەی نێوخۆییەوە خەریک بکات (لێرەدا ناچینە نێو ئەگەری ئێرانی "بزوێنەر"ی شەڕەکەوە کە بەزۆریی لە تیۆریی پیلانگێڕییەوە نزیکە نەک لە کەتواری کوردەکانەوە). ئەنجامی ئەم شەڕە خوێناوییە ئاشبەتاڵ بوو (بە بڕێک دەستکەوتەوە لەسەر دەستکەوتی پێشووتری بەگەلناساندن و پتر دەرفەتدان بە پراکتیزەکردنی کولتووری خۆیی). ئەویدیکەیان، ساڵی 1976، کوێرانەتر، دەسەڵاتگەرایانەتر و هەوەسبازانەتر بوو لەوەی یەکەم، چونکە گەر یەکەمیان کە مارتین فان بریونیسن لەنێو چێوەی "یاخیبوونە جوتیارییەکان"دا دایدەنێت، درێژبوونەوەی ترادیسیۆنی باوی چەکداریانەی کوردی بووبێت کە بە وزە و چەندێتیی فرەی مرۆڤییەوە لەدژی حکومەتی هێشتا ڕێژەییانە لاوازی نێوەندی یاخی بوو (جا گەرچی زۆرینەی خەڵکی کورد پاسیڤ بوو)، بە پێچەوانەوە ئەوی دووەمیان بە تاقمتاقمێنە لە ئەوپەڕی لاوازی و کەمچەکییەوە دوای تێکشکان هەڵگیرسێنرا، بەرانبەر ئەوەش ڕژێمی ئێراقی زۆر لە جاران بەهێزتر و هاوکات هاڤرکێکەرێکی سەرسەختی ڕژێمی سوری بوو. تاقمەکان نەک هیچیان بە هیچ نەکرد، بەڵکو تەنانەت گوڕیان بە وێرانکردن و بەئەرەبیکردن و بەبەئسیکردن دا.
لێرەدا گەرەکە بپرسین: ئایا دەبێت ئەوە چیی دیکە بێت جگە لە سەرەڕۆیی و هەڵپەی دەسەڵات کاتێک سیاسەتبازانی تەنراو بە هەست و سۆز ڕژێمی سوری بە پشتیوانی شەڕی چەکدارییان دادەنێن؟ حافز ئەسەدی دوژمنی کوردان؟ ئاخر دەبێت لێرەدا، بە وەلاوەنانی ناکۆکییە نێو-سیستەمییەکانی ئەو دەمە و تەنیا بە ڕەچاوکردنی دۆخی کوردەکان، هەروەها بپرسین: ئایا لەبەر چە هۆیەک سەرۆکی دەوڵەتێک کە نەک تەنیا مافی کولتووری، بەڵکو تەنانەت مافی هاوڵاتیبوون بە کوردانی وڵاتەکەی خۆی ڕەوا نابینێت، پشتیوانیی تاقمێک یان چەند تاقمێک کورد دەکات بۆ ئەوەی لەدژی ڕژێمی بەئسی ئێراقی ڕابپەڕن؟ بە شەڕی چەکداری لە ناوچە شاخاوییە سەختەکانی کوردستاندا؟ ئێمە دەتوانین پێشبینی بکەین (تەنیا پێشبینی بکەین) کە بۆ ئەو، وەک هاڤرکێکەری سەرسەختی سەددام حسێن و ڕژێمەکەی، خوازراو بوو ئەو ڕژێمە لەنێو وڵاتەکەیدا بە شەڕەوە سەرقاڵ بکات، هەروەها دەتوانین پێشبینی بکەین، کە ئەو ژەنەراڵە "فێڵباز"ە ویستوویەتی "هاوکات" کوردستانەکەی نێو ئێراق کە تا ئەو دەمە تاکە ناوچەی یاخیبوونی کوردییانە بوو، بەوێرانکردن بدات. بەکورتی: دەبێت هەر هەنگاوێکی سیاسیانەی ئەو ژەنەراڵە سەرۆکەی دەوڵەتێک بخرێتە ژێر پرسیارەوە. بەڵێ زۆر چاک دەتوانین بپرسین: ئایا ئەوی سەربازی کە شارەزای جەنگ و پەیوەندییەکانی ناوچەکەیە، هاوکات بەئسی ئێراقی و سەددام چاک دەناسێت، ناشێت پێشبینیی کردبێت کە سەددام کوردستان وێران دەکات؟
کەچی (ئەوەش بەڕاستی سەیر نییە) سیاسەتبازانی تەنراو بە هەست و سۆز، هاوکات شەیدای دەسەڵات و دەرکەوتنی پتری کەسەکی، دەچنە پەیوەندییەوە لەتەک دوژمنی دوژمندا، نەیاری نەیاردا، ئەوە سەرباری چییەتیی ئاشکرای دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، لێرەشدا سەرجەم ژیانی بیۆلۆگی و جڤاکی و ئابووریی گەلەکەیان بە یەک جار دەخەنە نێو حەوزی پۆکەری سیاسییەوە: "سەرجەم دەستەکەیان دادەنێن". ئەم جۆرەی سیاسەتباز ئەوداڵی هاوسەنگییەکی دەسەڵاتە کە خۆی لە نێوەندیایەتی، کە ئیدی لای ئەو سیاسەت وەک فەننی مومکین واتای تایبەتی وەردەگرێت: "سیاسەت هەر هەنگاوێکە بۆ پاراستن یان پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆیی گەر ئەوە تەنانەت بە هەژارخستن و بەڕژاندانی خوێنی خەڵک بێت". ئەمە لە 1961 بەدوواوە تا ئەمڕۆ پەیڕەو دەکرێت. ئەمە چییەتیی کوردایەتیی ڕیالە: هینی هۆزەکی-گوندییانی تەنگ-ئاسۆ، یان پیاوانی هەستهەڵئاوساو و سەرسام بە بەدئاکاری خولەچەخماخەیی، یاخود ئەفەندییانی تەنراو بە هەست و سۆز کە سوننەتییانە لە کتێبەکانەوە زانیاری کۆدەکەنەوە. واژەکانی کورد، کوردستان، سۆسیالیزم، دێمۆکراتی، پێکڕا دەربڕینی رواڵەتین و سەر بە "قسەکردن"ی ڕۆژانەن، چونکە دەسەڵاتگەرایانی نائاوەزمەند، وەلێ فێڵباز (وەک خۆیان دەبێژن: "بە شەرفم زۆڵێکە نەبێتەوە!") ناتوانن بەئاشکرا ببێژن: "من بۆ بەرژەوەندیی سەرەکیی خۆم، بۆ ناوبانگم، لە مەیداندام و تا سەر دوا پنتی ڕووتێکردنم دەمێنێتەوە. هەموو شتێکی دی تەنیا لاوەکییە". ڕاستییەکەی ئەحمەد موختار جاف لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا بەڕوونی بینیبووی کە سیاسەت وەک فەننی مومکین چە واتایەکی لای سیاسەتبازانی وڵاتەکەی هەیە (بڕوانە "مەسەلەی ویژدان").
