شارپرێس:
ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی عیبری نهێنییەکی سەرنجڕاکێش لەبارەی ڕوداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو ئاشکرادەکاتو باس لەوەدەکات، کە گیانلەدەستدانی بەشێک لەهاوڵاتیانی مەدەنیی ئیسرائیلی لەئاهەنگێکی دەوروبەری غەززە لەو ڕۆژەدا، بەهۆی هێرشێکی هەڵەی هێلیکۆپتەرێکی جەنگیی ئیسرائیلییەوە بوە، نەوەک تەقەی چەکدارانی حەماس.
ڕۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی بەشێک لەلێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی ئیسرائیلی بڵاوکردەوەو تێیدا ئاشکرایکرد، کۆپتەرێکی سەربازی ئیسرائیل لە7ی ئۆکتۆبەر تەقەی لەژمارەیەک بەشداربوی ئاهەنگێک کردوە کە لەنزیک “ڕەعیم” لەسنوری کەرتی غەززە ڕێکخرابوو، لەکاتێکدا ئیسرائیل باسی لەوەدەکرد، سەرجەم ئەوکەسانەی لەئاهەنگە مۆسیقییەکەدا کوژراون لەسەر دەستی چەکدارانی حەماس کوژراون.
بەگوێرەی هارێتز، لێکۆڵینەوەکان لەدامەزراوەی ئەمنیی ئیسرائیلدا دەرکەوتوە کە چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس هیچ زانیارییەکی پێشوەختەیان لەسەر فێستیڤاڵی مۆسیقای نۆڤا نەبوە کاتێک دزەیانکردۆتە ناو ئیسرائیلەوە، بەڵکو بڕیاریانداوە بەشێوەیەکی خۆبەخۆ کۆنسێرتەکە بکەنە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆپتەرێکی شەڕکەری سوپای ئیسرائیل گەیشتۆتە شوێنی ڕوداوەکە لەبنکەی “ڕامەت داود”ەوەو تەقەی لەئەنجامدەرانی هێرشەکانی ئەوێ کردوەو بەهۆیەوە زۆرێک لەبەشداربوانی فێستیڤاڵەکەشی پێکاوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، بونی تەرمی سوتاو دەرەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی پۆلیس پشتڕاستدەکاتەوە، چونکە کەتیبەکانی قەسام چەکی سوتێنەریان نییە، هەربۆیەش دەرکەوتوە کە فڕۆکەکانی ئیسرائیل ئەوانە بون کە ئاهەنگگێڕەکانیان کوشتوە، بەوپێیەی ژمارەیەک فڕۆکەوانیش دانیان بەوەداناوە کە ڕەنگە ئیسرائیلییەکانیان بۆردومانکردبێت، چونکە نەیانزانیوو لەکوێو کێ بۆردوماندەکەن.
