بۆچی ئەمریکا جبەخانەی موشەکیی ئێران بەمەترسیی لەسەر خۆی دەزانێت؟

جیهان

08/02/2024‌ 1675 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گۆڤاری ناشناڵ ئینتێرستی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوەو  تێیدا باسی لەوەکردوە، هێزی موشەکیی ئێران مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆسەر هێزو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا دروستدەکات، بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان.


لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، “بەوتەی ژەنەڕاڵ فرانک مەکنزی فەرماندەی پێشوی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا، سوپای ئێران خاوەنی سێ هەزار موشەکی جۆری جۆراوجۆرەو ئەم موشەکە بالیستییانە دەتوانن بگەنە مەودای تا دوو هەزار کیلۆمەتر، بەوپێیەی ئێران تاکە وڵاتە "بەبێئەوەی خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، توانای موشەکی بالیستیکی بەهێزی وەهای بەدەستهێناوە".

هه‌ر له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، موشەکی بالیستیکی مەودای کورت زۆرینەی توانا موشەکییەکانی ئێران پێکدەهێنن، بەوپێیەی مەودای ئەم موشەکانە کەمتر لە500 کیلۆمەترەو زۆربەی ئەو موشەکانەش لەموشەکی بالیستیکی تاکتیکی سکودی سۆڤیەت وەرگیراون، ئێران نزیکەی 100 ئامێری موشەکهاوێژی هەیە کە دەتوانێت بیانباتە شەڕەوە، تارانیش موشەکی بالیستیکی کورت مەودای دروستکراوی ناوخۆیی بەرهەمدەهێنێت، وەک شیهاب، قیام‌و فەتح 110.

لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەدا ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، “موشەکی بالیستیی مەودای مامناوەند بەشێکی گرنگی جبەخانەی موشەکی ئێران پێکدەهێنێت‌و تا مەودای تا 1300 میل دەبڕن، ئەم موشەکانە دەتوانن بگەنە هەر ئامانجێک لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و تەنانەت بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، لەوانەش (ئۆکرانیا، بولگاریا ، یۆنان‌و ڕۆمانیا) لەکاتێکدا تاران خاوەنی ژمارەیەکی زیاتری موشەکی بالیستی مەودای مامناوەندە بەراورد بەموشەکهاوێژەکان”.

ئاماژە بەوەشکراوە، "تاران خاوەنی توانای موشەکی کیشوەربڕیشەو بەردەوامە لەپەرەپێدانی ئامێری هەڵدانی بۆشایی ئاسمان، وەک سەفیرو سیمورغ، کە تەکنەلۆژیای هاوشێوەی ئەو تەکنەلۆژیایەی کە بۆ موشەکی بالیستیکی نێوان کیشوەرەکان پێویستە، تاران بەتایبەتی پەرەی بەبوستەری گەورە داوە کە بەرزکردنەوەی توانای موشەکە بالیستییەکانی، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر سوپای ئەمریکا لەناوچەکەدا دروستدەکات".

بەپەلە