بەڵێ، گەر دەسەڵاتگەرایانی یاخیبوونەکەی 1961 کوردپەروەر بوونایە، گەر پابەندییان بە شای ئێرانەوە وەک مایەی هێزی سیاسی نەبینابایە، ئەوسا لە بنەمای "سیاسەتەوە وەک فەننی مومکین" ئۆتۆنۆمییەکەی ساڵی 1970-یان (یان هەروەها ساڵی 1974-یان) قبووڵ دەکرد و بەوەش بۆ خاتری خەڵکی کورد ڕێیان لە هەڵگیرسانی شەڕ دەگرت. هەموو تاقمەکانی دی بە هیچ شێوەیەک ساڵی 1976 دەستیان بە شەڕ نەدەکرد و بەو ڕێیەشەوە بەئاگا یان بێئاگا نەدەبوون بە خزمەتکاری ئاجێندای وڵاتانی دەرەکی. لێرەوە ئیدی دەتوانین پێشبینی بکەین، کە بەو هەڵوێستە پراگماتییەی سیاسەتبازان ئەو هەموو گوندە وێران نەدەکران و شارەکان بە ڕاگواستنی گوندنشینان لادێیزە نەدەکران، کەواتە کولتووری کشتیاریی کوردەواری تێکنەدەشکێنرا! دەشیا هەڵەبجە ژارباران نەکرایە! گەرمیان و ناوچەی دیکەی کوردستان ئەنفال نەکرانایە! ئەو هەموو گەنجە نەکوژرانایە و گەلێکی دی. ئەوجا بە داگیرکردنی کوێت لە لایەن ئێراقەوە هەلی گونجاو بۆ کوردەکان (قیناکە با ببێژین سیاسەتبازان) دەڕەخسا دەستی خۆیان لە ڕژێم بووەشێنن.

-1-3 یاخیبوونی ترادیسیۆنی

ئێمە گەرەکە لەنێو کوردایەتیی ڕیالدا ڕەچاوی دوو جۆر ڕێکخراو بکەین: ڕێکخراوی بنیاتنراو بە پێشنموونەی ئەوروپیانە و ترادیسیۆنی. لە جۆری یەکەمدا بەر شارنشینانی کوردایەتیچی، هەروەها گەنجانی ڕێکخراو دەکەوین کە سامانی مرۆڤییانەی شەڕن، هەروەها بڕوایان بە مەسەلەیەک هەیە و لە پێناویدا تێدەکۆشن. ڕاستییەکەی ئەمان بەهۆی دابڕاوییەوە لە گەلەکۆمێکەرانی سەرەوە، بەهۆی باڵادەستیی ناوبانگ و هەروەها نەبوونی هۆشێکی ڕەخنەییەوە، فریودراوانن یان خۆفریوداوانن، بۆیە سەخت تێکەوتوون. لە جۆری دووەمدا بەر هۆزەکێتی دەکەوین کە خۆی لە ترادیسیۆنەوە ڕێکخراوە، وەلێ ئەمیش خۆی بەسەر ڕێکخراوی تەکنیکیانە بنیاتنراوی شارنشینانەوە دەبینێتەوە.

1-1-3 خوێندەوار و سیاسەتبازی زانیاری کۆکەرەوە

ئێمە گەرەکە بۆ تێگەیشتنی ڕوونتر لە تێکەوتنی گەنجان نموونەی ڕیال وەربگرین.
کوڕێک، ناوەڕاستی دووەمی حەفتاکان، چەند ڕۆژێک هەڤاڵ و هاوڕێیەکی لە گەڕەک نابینێت، پاشان کتوپڕ هەڤاڵەکەی دەردەکەوێتەوە و پێی ڕادەگەیەنێت کە "لە سەرەوە بووە". کوڕە چاوانی دەگەشێنەوە و لێی دەپرسێت: "کاک نەوشیروانت بینی؟"، ئەویش وەڵام دەداتەوە: "ئەی چۆن، ڕۆژێک کاتم لەگەڵدا بەسەر برد". کوڕە بە پەرۆشەوە لێی دەپرسێت: "شێوەی چۆنە؟ دەڵێن زۆر زیرەکە!"، ئەویش وەڵامدەداتەوە: "پیاوێکی خڕیلە و قەڵەوی لووتپانە، تا بڵێیت زمانشیرینە، تێر نابیت لە موناقەشە لەگەڵی، ئەوەندە زیرەکە."
