نهێنی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر چی بوو؟

ڕاپۆرت

10/01/2024‌ 2597 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 
وادیارە فشارەكانی سەر هەرێمی كوردستان وایكردووە بەرپرسانی هەرێم بیر لەوە بكەنەوە هانا بۆ ئێران ببەن بۆ كەمكردنەوەی فشارەكان، ئەوەش دوای سەردانێكی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم بۆ كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر.

ڕۆژنامەی العرب لە ڕاپۆرتێكدا باسی لەوەكردووە، سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر لەگەڵ ئەوەی بۆ گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی هەرێم بووە بۆ ڕووداوی تەقینەوەكەی كرمان، بەڵام بەدەر نەبووە لە پەیامی سیاسیش، كە ناوەڕۆكی پەیامەكە وەك ئەوەی ڕۆژنامەی العرب دەڵێت، داواكردنە لە ئێران بۆ ئەوەی فشاری سەر هەرێمی كوردستان كەمبكرێتەوە، كە میلیشیا شیعەكانی نزیك لە تاران دروستیانكردووە.

لەسەر ئاستی بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان جگە لە نێچیرڤان بارزانی، هیچ بەرپرسێكی باڵای دیكە سەردانی كونسوڵخانەی ئێرانی نەكردووە، ئەوەش نیشانیدەدات نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ڕۆڵی هەبێت لە كەمكردنەوەی هێرشی میلیشیاكان بۆسەر هەرێم.

لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان بەو ناوچەیە دادەنرێت كە هاوپەیمانی ئەمریكایە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی لە كونسوڵخانەی ئێرانەوە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئێران دراوسێیەكی گرنگی هەرێمی كوردستانە، ئێمە وەك هەرێم هەمیشە خواستی پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ ئێران هەبووە.

ڕۆژنامەی العرب دەڵێت، دیوی پشتەوەی ئەو قسانەی نێچیرڤان بارزانی داواكارییە لە ئێران بۆ ئەوەی، حزبە شیعە حاكمەكانی بەغدا قایل بكات فشارە داراییەكانیان لەسەر هەرێم كەمبكەنەوە، جگە لەوەش میلیشیاكان ناچار بكات هێرشە موشەكی و درۆنییەكانیان بۆسەر هەرێم ڕابگرن.

بۆ هەرێمی كوردستان جگە لە هێرشەكانی سەر هەرێم، پرسی نەناردنی موچەی فەرمانبەران بووەتە گرفتی سەرەكی، وەك سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، هەرچەندە پشكی هەرێم لە بودجە لە بەغدایە، بەڵام خەرجكردنەكەی لە تارانەوەیە، ئەوەش ئاماژەیەكی ڕوونە بۆئەوەی نێچیرڤان بارزانی وا لە بەرپرسانی ئێران بكات، بەغدا كۆتایی بە نە ناردنی پشكی هەرێم لە بودجە بهێنێت.

چاودێرانی سیاسی بۆچوونیان وایە، ئەگەر ئێران هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بۆ كەمكردنەوەی فشارە داراییەكانی سەری، ئەوا بێبەرامبەر ئەو كارە ناكات، بەڵكو گرنگترین دۆسیە كە لەبەردەست ئێراندایە و دەیەوێت كورد ڕۆڵی تیایدا هەبێت، دەركردنی هێزەكانی ئەمریكایە لە عێراق، كە كورد لەگەڵیدا نییە و لەپەرلەمانیش دەنگی پێنەداوە.

پرسیارەكە ئەوەیە، ئاخۆ ئەگەر ئێران خواستی چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی هەولێر و بەغدای هەبێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، ئامادەیە لەبەرامبەردا گڵۆپی سەوز بۆ چونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە هەرێم هەڵبكات؟ یان مەسعود بارزانی، وەك سەرۆكی پارتی كە لەدواین كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێڕاق و سوریا كە وتی لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی ئەمریكادایە لە عێراق، نابێتە بەربەست لەبەردەم دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و هەرێم؟