شارپرێس:
لە چەند رۆژی رابردوودا هەموان بینەری ئەو دیمەنانەبوین كە هێزەكانی ئەمریكا لە بەرامبەر هێرشی چەند بارەی سەر بنكەو بارەگانیان، هێرشێكی توندیان كردە سەر بەشێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی و گروپەكانی نزیك لە ئێران لە ناو خاكی عێراق و سوریا.
لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام و ناوبەناو هێرشەكانی سەر بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا ئەنجامدراون و گروپەكانی نزیك لە ئێران و لە ناویشیاندا بەشێك لە گروپەكانی حەشدی شەعبی بەپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەكان ڕاگەیاندووە.
لەبەرامبەر هەر یەكێك لەو هێرشانەدا ئەمریكا یان بێدەنگی هەڵبژاردووە یان كاردانەوەو و پەرچەكردارێكی كەمی نواندووە تەنها بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ئاگاداری هێرشەكەبووەو دەزانێت كێ ئەنجامی داوە، بەڵام ئەمجار و دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو چەند جارێك و لە چەند شوێنێك هێرشكرایە سەر سەربازانی ئەمریكا و هاوپەیمانان و بەرپرسانی باڵای سیاسی و حكومیی عێراقیش بەشێكیان پشتیوانی هێرشەكانیان كرد، ئیدی ئەمریكا ئەوەی بۆ روون بووەوە كە دەبێت وەڵامی توندی هەبێت و بە شێوەی جارانی تر بێوەڵام نەمێنێتەوە هەر بۆیە پەلاماری چەند بنكەیەكی حەشدی شەعبی و گروپەكانی نزیك لەئێرانی داو بە توندی بۆردومانی كردن و لە سوریاش دەستی لێ نەپاراستن.
لەبەرامبەر ئەم هێرشانەدا بەرپرسانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی نزیك لە ئێران زۆر توڕەبوون و هەڕەشەی تۆڵەی توندیان لە ئەمریكا كرد و گروپە سیاسیەكانیشیان داوای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكایان لە عێراق كرد تا كار گەیشتە ئەوەی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وتی هێزەكانی ئەمریكا بۆ شەڕفرۆشتن بە عێراقیەكان لێرەن و دەبێت دەربكرێن.
بە پێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی دەست شارپرێس كەوتوون لە سێ رۆژی رابردوودا شاندێكی باڵای حەشدی شەعبی كە بەرپرسانی باڵای تێدایە سەردانی وڵاتی ڕوسیایان كردووە بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانی سەربازی و پێدانی هاوكاری چەك و تەقەمەنی بۆ ڕوبەڕووبونەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.
زانیارییەكانی شارپرێس باس لەوە دەكەن كە سەردانی شاندەكەی حەشدی شەعبی بە ئاگاداری ئێرانییەكان بووەو هەر لە یەكەم ساتی سەردانەكەشەوە ئەمریكا بە سەردانەكەی زانیوەو زۆر بە وردی چاودێری دۆخەكە دەكات و پلانی خۆی دادەڕێژیت بۆ هەرچی زوە وەڵامدانەوەی هەر هەنگاوێك كە ڕوسیا لەڕێگەی ئەو گروپانەوە بیگرێتە بەر.
ئەم هەوڵەی حەشدی شەعبی و گروپەكانی نزیك لە ئێران ئاماژەی ڕونن بۆ ئەوەی كە داهاتویەكی ئاگراوی چاوەرَِێی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات و گروپەكانی دژ بە ئەمریكا بێدەنگ دانانیشن و مەبەستیانە بە جدی ئازاری بەرژەوەندییە سەربازی و ئابوریەكانی ئەمریكا لەعێراق بدەن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار و تایبەت بە شارپرێسی راگەیاند كە شاندەكەی حەشدی شەعبی و ڕوسیا گەشتونەتە ڕێككەوتن و ڕوسیا بەڵێنی هاوكاری بە گروپەكانی نزیك لەئێران داوە بۆ لێدان لە ئەمریكا و سەربازگەكانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان و عێراق و سوریا.
لەم چوارچێوەیەشدا هێزەكانی هەرێمی كوردستان بە پێی ئەو دابەشكاریە هەرێمایەتیەی هەیانەو لە ساڵانی رابردوودا هەریەكەیان سیاسەت و ئەجێندای وڵاتێكی هەرێمی جێەبەجێكردووە، ئەگەر راستەوخۆش نەبنە بەشێك لە شەڕەكە، ناشتوانن خۆیان بە دور بگرن لە زیانەكانی شەڕەكەو پریشكی بەر هەرێمی كوردستانیش دەكەوێت بە بۆنەی سیاسەتی ئەوان و وڵاتە هەرێمایەتیەكانەوە كە ئەوان جێبەجێی دەكەن.
بە پێی شرۆڤەی پسپۆرانی سەربازیی بێت، عێراق لە بەردەم ئاگرێكی چاوەڕوانكراودایەو ئەمریكا و روسیا بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكانیان خاكی عێراق دەكەنە گۆڕەپانی جەنگ و دور نییە كارەساتێكی گەورەیی مرۆیی ساز نەكەن لەڕێگەی گروپەكانیانەوە كە شەڕی بە وەكالەتیان بۆ دەكەن.