شارپرێس:
مهسرور بارزانى لەچوارچێوەی پانێلی سێیەمی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتیو ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023) ڕایگهیاند، "دەستور بەو جۆرەی کە نوسراوە جێبەجێنەکراوە، ئەوەشی پەیوەندیی بەنەوتەوە هەیە دەستور بەو جۆرە جێبەجێنەکراوە کە نوسراوە"، دهشڵێت، "شۆڕشێکمان دەستپێکردوەو هەرێمی کوردستان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادەدەکەین".
مەسرور بارزانی لەچوارچێوەی پانێلی سێیەمی، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتیو ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023) لەگەڵ مریەم موشیری ڕۆژنامەنوسی بەناوبانگی BBC ڕایگهیاند، "لادانی محەممەد حەلبوسی لەپۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان قەیرانێکی نەخوازراو بوو".
وتیشى، "ئەو کێشەیەی پەیوەندیی بەهەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەوەی پەیوەندیی بەنەوتەوە هەیە، دەستور بەو جۆرە جێبەجێنەکراوە کە نوسراوە، کوردستان هەندێ مافی زۆر بنچینەیی هەیە لەنێو دەستورداو ئەو مافانە تائێستا جێبەجێنەکراون، بۆ نمونە مافی بەرهەمهێنانی نەوتو هەناردەکردنی نەوت، لهكاتێكدا ئەوەی پەیوەندیی بەهەرێمی کوردستانەوە هەیە، هەموو پابەندییەکانی جێبەجێکردوە".
بارزانى ئهوهشى ڕونكردهوه، "نابێت هاوڵاتی وا سەیری حکومەت بکات کە تەنها هەلی کار بڕەخسێنێت، ئێمه شۆڕشێکمان دەستپێکردوەو هەرێمی کوردستان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە دەکەین".
سهبارهت بهجهنگى غهززهو ئیسرائیلیش سهرۆكى حكومهت وتى، "بەدڵنیاییەوە ئێمە وەکو گەلێک زۆر شەڕمان بینیوەو دەزانین چەند خراپو وێرانکەرە، با لەوە دەستپێبکەم کە ئێمە دژی شەڕینو نابێت بۆ چارەسەرکردنی كێشەکان بەکاربهێندرێت، ئەگەر ئێمە سەیری دۆخی غەززە بکەین، ئەو خەڵکەی لەوێن، ئێستا دۆخیان خۆشترە یان پێش 7ـی ئۆکتۆبەر؟ پێموابێت وەڵامەکەی زۆر ڕونە، خەڵکی سڤیلو بێتاوان باجێکی زۆر قورس دەدەن، ئێمە سەرکۆنەی شەڕەکەو هێرشکردنەسەر خەڵکی سڤیل دەکەین، پێمانوایە دەبێت چارەسەرێکی ئاشتییانە هەبێت بۆ هەر ململانێیەک کە ئێستا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە".
سهبارهت بهكاریگهریهكانیشى لهسهر عێراق بارزانى جهختیكردهوه، "پێموایە باشترین شت عێراق دەتوانێت بیکات، ئەوەیە کە خۆی دوربخاتەوە لەم ململانێیە، عێراق بەشی خۆی کێشەی هەیە، ئەگەر ڕێگەیەک هەبێت هاوکاری مرۆیی بگەیەنێت، ئەمە شتێکی باشە، ئێمە لەحکومەتی هەرێم هەوڵمانداوە لەڕێگەی دەزگای خێرخوازییەوە هاوکاری مرۆیی بگەیەنینە ئەو خەڵکەی پێویستییان پێیەتی، بەڵام بەداخەوە تائێستا هیچ دەرفەتێک نەبوە ئەم هاوکارییانە بگەن".
بارزانى باسى دورخستنهوهى حهلبوسى كردو وتى، "پێموابێت کاتی (دورخرانەوەی حەلبوسی) هەڵەبوو، من باسی بڕیارەکە ناکەم، بەڵام کاتەکە باش نەبوو بۆ عێراق، چونکە زۆر کێشەی جیاوازمان هەیە، ئێستا هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوبەڕوی ئەم قەیرانە بۆتەوەو کێشەی دیکەمان هەیە کە دەبێت چارەسەریان بکەین، ئەمە قەیرانو کێشەیەکی نەخوازراو بوو نەدەبوو ڕوبدات".
ئهوهشى وت، "ئەگەر ڕێگەیەک هەبوایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، دەبوایە بەشێوازی جیاواز ئەم کێشەیە چارەسەرکرابایە، دەبوایە پەرلەمان ئاگادارکرابایەوەو دەبوایە پەرلەمان خۆی بڕیارەکە بدات، بەڵام دادگایەکت هەبێت لەسەروی هەمویانەوە بڕیاری تاکلایەنانە بدات، بەبێ بیرکردنەوە لەدەرئەنجامەکەی کە دەبێت چۆن بێت، دۆخەکە بەگشتی لەعێراق هاوکارنییە، جارێکی دیکە دوبارەی دەکەمەوە، ئەمە کێشەیەکە جارێکی دیکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرەنسیپە سەرەکییەکانی هاوبەشی لەعێراقدا، عێراق چەند پێکهاتەیەکی تێدایە، سوننە یەکێکن لەو پێکهاتانەو دەبێت ڕێز لەوانو لەنوێنەرەکانیشیان بگیرێت، ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک بکرێت، دەبێت قبوڵکراوبێت لەلایەن حکومەتو ئەو پێکهاتەش".