قەتەر، یاریزانە کارامەکەی سیاسەت، یان بازرگانەکەی دانوستان؟

جیهان

29/01/2024‌ 776 جار خوێندراوه‌ته‌وه


وڵاتێكی بچوکە، دانیشتوانەکەی هەر دوو ملیۆن کەسێك دەبێت، بەڵام لەسەر نەخشەی سیاسی وڵاتانی کەنداو ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە، ترافیکی هەموو ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت ئەوانەی دوای جەنگی ئیسرائیل و حەماس دەچنەوە ئەوێ، ئەو وڵاتەش قەتەرە.

لە نێو دەوڵەتە عەربی و ئیسلامییەکان  تەنها سێ وڵات بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ پاڵپشتی حەماس دەكەن، ئێران بە چەكی قوڕس هاوکاری حەماس دەکات، توركیاش هاوکاری دارایی حەماس دەکات، لە نێو ووڵاتە عەرەبییەکان  قەتەر بەڕێگای دیبلۆماسی هاوکاری حەماس دەکات.

زۆرینەی سەرکردە باڵاکانی حەماس لە قەتەرن، هەمان ئەو وڵاتەی کە گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکای لێیە. ئەگەر حەماس ئیسرائیل توڕە بکات، ئەمریکا لەو بنکە سەربازییەیەوە گورز لە حەماس دەوەشێنێت، بەڵام لەهەمان بازنەی جوگرافیشدا پێکەوە دەسوڕێنەوە.

بەر لەوەی باسی ئەزموونی حەماس و قەتەر بکەین، گرنگە باس لە ئەزمونێکی دیکەی ئەو وڵاتە لەگەڵ گروپێکی توندڕەو بکەین کە ئەویش تاڵیبان بوو. ئەو گروپەی ئەمریکا چەندین ساڵ لە جەنگدا بوو لەگەڵی، بەڵام هەرکات بچونایەتە سەر مێزی گفتوگۆ، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆبوونەوەکانیان ئەنجامدەدا، هەر ئەوەش نا، بەڵکو قەتەر بوەتە لانکەیەکی ئارامی ئیخوان موسلمین، دەسەڵاتدارانی میسریش دەبێت بۆ دانوستان هەر بە دەوحەدا تێپەڕن. کەواتە نهێنی پشت ئەو توانایەی قەتەر چییە، کە نەیارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی لە خۆی کۆکردوەتەوە؟

تا بەر لە هەڵگیرسانی شۆڕشی سوریا، سەرکردە باڵاکانی حەماس لەو وڵاتە نیشتەجێ ببون، بەڵام لەوکاتەوە سوریایان جێهێشت و ڕوویان لە قەتەر کرد، تا ئەوەی دەوحە لە ساڵی 2012 بە فەرمی ڕەزامەندی دەربڕی مەکتەبی سیاسی حەماس لە قەتەر بکرێتەوە.

چیرۆکی جیاواز لەبارەی پەیوەندیی قەتەر و حەماس هەیە، بەڵام دەوحە بە فەرمی ئەوەی ڕاگەیاند، کە کردنەوەی مەکتەبی سیاسی حەماس لەوڵاتەکەی لەسەر داواکاریی ئەمریکا بووە، بۆئەوەی کەناڵێك دیبلۆماتی لەگەڵ ئەو بزوتنەوەیە دروست ببێت.

بەرپرسێکی قەتەری کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرابکرێت بە ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز-ی وتووە، کاتێك ساڵی 2006 حەماس لە هەڵبژاردنەکانی فەڵەستین سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمریکا داوای لە قەتەر کرد کەناڵێکی نا ڕاستەوخۆی پەیوەندیی لەگەڵ حەماس بۆ دروست بکات.


قەتەر و ستراتیژەکانی نێوەندگیریی

لە دوای هێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، جارێکی دیکە قەتەر لە پرسی فەڵەستین بە بەهێزی گەڕایەوە سەر گۆڕەپانی سیاسی ناوچەکە، چونکە وەك شارەزایان دەڵێن ڕۆڵی هەبوو لەوەی هێرشی زەمینیی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە دوابکەوێت.