نموونەی دووەم نەبوونی ئاگایی ئاوەڵای ڕەخنەییمان لای گەنجان پێشان دەدات: لە ناوەڕاستی دووەمی حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا لە هەندەران گەلەکۆمەکێیەکی بە حساب خوێندکاری زیتدەکرێتەوە و ناوێکی پێدا هەڵدەواسرێت: "کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات"، کورتکراوە ئینگلیزییەکەی: ئەکسا. وەلێ لەم کۆمەڵەیەدا ڕەنگە لە دە کەس دووانیان خوێندکاری زانکۆ بووبن! ئەوانیدی پەنابەری بێکارە بوون، یان تاک و تەرایان دەورەیەکی پیشەیی دەبینی. گەر لای ئەو گەنجانە کەمترین ئاگایی ڕەخنەیی لەگۆڕێ بووایە، یەکسەر دەیانبینی کە کۆمەڵەکەیان گەلەکۆمەکێیە، کەواتە هیچ بنەڕەتێکی پیشەیی-خوێندکاریی نییە، هەروەها دەیانتوانی لۆگیکییانە دەربئەنجامێنن کە ئەو بەناو کۆمەڵەیە دەروێنەی گەلەکۆمەکێکەی نێو وڵاتە، کەواتە لەوێش گەلەکۆمەکێ-ڕێکخراو هەیە و بەو ڕێیەشەوە دەیانبینی کە پیاوانی درۆزن و دەسەڵاتگەرا بەسەر خەڵکەوە زیتبوونەتەوە، کەواتە وڵاتەکەیان خزێنراوەتە نێو دۆخێکی پڕمەترسییەوە.
ئەو نمونانە پێشانی دەدەن کە چۆن گەنجە ڕێکخراوەکان پێکڕا لە سەرەتاکانی کوردایەتیی ڕیالەوە دەبوون بە دەستکەلای خواستە دەسەڵاتگەراکانی پیاوانی خوێندەواری کوردایەتیچی و هۆزەکی-گوندییەکان. ئەوانیان نەدەناسی.
ئەوجا ئێمە لە پەیوەندییە نێو-بەرەییەکاندا بەر کێشەی کرۆکی دەکەوین: بەرانبەر هۆزەکێتیی ڕێکخراو کە سیاسیانە چالاک بووە و خۆی وەک ڕێکخراو بەسەر ڕێکخراوی گەنجانەی سیاسییەوە دەبینێتەوە، شۆڕشگێڕانی خاوەن ئێتیک (ئەخلاقناسی) لە گۆڕێ نین، بەڵکو خوێندەوارانی سۆزمەندی سیاسەتنەزان و عەسابەی خولەچەخماخەیی. کەواتە لەبەر ئەوەی شۆڕشگێڕێتی لەگۆڕێ نییە (گەرچی سەنگدەرپەڕیوان کردوویانە بە ویردی سەر زمانیان) کە بتوانێت لە سەردەمانی تەقییەوەی ناکۆکییەکاندا هۆزەکێتی بە کرداری سەربازی لەناوبەرێت یان لەدەسەڵات بخات، بەڵکو بە پێچەوانەوە سیاستبازانی تەنگ-ئاسۆ و سۆزمەند چە وەک خوێندەوار و چە وەک عەسابەی خولەچەخماخەیی لە مەیداندان، ئەوا کێشە تەقیوەکان چارەسەرنەکراو دەمێننەوە، ئەوەش هاوکات بەڵگەیە کە هیچ ناسیۆنالیزمێک لەو مەیدانە سیاسی-چەکدارییەدا لەگۆڕێ نییە: وەک بنەڕەت و دوا مەبەستی ڕووتێکراوی هەمووان – کەواتە وەک نێوەندی هاوبەشیان.
ئێمە دەبێت بۆ تێگەیشتن لەو بەدڕەوشە بگەڕێینەوە بۆ هەڵپەی کەسەکییانەی دەسەڵات، وەلێ جێی سەرنجە کە ئەوە مەدەنێتی و لێهاتوویی کەسی و ئۆتۆڕێتی (دەستڕۆیشتوویی ڕێزلێگیراو و بەوەش ناسێنراو) نین کە مۆتۆڕی هەنگاوەکان بن، بەڵکو لێرەدا زۆر بەتایبەتی بەر میللیبوون لە واتای فراوانیدا دەکەوین، لێرەشدا ئاشکرایە کە توخمێکی لادێییانەی لە خۆ گرتووە و لە ناخی خوێندەواران و عەسابەی خولەچەخماخەیی سیاسەتبازدا کارایە. زۆر لەم سیاستبازانە (ئەفەندییە سۆزمەندە گەلخوازەکانی لێدەربچێت کە زۆرینەیان لەناوچوون یان کەرامەتیان وازی لە سیاسەت پێهێنان) بە حوکمی میللیبوون ئافینێتییەکیان (پەیوەستییەکیان / هۆگرییەکیان) بۆ لادێییەتی و بەوەش بۆ هۆزەکێتی "بەگشتی" هەیە. لەم پەیوەندییەدا جێی سەرنجە کە پیاوانی کارەکتەر شاری، ئەفسەرانی خاوەن قودسییەت، بەڵێندەران و بازرگانانی تایبەت کە شاریانە ئاگاییان لە بواری ئابووری و ژیاندا بزواوە، "بێزیان نایەت" لە کوردایەتیچییان نزیکبکەونەوە – سووکن لەبەر چاویان.

