ساڵانە بەهۆى شێرپەنجەوە 10 ملیۆن کەس گیان لەدەستدەدەن

تەندروستی

04/02/2024‌ 241 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

لە رۆژی جیهانی شێرپەنجەدا، ڕێکخراوى تەندروستی جیهان رایگەیاند، ساڵانە نزیکەی 20 ملیۆنی حاڵەتی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە تۆمار دەکرێت و نزیکەی  10ملیۆن کەس بەو نەخۆشییە گیان لەدەستدەدەن.

ساڵانە لە جیهاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە لە رۆژی چواری شوبات مەراسیم و چالاکی جۆراوجۆر رێکدەخرێت، ساڵی ٢٠٠٠ دەستەی نێودەوڵەتیی کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجە لە جیهاندا، بڕیاری دا ئەو رۆژە بکرێتە رۆژێکی جیهانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و بۆ یەکەمین جاریش لە پاریسی پایتەخی فەڕەنسا بڕیارەکە جێبەجێ کرا.

ئەمڕۆ، 4ى شوبات کە ڕۆژى جیهانى شێرپەنجەیە، ڕێکخراوى تەندروستی جیهانى بڵاویکردەوە، ساڵانە نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس لەسەرانسەری جیهان تووشی شێرپەنجە دەبن و لە نێوان حەوت بۆ ١٠ ملیۆن کەسیش بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە گیان لەدەست دەدەن.

بەپێی ئاماری رێکخراوەکە، شێرپەنجە لەسەر ئاستی دنیا بە دووەم کوشندەترین نەخۆشی دادەنرێت لە دوای نەخۆشییەکانی دڵ.

تەندروستى جیهانى ئاماژەى بەوەکردووە، شێرپەنجەی سییەکان لە پلەی یەکەمدایە کە 12.4%ـ کۆی تووشبووان پێکدەهێنێت، هەروەها شرپەنجەی مەمک لە پلەی دووەمە کە 11.6% دواتر شێرپەنجەی کۆڵۆن و ریخۆڵە و پڕۆستات و گەدە دێن.

بەپێی توێژینەوەکانی رێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکان، هۆکارە سەرەکییەکانی شێرپەنجە پیسبوونی رەگەزەکانی ژینگە، ژینگەی ناتەندروست، خواردنی ناتەندروست، جگەرەکێشان، خواردنەوە کحولییەکان، قەڵەویی، وەرزش نەکردن و شێوازی نارێکی ژیانە.

بەپێى ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تێکڕا رۆژانە 32 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی شێرپەنجە دەبن و رێژەی تووشبووان کە رێژەی %56ی لە رەگەزی نێر و 44%یش لە رەگەزی مێن.