قەتەر لەپێناو ئاسایبوونەوەی دۆخی ناوچەکە هەوڵی نێوەندگیریی ئیسرائیل و فەڵەستین و ئازادکردنی بارمتەکان نادات، بەڵکو یارییەکی زیرەکانەی دیبلۆماتی دەکات، چونکە بەشێک لە بارمتە ئیسرائیلییەکان هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمریکی و ئەوروپین، بەوەش لەکاتی ئازادکردنی بارمتەکاندا ئەو وڵاتانە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی دەوحە لە داهاتوودا لەبەرچاو دەگرن.

گۆست هیلتەرمان، بەڕێوەبەری بەرنامەی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا لە کۆمەڵەی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان لە برۆکسل بۆچوونی وایە، ڕۆڵی نێوەندگیریی قەتەر "توانای دەوحەیە بۆ بەبازاڕکردنی دیبلۆماسیەت" چونکە ئەو وڵاتە مێژوویەکی درێژی هەیە لە دانوستان لەنێوان یاریکەرە سیاسییە ناکۆکەکان.

ساڵی ڕابردوو دەوحە ڕۆڵی هەبوو لە دانوستانی ئەمریکا و ئێران بۆ ئازادکردنی پێنج بارمتەی ئەمریکی لە زیندانەکانی ئێران، لەبەرامبەریشدا ئەمریکا شەش ملیار دۆلاری ئێرانی ئازادکرد.

دیارترین ڕۆڵیش کە قەتەر گێڕای ساڵی 2021 بوو کاتێك ئەمریکا لە ئەفغانستان کشایەوە، دەوحە وایکرد کشانەوەی سەربازە ئەمریکییەکان لەو وڵاتە بەبێ زیان و کێشە ئەنجامبدرێت.

ئەگەر کلیلی سەربازیی حەماس بەدەست ئێران بێت، ئەوا کلیلی مان و نەمانی بزوتنەوەکە بەدەست قەتەرە، چونکە ئەو وڵاتە تەنیا بە یەك ئاماژە دەتوانێت بڕیار لە چارەنوسی حەماس بدات، جا گڵۆپی سەوز بۆ کوشتنی سەرکردەکانیان هەڵبکات، یاخود ڕۆڵی هەبێت لە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی دوای جەنگی غەززە.

چاودێران بۆچونیان وایە، دیوێکی شاراوەی پشت ڕۆڵی قەتەر لە دانوستانی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بۆ ئەوەیە پارێزگاریی لە بەرژەوەندییە گەورەکانی خۆی لە بواری گازی سروشتیی بکات، بەتایبەت بۆ جێگرتنەوەی گازی سروشتیی ڕوسیا لە ئەوروپا، قەتەر پێویستی بە گڵۆپی سەوزی واشنتۆن هەیە.

پەیوەندییەکانی قەتەر و ئیسرائیل

ساڵی 1996 لەپاڵ عەمان، قەتەر ئەو وڵاتە بوو کە پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ ئیسرائیل دروستکرد، سەرمایەدارە ئیسرائیلییەکان گەشتی قەتەریان دەکرد و هەوڵی وەبەرهێنانیان لەو وڵاتە دەدا.

ساڵی 2005 ئیسرائیل پاڵپشتیی قەتەری کرد بۆئەوەی کورسییەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بەدەستبهێنێت.


بەکارهێنانی چەکی ئۆپۆزسیۆن

هەندێک لە وڵاتانی جیهان لە جیاتی دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆی وڵاتێک، پەنا بۆ داڵدەدانی نەیارانی وڵاتەکەی بەرامبەریان دەدەن، بۆ نمونە تورکیا داڵدەی نەیارانی ئیسرائیل و بەشێك لە سوننەکانی عێراق دەدات، لەم ساڵانەی دوایشدا هەرێمی کوردستان هەوڵیدا بە شوێنپێی قەتەردا هەنگاو بنێت و داڵدەی هێزە بەرهەڵستکارەکانی وڵاتانی دراوسێ بدات بۆ نمونە ئێران و تورکیا.

