کورد – مقاشی دەستی بێگانە: هێنری کیسنجەر لەتەمەنی سەد ساڵیدا دواکۆچی کرد

مەلەفی تایبەت

30/11/2023‌ 1732 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دکتۆر ڕێبوار فەتاح

لە باشور لە کۆتایی هەشتاکاندا، ڕژێمی عێراق هێز و حزبی چەکداری کوردی تەفروتونا کرد و بە کونوکەلەبەری دنیادا پەرتی کردن. ئامانجی خەباتی دوورودرێژی شەڕی پارتی، یەکێتی و هەموو ئەوانی دیکە لەگەڵ ڕژێمدا لە ١٩٦١ەوە تا ١٩٩١ بە رۆشنی دیاری نەکرابوو. لە قۆناغێکدا کورد داوای ئۆتۆنۆمی کردووە. ئەمە سیستمێکی حوکمڕانی دیاریکراو نیە، پێویستە ناوەرۆکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە چێوەی عێراقدا پێ بدرێ. لە ١٩٩٢دا حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای خۆی گۆڕی بۆئەوەی ببێ بە هەرێمێك لە عێراقی فیدڕاڵ. پەڕلەمانی کوردستان یان حزبەکان هەرگیز نەیانتوانی ناوەرۆکی ئەم سیستمی حوکمڕانیە بخەنە سەر کاغەز. هەڵبەت هەرچ قانونێك دەسەڵاتی خێڵی سەپاندبێ و کردبیەتی بە واقع، دەریان کردووە. دواتر لە ٢٠٠٥دا، دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام، دەستوری عێراق سیستمی حوکمی عیراقی پێناسە کرد. لەمیشدا، دیاریکردنی دەسەڵاتی هەرێم و فیدڕاڵ رۆشن نەبوو.

لە ١٩٦٢دا شای ئێران فەرمان دەدات بە دەستگای هەوڵگری ساواك، هاوکاری خەباتی چەکداری مستەفا بەرزانی بکەن بۆ لەقکردنی ڕژێمی بەغداد. لە ١٩٦٤ەوە ئیسرائیلیش، لە ترسی بەهێزبوونی عێراق، بەشداری ئێرانی کرد. ئامانجی هاوپەیمانی ئێران و ئیسرائیل ئاشکرا بوو: هەتا کورد لە شەڕدا بێ لەگەڵ بەغداددا، بەرژەوەندی و خواستی ئێران لە کەنداوی فارسدا لە مەترسیدا نابێ و ئیسرئیلیش دەپارێزرێ لە سەرهەڵدانی عێراقێکی بەهێز. هەرواش دەرچوو. لە پالاماری پان-عەرەب دژی ئیسرائیل لە ١٩٦٧دا، دواتریش لە ١٩٧٣دا، عێراق نەیتوانی کاریگەرانە بەشداری جەنگ ببێ. لە سەدا ٨٠ هێزی سەربازی عێراق، سەرقاڵی کورد بوو. سەرکردایەتی پارتی خوێنی کوردی دەڕشت بۆ پارێزگاری ئیسرائیل و ئێران.

ئەمەریکا درەنگ هاتە ڕیزی هاوپەیمانی دژ بە عێراق، لە نێوەندی ١٩٦٠ەکانەوە بڕیار دارابوو، دەستوەرنەدەن لە کاروباری ناوخۆی عێراق. لە ١٩٦٨دا، کە ڕژێمی بەعس بە کودێتا حوکمیان گرتە دەست، ئەم سیاسەتە لەق بوو. کە تەمەنی حوکمڕانی بە ئاستەم دوو ساڵ بوو، بەعس لەگەڵ کورددا لە ١٩٧٠دا لەسەر ئۆتۆنۆمی ڕێککەوت، بەڵام جێبەجێکردنی پڕۆگرامەکە بۆ ١٩٧٤ دواخرا. ئەمەش، ساویلکەیی سەرکردایەتی کورد نیشان دەدات. دەنا ئاشکرا بوو، بەعس ئەو چوار ساڵەی پێویست بوو بۆ قایمکردنی پێگەی ناوخۆ و نێودەوڵەتی خۆی. هەر واش بوو. لە دێسەمبەری ١٩٧١دا، عێراق پەیمانی چەك کڕینی لەگەڵ سۆڤیەتدا واژو کرد و دواتر لە ئەیپڕلی ١٩٧٢دا پەیماننامەی دۆستایەتی. ئەمەریکا نزیكبوونەوەی عێراق و سۆڤیەتی بە مەترسی زانی و بڕیاری دا هاوکاری کورد بکات بۆ لەقکردنی بەغداددا. لە ئۆگەستی ١٩٧٢ەوە بۆ ١٩٧٤ ئیدارەی نیکسۆن بەردەوام لەگەڵ ئێران، ئیسرائیل و سەرکردایەتی بەرزانیدا کۆدەبووەوە بە ئامانجی ئامادەکردنی کورد بۆ جەنگی چاوەنواڕکراو لەگەڵ عێراقدا. لە ١٩٧٤دا شەڕی کورد و بەغداد دەستیپێ  کردەوە. بەرزانی دەگاتە تاران و لەگەل شای ئێران و کارمەندانی سی ئای ئەی کۆدەبێتەوە. ئەمەریکا هاوکار دەبێ؛ بەهای ٩٠٠ هەزار پاوەند چەکی سۆڤیەت – لە بازاڕی ڕەش دەکڕێ، دەدات بە کورد و بڕی یەك ملیار دۆلار تەرخان دەکات بۆ کاروباری ئاوارەبوون.