-2-1-3 هۆزەکێتی وەک شەڕانیی خۆهێڵەرەوە

ئێمە پەیوەند بە ڕێکخراوی هۆزەکییەوە لە بەردەم پرسی "عەسەبییەت"داین (ئیبن خەلدون)، واتا هاوسۆزەکێتی، بە زمانی گشتی: رایەڵەی خوێن، کە لە هەر کردارێکی جڤاکی و جڤاکی-سیاسیدا ئەم بنەمایەی هەیە:
"من دژی براکەم، من و براکەم دژی ئامۆزاکەم، من و براکەم و ئامۆزاکەم دژی هەموو ئەوانیدی".
لە هۆشی سیاسەتبازی هۆزەکیدا "گەل" وەک تێگە (مەفهوم) چێنەبووە و چێنابێت، ئاخر گەر چێببێت، ئەوسا هۆز هەڵدەوەشێتەوە – ئەو خۆی هەڵیدەوەشێنێتەوە. بەڵێ تەنانەت "کوردستان"یش تێگە نییە، بەڵکو تەنیا وشەیەکی باوی ڕۆژانەیە. لە هۆشی کەسی هۆزەکیدا جڤاكێتی تەواوکراوە، ئەوجا گەر بەهۆی خشانییەوە لە سیاسەت و گروپی سیاسی ناچار بێت بۆ ئەوەی ناوی گەل بەرێت، ئەوا تەنیا مەبەستی لە کۆنگلۆمێراتە (تێکەڵە / خڕکردنەوە) و لە نێویدا هۆزەکان سەنتەری دەسەڵاتن. ئەو وەک هۆزەکی ناتوانێت وەک تاکێک، تەنیا کوڕی باوک و دایکێک، لە بەرژەوەندییەکی گشتی بهزرێت، ئەوجا تێبگات کە گەل، نیشتمان، کوردستان و هتد وشەی سەر کاغەز نین (گەرچی دەشێت ئەوەش بن)، بەڵکو تێگەی یەکانەیین و بە هزرین هەڵهێنجراون، ئەوجا لەبەر ئەوەی هەڵهێنجراوی کەسەکین، ئەوا ناخەکییانە کارا دەبن و کردارەکانی ئەو دیاری دەکەن، کە پاشان دەشێت نێوکۆییانە ببن بە ئامانجی سیاسی.
بۆ هۆزەکییان کە ئەڵقەی جڤاکی تەواوکراون، کەواتە کەسێتیی سەربەخۆیان نییە، جڤاکە تەواوکراوەکەیان پێشتریی لە هەر شتێکی دیکە هەیە، بۆیە بەتایبەتی لەو دۆخانەدا کە لێرەبوونیان (وجودیان) دەکەوێتە مەترسییەوە، لە هیچ هەنگاوێک ناسڵەمێنەوە و دەبن بە وەحشی: لە قۆنتەراتی سەربازییەوە بۆ بێگانان و هێنانیان بۆ نێو وڵاتی خۆ تا دەگات بە کوشتنی ئاشکرا و نائاشکرای هەر ناحەزێک، و زۆری دی. وەلێ ئەمە لەنێو سەرجەم پەیوەندییەکانی ئۆتۆنۆمیخوازیدا شەڕی خۆهێشتنەوەیە نەک خیانەت، بە پێچەوانەشەوە "لە گۆشەنیگای" شۆڕشگێڕییەوە، واتا خەباتەوە بۆ پەڕاندنەوەی فۆرماسیۆنی جڤاکی سەردەم بۆ فۆرماسیۆنێکی دیکە کە ئیدیۆلۆگییانە تەواوکراوە، دەبێت بە خیانەت. ئاخر شۆڕشگێڕان لە ڕوانگەی ئیدیۆلۆگییانەی خۆیانەوە جڤاکێکی دیکە دەکەن بە ئامانجی خەباتیان و لەنێویدا هۆزەکێتی جێی نابێتەوە، بەڵکو هەڵوەشێنراوەتەوە. بە شێوەیەکی دی ببێژین: سیاسەتبازانی خوێندەواری کۆنزەرڤاتیڤ و ئۆتۆنۆمیخواز مافیان نییە ئەو جۆرە پەرچەکردارانەی هۆزەکییان بە خیانەت یان جاشێتی ناوزەد بکەن، چونکە خۆیان پارێزەری پەیوەندییەکانی قەوارە کۆمەڵایەتی-کولتوورییەکەی سەردەمن.

