شارپرێس:
توێژینەوەیەکی نوێی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە لەسەر شێرپەنجە ئاماژەی بەوەکردوە، وازهێنان لەخواردنەوەی کحول مەترسیی توشبون بە 5 جۆر شێرپەنجە کەمدەکاتەوە.
بەگوێرهى هەواڵێکی ماڵپەڕی Medical News Today , ئەم شێرپەنجانە بریتین لە: شێرپەنجەی دەم، قوڕگ، سورێنچک، قۆڵۆنو کۆم، هەروەها شێرپەنجەی مەمک لەمێینەکاندا.
توێژەران داتای زیاتر لە 90 توێژینەوەیان لەسەر شێرپەنجە کە بەهۆی کحولو وەستاندنی خواردنەوە دروستدەبێت، پشکنیوە.
توێژینەوەکە دەریخستوە وازهێنان لەخواردنەوە کحولییەکان پەیوەستە بەپێچەوانەبونەوەی سێ ڕێڕەوی میکانیکی، یەکەمیان بریتییە لەمیتابۆلیزمی ئەسیتالدەهید، کە دەبێتە هۆی دروستبونی وەرەم لەکۆئەندامی هەرسکردنی سەرەوەو هاوشێوەی مادەیەکە کە لەمۆمیاکردنی تەرمی مردوەکاندا بەکاردێت، دوەمیان ژەهراویبونی بۆماوەییە یان تێکچونی DNAو سێیەمیان سیستەمی بەرگرییو هەوکردنە.
توێژینەوەکە هۆشداریداوە کە بەرکەوتنی بەردەوام بەدرێژایی ساڵان بەئاستێکی بەرزی بەکحول دەبێتە هۆی تێکچونی DNA و دەرکەوتنی خانە شێرپەنجە گۆڕاوەکان.
توێژەران دەڵێن:"بەردەوامبون لەخۆبهدورگرتن لەکحول تاکە ڕێگهیە بۆ بینینی کاریگەرییە ئەرێنییە درێژخایەنە تەندروستییەکان".
دەرەنجامەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، خواردنەوەی کحول پەیوەستە بەنەخۆشییەکانی دڵو سوڕی خوێنو زیادبونی کێشو کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەندروستی مێشکو خەوتن، هەروەک سودەکانی خۆبەدورگرتن لێی تەنها بەخۆپاراستن لەشێرپەنجە سنوردار نییە.
و: ئاکۆ ئاڵی
![](https://images.sharpress.net/root/root/images/13312023_Sharpress.gif)