گفتوگۆی چڕ لەنێوخۆی ئیدارەی ئەمەریکیدا دەکرێ لەسەر جۆر و ئامانجی ئەم پەیوەندیە. لە ئەنجامدا ئەمەریکا سێ خاڵ لەبەرچاو دەگرێ: (١) هاوکاری کورد دەکات تا بنەمایەکی باشی هەبێ بۆ بەدەستخستنی مافی لەلایەن حکومەتی بەغدادەوە؛ (٢) حکومەتی ئێستای عێراق سەرقاڵ بکات، بەڵام (٣) عێراق بۆ هەمیشە دابەش نەکرێ چونکە ناوچەیەکی کوردی سەربەخۆ لەڕووی ئابوورییەوە کاریگەری نابێ و ئەمریکا و ئێران لە بەرژەوەندیان نیە دەرك لە پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ عێراقێکی ژێر سەرکردایەتی میانڕەودا دابخەن.

هەرچەند ئەمەریکا و ئیسرائیل نەیاندەویست بزوتنەوەی چەکداری کورد شەڕ ڕابگرێ، لە بەرژەوەندیان بوو عێراق سەرقاڵ بێ ، بەڵام پێدەچێ شای ئێران، ئامانجی ستراتیجی خۆی پێکابێ و ئیدی کاری بە سەرئێشەی کوردەوە نەمابێ. ڕەنگە لەوەش ترسابێ، کە خەباتی کوردی باشور، کاریگەر بێ لە هەڵسانەوەی کوردی ڕۆژهەڵات و نائارامی ئێران. لە فەبیریوەری ١٩٧٥دا لە زیورخ، شای ئێران لەگەڵ هێنری کیسنجەر، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سەرۆك کۆماری ئەمەریکا نیکسۆن، کۆدەبێتەوە، پێی دەڵێ، کورد تێکشکاون و لە کۆبوونەوەی ئۆپیکدا لە جەزائر، ئەم لەگەڵ سەدام کۆدەبیتەوە.

ڕێکەوتننامەی جەزائر لە نێوان عێراق و ئێراندا – سەدام و شا، لە جەزائر بە ناوبژی سەرۆك کۆمار هواری بەمدین بەسترا. بەندێکی گرنگی دیاریکردنی سنوری ئەو دوو وڵاتە بوو، بەپێی پڕۆتۆکۆلی قوستەنتەنیەی ١٩١٣ و کۆنووسی کۆبوونەوەکانی لە ١٩١٤، نەك ئەوی لە ١٩٣٧دا بەریتانیا واژوی کردبوو. ئەمەش لە بەرژەوەندی ئێران دەشکایەوە. لە بەرامبەردا، شای ئێران قایل بوو بە کشانەوەی هاوکاری لە بزوتنەوەی چەکداری مستەفا بەرزانی. هەر لەگەڵ ڕێککەوتننامەکە واژو کرا، چەك دانرا و میدیای ئێران لە زاری سەرۆکی پارتیەوە نووسی، کاری من تەواو بوو! دەیان هەزار کورد ئاوارە بوون دوورخرانەوە. ئیدی کورد هەرگیز خۆی نەگرتەوە. دوی تێکشکان بەعس کوردستانی کاولکرد و سەدان هەزار کوردی کوشت بە جەنەساید، جەنگ و هەڵواسین. هەزاران گوندیشی خاپور کرد و دانیشتوانی خستە کۆمەڵگەی زۆرەملیەوە. دەبوو هەر ئەودەم، هەموو سەرکردایەتی بزوتنەوەی چەکدار لەبەردەم دادگای مێژوودا لە قەفەزی تاوان بئاخنرایە، نەك دواتر وەك سەرکردە بگەڕێنەوە.

لە ڕێکەوتنی ١٩٧٥ی جەزائر، ناوی کورد لە کولەکەی تەڕیشدا نەبوو، تەنیا مقاشێك بوو: ئێران، ئیسرائیل و ئەمەریکا پشکۆیان پێ دەگرت. هەڵبەت ڕێککەوتن، هەم گوزارشت بوو لە بەفیڕۆچوونی دەریایەك خوێنی کورد، هەم هاڕەی خەباتی چەك و هیوای کورد بوو. دەبووایە دوای ئەم شکستە گەورەیە، کوردی هیچ لایەك جارێکی دیکە بەلای چەکدا نەچووبا. کەچی ساڵێکی نەبرد، لەژێر چاودێری ڕژێمی سوریادا، یەکێتی نیشتمانی دامەزرا و دەستی دایەوە چەك. ئەمجارەیان، کورد بوو بە بەشێك لە کێشەی بەعسی عێراق و سوریا. ئەمیش نزیکە دیەیەکی دواتر، بە هەمان دەردی بزوتنەوەی چەکی مستەفا بەرزانی چوو.