        2-3 چوونەنێویەکی گەلەکۆمەکێی هاوبەرژەوەندییان و هۆزەکێتی

بەسەر ڕێکخراوی سیاسییەوە کە بە تەکنیکی ڕێکخراوەیی ئەوروپی بنیاتنراوە، دوو جۆر قەوارە زیتدەبنەوە: گەلەکۆمەکێی هاوبەرژەوەندییان و ڕێکخراوی ترادیسیۆنی-هۆزەکی. وەک گۆتمان، هۆزەکێتی مێژووییانە ڕێکخراوە، خۆی قەوارەیەکی بەرجەستەیە وەک بنەڕەتی شێوە دەسەڵاتداریی میرنشینی یان شانشینی، هەر بەم ڕێکخراوییەشی وەک سەری ڕێکخراوی سیاسیی نێو شارەکان وەردەگیرێت و ئەو خۆیشی هەر ئەوەی دەوێت. بێگومان خۆبەسەرکردن، وەلێ لە شێوەی گەلەکۆمەکێدا، سیاسەتبازانی خوێندەواری سەربەخۆ و خولەچەخماخەییش دەگرێتەوە. وەلێ لە هەردوو ڕووەوە گەنجانی ڕێکخراو دەستوێژی گەیشتنن بە خواستە دەسەڵاتگەراکانی ئەوان، لێرەشدا دەبێت نێوەندیارانی متمانەپێکراو لە سەرەوە بەرەو ژێر ببن بە پردێک ڕووەو گەنجانی "ڕاکێشراو" و ڕێکخراو. لێرەدا جێی سەرنجە کە لەنێو ئەم نێوەندیارانەدا لە ڕووی کەسێتییەوە بەدترین چالاکوانانی سیاسی هەن، ئەوجا گەر هەندێکیان پێش وەرگرتنی پێگەی نێوەندیار تەنانەت بەد نەبووبێتن، بە حوکمی پێگەکەیان و پەیوەندییەکان کە ئەوان خۆیان لە نێویاندا دەبیننەوە، ئەوهایان لێدەردەچێت، چونکە کاتێک لەو پێگە نێوانییەوە بەرەو ژێر دەسەڵات دەنوێنن و هاوکات بەرەو ژوور چاویان لە گەیشتنە بە پێگەی باڵاتر، ئیدی سووکە چێژی دەسەڵات نەوسی پتری دەسەڵاتیان لا دەوروژێنێت، بۆیە لێرە زۆرترین "کارەکتەری پاسکیلسوار" لەگۆڕێیە: ئەو کەسانە کە بەرەو ژێر پایدەر لێدەدەن و بەرەو ژوور چەماونەتەوە، واتا (لە ڕووی پسیکۆلۆگییەوە) "کەسێتییەکی پیس"یان هەیە بە گەلێک مۆرکی نێگەتیڤەوە، وەک: درۆزن، فریودەر، ماستاوچی، توانجهاوێژ، تەنانەت شەقهاوێژ لە کەسانی ژێر خۆیان و چەماوە بۆ کەسانی ژوور خۆیان (4). ئێمە ئەمڕۆ لە نزیکەوە و بەڕوونی رۆڵی ئەم "پاسکیلسوارانە" لە پاراستنی پەیوەندییە ستەمکارەکانی کوردایەتیی ڕیالدا دەبینین.
بێگومان ئێمە ناتوانین لەنێو گەلەکۆمەکێچییاندا ڕەچاوی ئەو هەموو ئەفەندییە پڕ هەست و سۆزە نەکەین کە بڕوایان وایە دەبێت "بۆ کورد و کوردستان" تێبکۆشن – و زۆریان لەناوچوون، وەلێ کەمیان مانەوە و وازیان هێنا. ئاخر ئەوە فاکتە کە لە نێویاندا سیاسەتیار و هونەرمەندان و نووسەرانی سوننەتی هەن، کەسانی دڵگەرم هەن کە چالاکیی سیاسیی باوکانیان لە ڕابوردوودا کاری تێکردوون و دەیانەوێت ڕێگەی باوکیان بگرنە بەر. ئەم جۆرە کەسانە لە کوردایەتیی ڕیالدا خوازراو نین، تەنانەت بێزراون، چونکە مایەی سەغڵەتین بۆ چەتە باڵادەستەکان، یان بۆ ئەو کەسانە کە بۆ مەبەستی لرفلێدان و گەیشتن بە پارەی مفت دەچنە نێو کوردایەتییەوە.
بنەڕەتێکی کوردایەتیی ڕیال ئەوەیە کە لە پێشمەرگایەتیدا ڕاستەوخۆ درێژە بە "چێژ" و "ڕەفتار"ی میللی دەدات، لێرەشدا هۆشسامیی ترادیسیۆنی بە "ئازایەتییە ناسێنراوەکانی جڤاکی جوتیاری" ("خولە کون لە جەرگیدا نییە"، "بە شەرەفم کردەیەکە نەبێتەوە" و گەلێکی دی) یەکسەر، لێنەهزریو، کارایی پراکتیکی وەردەگرێت. ئاشکرایە خولە چەخماخانی میللیی نێو شارەکان: پیاوانی سمێڵزلی جامەدانی قیت، سەنگدەرپەڕیو، باڵفشکردۆوە، کە بە هەڕەشەی زارەکی یان بە فڕێدانی فیشەک بۆ نێو حەوشەی ئەم یان ئەو ماڵی دەوڵەمەند گیرفانیان پڕ دەکەنەوە، یەکسەر لەتەک ئەو وێنەیەی پێشمەرگەدا یەکدەگرنەوە، چونکە چە وێنەکە و چە زەبر سەر بە چێژ و کارەکتەری خۆیانن. بەڵێ تەنانەت ئەم بیچمانە و ئەفەندییە میللییە سیاسەتبازەکان زۆر جار لە ژیانی ڕۆژانەی جڤاکییەوە یەکدییان ناسیوە (5)، هەندێکیان لە خوێندنی زانکۆیشدا هەر دەمانچەییەکانی جارانیان بوون، ئەوجا لەبەر ئەوەی خوێندەوارەکان ئەوها خولەچەخماخەییانە لە دەسەڵات تێدەگەن، ئەوا لەو کاتانەشدا کە لەدژی هۆزەکی-گوندییان دەچنە شەڕەوە، هێشتا هەر ئافینێتییەکەیان بۆ میللیبوون و بەسەر ئەویشدا بۆ هۆزەکێتی، پابەند دەیانهێڵێتەوە بە جۆری سیاسەتکردنی هۆزەکییانەوە. لێرەدا جێی سەرنجە ئەم لادێییەتییە بە ئافینێتییەوە بۆ هۆزەکی-گوندی دەشێت لە دۆخە کێشاوییە سیاسییەکاندا بە ڕادەیەک تەسلیم ببێت کە ئیدی ڕاستەوخۆ مۆدێلی بنیاتنانی دەسەڵات لە هۆزەکێتییەوە وەربگرێت، بۆ نموونە بەرژەوەندییەکانی گەلەکۆمەکێکەرانی سەرەوە پێویستی بکەن کە کوڕی دەسەڵاتدارێکی ناسراو بە سەرۆکی گرووپەکە دابنرێت. بێگومان لادێیەتییە خولەچەخماخەییەکە زۆر جار هەر لە سەرەتاوە وا دەکات کە گەلێک مەسئولی سیاسیی پێگە نزمتر کوڕی خۆیان لە کایەی جیاوازی سیاسی و سەربازیدا وەک دەسەڵاتدار بسەپێنن.