لە هەرێمی کوردستان بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان و بارەگای هێزەکانی نزیك لە پارتی کرێکارانی کوردستان و تەنانت بارەگا سەربازییەکانی پەکەکە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەن.

بەڵام هەریەکە لە پارتی و یەکێتی نەیانتوانیوە ئەو چەکە دیبلۆماتیە بۆ دەستکەوتی سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن، بەڵکو لە پێناو بەرژەوەندیی مانەوەی خۆیاندا بووە، چونکە هیچ کام لەو دوو حزبە نەیانتوانیوە بەرگریی لەو حزب و هێزانە بکەن کە داڵدەیان داون، چونکە بەگوێرەی سەرجەم بنەما نێودەوڵەتی و دیبلۆماتیەکان، هەر وڵاتێک داڵدەی کەس یاخود لایەنێکی نەیاری وڵاتێک دەدات، دەبێت زامنی ئەمنیەتیشی بکات، بەڵام ڕۆژانە تورکیا لە ئاسمانەوە بۆردوومانی گەریلاکانی پەکەکە دەکات و لەسەر زەویش لایەنگر و کادر و ئەندامەکانی پەکەکە لە شار و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی تیرۆر دەکات و یەکێتی بێدەنگە.

لەبەرامبەردا لە سنوری دەسەڵاتی پارتیش، ئێران لەڕێگەی حکومەتی عێراقەوە وایکرد حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەکبکرێت، پارتی بەو داواکارییە ڕازی بوو بەبێ ئەوەی دەستکەوتێکی سیاسی لە جێبەجێکردنی داواکارییەکەی ئێران بەدەست بهێنێت.

جیاوازی جوڵەی دیبلۆماتی قەتەر لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ڕەنگە بە سادەیی ئەوەبێت، قەتەر هەوڵدەدات وڵاتەکەی لەسەر نەخشەی سیاسی کەنداو نەک بێهێز نەبێت، بەڵکو ڕۆڵی یەکلاکەرەوەشی بەرامبەر سعودییە و ئیمارات هەبێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان جوڵەکانی پارتی و یەکێتی لەو لایەنەوە بۆ ئەوەیە، یەکێتی پشتگیریی ئێران بۆ سەرکردایەتی یەکێتی و پارتیش پشتیوانیی تورکیا بۆ سەرکردایەتییەکەی لە هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێت، هەردوو حزبەکەش لە ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2017 تێگەیشتن چ ئێران و چ تورکیا سەرەڕای هەبوونی پەیوەندی چەندین ساڵەیان لەگەڵ ئەو دوو حزبە، بەڵام ئامادەن لە چاوتروکانێکدا پشتیان تێبکەن.

لە کۆنگرێس دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر قەتەر بەرزبوەتەوە

لەدوای هێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکا دەنگی ناڕەزایەتی بەرزبووەتەوە، بەشێک لە کۆنگرێسمانەکان داوا دەکەن ئەمریکا سزای قەتەر بدات تا ئەو ئاستەی لەپەیوەندییە سیاسییەکانی ناوچەکە کەنارگیری بکات، چونکە نەیتوانیوە کاریگەریی لەسەر سەرکردەکانی حەماس هەبێت بۆ هێرش نەکردنەسەر ئیسرائیل.

جۆناسان شانزر، جێگری سەرۆکی توێژینەوەکان لە دامەزراوەی بەرگریی لە دیموکراتیەت بۆچوونی وایە، قەتەر ڕۆڵی ئەو "سەرخۆشە" دەگێڕێت کە لە گازینۆیەکدا جار لە دوای جار دەدۆڕێت.

شانزر پێشنیازی ئەوەی بۆ کۆنگرێس کردووە سزا بەسەر قەتەردا بسەپێنن، هاوکات پێداچوونەوە بە یەکێك لە بنکە سەربازییە گەورەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت کە لە قەتەرە.