-3 جاشێتی وەک کوردپەروەری و وەک تاوانکاریی جەنگ

تەنیا بزاوتی ڕزگاریخواز یان خەباتگێڕ لە پێناوی گۆڕینی شێوازی دەسەڵاتداریدا، هەروەها تەنیا کەسانی شۆڕشگێڕ، گەلخواز، دەتوانن ڕەوایەتی بە خۆیان بدەن، هەر کەسان و گرووپێک، بە جاش ناوزەد بکەن کە پێچەوانەی خواستە دەوڵەتگەرییەکانی ئەوان کردار دەنوێنن، هەر لەم جۆرە تێڕوانینەشدا جاش واتای خائین وەردەگرێت. ئاخر ئەم ناوزەدکردنەی کەسان و گرووپان بە جاش دەستوێژێکە بۆ پێشاندانی مەرامە سیاسییەکانی گرووپەکە کە سەرەکیترینیان دامەزراندنی دەوڵەت یان گۆڕینی جۆری دەسەڵاتدارییە، هەر لێرەشەوە بزاوتەکە بەئاسانی ماف بە خۆی دەدات، ئەو کەس و گرووپانە کە لە گۆشەنیگای مەرامە سیاسییەکانی ئەوەوە خائینن، بە هەر شێوازێک لەناوبەرێت. وەلێ ئەمە بە هیچ شێوەیەک بزاوتی ئۆتۆنۆمیخواز ناگرێتەوە. هەردوو لا، یاخیبووانی نێو چیاکان کە ڕاستەوخۆ عەمیلی دەوڵەتانن یان بەهۆی تێکەوتنیانەوە ناچارەکییانە بوون بە عەمیل، هەروەها هاوکارانی دەسەڵاتی نێوەندی، هاوڵاتیی یەک دەوڵەتن و هەردوو لا جەخت لە هاوڵاتێتیی خۆیان دەکەن، هاوکات دەیانەوێت بەشدارییان لە دەسەڵاتی نێوەندیدا پێبکرێت. وەلێ جێی سەرنجە کە تەنیا هاوکارانی دەسەڵاتی نێوەندی ڕاستگۆیانە هەڵوێستیان دەردەخەن و وەک هاوڵاتی ئەرکی خۆیان بەجێدەگەیەنن. لەم ڕوانگەیەوە واژەی "جاش" هیچ بنەڕەتێکی نییە، بەڵکو تەنیا جنێوە، جنێویش دەستوێژی کەسانی سۆزمەندی هزرنەکردوو یان ئەو نەخۆشانەیە کە بە کیین تەنراون. جگە لەوە گەر مەسەلەکە لەو یاخیبوونانەدا چێکردنی هاوسەنگی بێت لەتەک ئەرەبەکاندا، ئەوا کاری بەو چەشنە بە هۆزەکیی ئەقڵ-سووک یان ئەقڵیەتی خولەچەخماخەیی ئەنجام نادرێت، بەڵکو تەنیا کولتووری شارییانەی تاکەکەس، مەدەنێتی، زمانی خۆیی و هزرینی لۆگیکی و هتد ئاستی نزمی کەسەکییانەی کوردەکان بەرزدەکەنەوە.
ئێمە دەبێت لەم پەیوەندییەدا هەنگاوێکی بوێرانە بنێین و بپرسین: ئایا کێ کوردپەروەرە، ئەو کەسانە کە گەنجانی کورد بەکوشت دەدەن و ئابوورییە بنەڕەتییەکەی کوردەواری کە کشتیاری و ئاژەڵدارییە، بە لەناوبردن دەدەن، یان ئەو هۆز و تیرانە کە دەیانەوێت کوڕانی خۆیان، کەواتە کوڕانی کورد، لە کوشتن و کوردستانیش لە وێرانکردن بپارێزن؟ با بۆ تێگەیشتن لەم پرسیارە دیدێک ئاڕاستەی کەتواری ئەمڕۆی کوردەکان بکەین. ئایا ئەمڕۆ چی گۆڕراوە؟ ئایا پێکڕای دەسەڵاتداران قایل نین بەوە کە کەرکوک گەرەکە سەر بە هەرێمی کوردستان نەبێت؟ ئایا هێشتا هەر چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردی لەو هەرێمە دانەبڕاون، بەڵێ تەنانەت تەئریب نەکراون؟ ئایا ئاشکراترین بەرهەمی قوماری سیاسی و سەربازیی عەمیلەکانی کوردایەتیی ڕیال دەستگرتن نەبوو بەسەر هەموو جومگەکانی ژیانی نێو هەرێمەکەدا (سیاسی، ئابووری، تەنانەت زانکۆکان)؟ ئەوە بێگومان تانەت دوای ئەوەی ڕژێمی بەئس تەپتەپێنی پێکردن و کونەمشکی لێکردن بە قەیسەری؟ گەر پاساوی ئەوە بهێنرێتەوە کە لە کوردستان شارێتی و بینای مۆدێرن تەنیونەتەوە، زانکۆی زۆر کراونەتەوە و ئاستی زانستی پێشکەتووە، هەروەها کورد حاکمی وڵاتی خۆیەتی، لە وەڵامدا دەبێژین: بونیادی هەموو شارەکان بەهۆی هەڵپەی بازرگانیی کوردایەتیچییانەوە شێواوە و فەزای ژیان لە نێویاندا تەنگبۆتەوە، هەروەها بینای نێو شار و گوندەکان بەگشتی نالەبار دروستکراون و هاوکات دژ بە سروشتن: دژ بە ژیانی مرۆڤن، چونکە لە دروستکردنیاندا بەزۆریی کەرەسەی چیمەنتۆ و بلۆکی چیمەنتۆ بەکارهێنراون، ئەم کەرەسەیەش زستانان ساردی و هاوینان گەرمی گلدەرەوەیە، بۆیە بە سروشتی ناوچەکە، بەمەش بە ژیانی مرۆڤانی ئەوێ ناگونجێت (گەرچی چیمەنتۆ لە هەندێک ڕووەوە زۆر سوودمەندە)، کە ئیدی مرۆڤ دەبێت بەردەوام پتر وزە بەکاربهێنێت تا ماڵەکەی گەرم یان فێنک دابهێنێت (کەواتە لە ڕووی ئیکۆنۆمیشەوە نەگونجاوە)؛ ئەوجا کاتێک لە سەردەمانی دەوڵەتی دیکتاتۆریی هێشتا کارای ئێراقدا پزیشک و ئەندازیارانی باش، مامۆستایان و تەکنیکییانی شارەزا و هتد هەڵدەکەوتن، ئەمڕۆ لە ئاستە گەلێک نزمە کولتوورییەکەی کوردایەتیی ڕیالەوە رواڵەتگەرییەک، کەواتە بێ-مەئریفەییەک، زانکۆکانی تەنیوە کە لە نێویاندا زانایانی باش زۆر دەگمەنن؛ پاشان کورد لە بنەڕەتدا حاکمی وڵاتی خۆی نییە، بەڵکو دەسەڵاتگەرایانی عەمیل دەستیان بەسەر ئەو هەرێمەدا گرتووە و تا ئەمڕۆ کەمترین دەسەڵاتداریی سەربەخۆیان لێنەبینراوە، بەڵکو تەنیا ستەمکارانە بەسەر خەڵکی بەردەوام کڕووزاوەی نەوسنەوە زیتبوونەتەوە. لە کۆتاییشدا گەر ئاماژە بۆ گەشەی ڕێژەییانەی ئاگایی و سەرهەڵدانی ئەدەب و هونەری باش بدرێت، ئەوا دەبێژین، کە ئەوان پێکڕا بناغەی دیکەیان هەیە، وەک: ئاشنایی بە کولتوورەکانی خۆرئاوا و گەشەی ئاگایی، ئاڵۆزتربوونی ژیانی کوردەکانی ئیڕاق، کە لای "هەندێک کەس" بوون بە پاڵهێزی هزرین یان کاری ئەدەبی و هونەریی باش - ئەمانە پەیوەندییان بە کوردایەتیی ڕیالەوە نییە.
وەلێ ئێمە هێندە ئاسان لە پرسی جاشێتی نابینەوە. ئێمە تەنیا سەرۆکهۆز و سەرۆکتیرەمان نییە کە ئاوەزمەندانە هەڵوێست وەردەگرن و بۆ پاراستنی هۆز و تیرەکانیان لەتەک حکومەتی نێوەندیدا کار دەکەن، بەڵکو موستەشارەکانی هەشتاکانمان هەن کە زۆریان لە ئەنفالدا بەشدارییان کرد. ئەمانە تاوانباری جەنگن.
سەرەتا پرسێک ئاشکرایە: گەر سیاسەتبازانی شەیدای دەسەڵات، گەر عەسابەی خولەچەخماخەیی و هۆزەکی-گوندی، ئەوجا لەپاڵیانەوە هەندێک سەرۆکچەتە، شەڕیان بۆ خاتری دەسەڵات و سامان هەڵنەگیرساندبایە، ناکۆکییە نێو-هۆزییەکان نەهێنرانایەتە نێو کوردایەتیی ڕیالەوە، ئەوسا ئەو هەموو سەرۆکهۆزانە نەیاندەدایە پاڵ حکومەتە نێوەندییەکان، یان پاڵ ڕژێمی بەئس، و ناچار نەدەبوون بچنە شەڕەوە لەدژیان. سەرانی کوردایەتیی ڕیال هۆی ئەو شەڕانە بوون. ئەوجا بە وێرانکردنی گوندەکان و ڕاگواستنی گوندنشینان بۆ نێو شارەکان کێشەیەک بۆ ئەو کەسانە هاتە ئاراوە کە پێشتر لە گوندەکانیاندا بە هەر جۆرێک قەوارەیەکی بچووک یان گەورەتری دەسەڵات بوون. کابرایەکی ڕاگوێزراو کە هەشت کوڕ، پێنج برا و چوار خوشک، شەست برازا و خوشکەزای هەیە و هتد، کوڕانی گوندەکە و دەوروبەریشی ڕێزی لێدەگرن، زۆر ئاسان دەتوانێت ڕێگەی دیکەی دەوڵەمەندبوون بگرێتە بەر، ئەوجا پرسی کەرامەتی مرۆڤ و عیززەتی نەفس لای ئەوی گوندی سروشتی و ئاکار فەرهودچی زۆر سنووردار کاران؛ ئەو ئێستا تەنیا کەسێکی لە ڕیشە هەڵکەنراوە و هاتووەتە نێو شاری ژیان ئاڵۆزترەوە. ئەم کەسانە ئاسان دەبن بە بازرگانی شەڕ، بەمەش ئاسان دەبن بە تاوانبار.
ئاشکرایە دەبێت موستەشاران وەک تاوانبار بە دادگە بدرێن، چونکە دەیانتوانی وازبهێنن، یان گەر بەو ڕێیەوە مەترسی لەسەر ژیانیان چێ ببووایە، ئەوسا دەیانتوانی بە خاووخێزانەوە هەڵبێن بۆ ئێران – وەک دەرهاویشتەی ویژدان و کەرامەتداری. وەلێ ئەوان ڕێگەی ملکەچییان بۆ فەرمانی دەوڵەت هەڵبژارد. سەرباری ئەوە دادبینییەک توندتر لە ئەوان سزای کوردایەتیچییان دەدات: وەک تاوانباری جەنگ، وەک عەمیلی دەوڵەتان، وەک سەبەبکاری ژاربارانی هەڵەبجە و ئەنفالی گەرمیان (و ناوچەی دیکە)، وەک سەرانەسەن لە گوندنشینان، کوشتنی ڕاستەوخۆی دیل و بێگوناهان، هەروەها دەستبردوو بۆ کەرامەتی کەیبانووانی گوندان. ڕەنگە هیچ دادگەیەک نەیتوانبایە سزای مەرگ بەسەر عودەی سەددام حسێندا بسەپێنێت، سەرباری ئەو هەموو تاوانە کە ئەنجامی دان، چونکە باوکی تاوانباری سەرەکی بوو کە کوڕە بێگوناهەکەی لە زارۆکییەوە فێری ئەشکەنجەدان و کوشتنی دیل کرد، تا پێی ڕاهات و بوو بەو تاوانبارە ناسراوە. ڕەنگە دادگەیەک حوکمی زیندانیی هەمیشەیی لە نەخۆشخانەیەکی پسیکۆیی بەسەردا بدایە. بەبێ هیچ گومانێک دادگەیەک حوکمی موستەشارانی تاوانبار و کوردایەتیچییان هەر ئەوها دەدات: سزای ئەوانەی یەکەم سووکتر دەبێت لە هینی ئەوانەی دووەم!

پەراوێز

ئێمە لە بواری کاری کولتووریدا دەتوانین تەریبێکی سەرنجڕاکێش بۆ خۆگەرایی پیاوی کورد لە کایەی سیاسەتدا ئاشکرا بکەین: هەر یەکەی دەزگاکانی پەخش و وەرگێڕان پەیڕەویی شێوەیەکی ڕێنوس دەکات و دەیەوێت ئەوەی خۆی "بسەپێنێت"، بەبێ ئەوەی بەرپرسانیان لە ئاگایی بەرژەوەندیی گشتییەوە پێکەوە دابنیشن و هەوڵی ڕێککەوتن لەسەر ڕێنووسێک بدەن کە بێگومان گەرچی چارەسەرێکی سەرجەمی نییە، وەلێ لەبەر ئەوەی بڕیاری چەند گرووپێکە، ئەوا هیچ نەبێت جۆرێکی خاڵبەندی و ڕێنوس لە نووسیندا دەکەن بە باو. لێرە "من خۆم" لە پێشینەی چالاکبوونی کولتووریدایە، هاوشێوەی پیاوەکانی نێو سیاسەت کە خۆیان و دەسەڵاتیان لە نێوەندی کردارەکانیاندا دادەنێن.
دەبێت "سەرۆک" یان "بەرپرسی یەکەم"ی پارتێک چەند نزم، بازاڕی، بێئۆتۆرێتی، کەواتە ناسەرۆک / ناسەرکردە بێت کە بە جنێوی دایک یاخود ژن "ئاوا و ئاوا"، یان بە وەشاندنی گۆچان، ڕەفتار لەتەک بەرپرسانی دیکەی پارتەکەیدا بنوێنێت؟
ڕۆژێک گەنجێکی دەرچووی بەشی کوردی کە لە سلێمانی کاری شۆفێریی دەکرد، هەڵیگرتم و پاشان وەک نەفەر لەگەڵیدا کەوتمە گفتوگۆ. کوڕە بۆی باس کردم: "مامۆستایەکمان، دکتۆر ...، ڕۆژێک پێی گۆتین: ئیدی پێویست ناکات کەس لەبارەی بێکەس (ناوی هەڵبەسڤانەکەمان بەئەنقەست گۆڕیوە) توێژینەوە بنووسێت، چونکە من هەموو کارەکانم بە توێژینەوەی دکتۆراکەم تەواو کردووە، کەواتە هیچ نەماوە لەبارەی بێکەس بگۆترێت".
لەم پەیوەندییەدا گەلێک جێی سەرنجە کە کاتێک مارکس ڕێزێکی زۆری بۆ بۆرژوایانی خاوەن فابریکە دادەنا (ئاخر بەرخەرانی ئەو سیستەمی سەرمایەگەرییە بوون کە مارکس پێکەوە لەتەک ئێنگلسی هەڤاڵ و هاوڕێیدا لە مانیفێستەکەیاندا بە هەلهەلە پێیدا هەڵدەدەن، ئەویش چونکە هێزی هەرگیز نەبینراوی مرۆڤییانەی "بەرداوە" / "ئازادکردووە")، ئەوا بە پێچەوانەوە بەڕێوەبەرانی (بە زمانی ئەمڕۆ: مێنێجەرانی) فابریکەکانی وەک مەترسی دەبینی، چونکە لە لایەک لە خزمەتی خاوەن فابریکەکاندا بوون و لە لایەکی دیکەوە خۆیان بەسەر پرۆلیتاریاوە دەبینییەوە.
نەوشیروان مستەفا لە نزیکەوە عوسەی ئامەی دەناسی، کە بە هیچ شێوەیەک تاکە نموونەیەک نییە، تەنانەت زۆر لە سەرانی "کۆمەڵە" سەر بە خوێندەوارانی خولەچەخماخەیی بوون. ئەمڕۆش لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی هەردوو پارتی دەسەڵاتداری "یەکێتی" و "پارتی"دا گەلێک عەسابەی خولەچەخماخەیی وەک ئەندام هەن.