ئەگەر شەوانە خەوت لێناکەوێت.. ئەم خۆراکانە مه‌خۆ

تەندروستی

18/02/2024‌ 907 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زۆرجار کەمخەوی‌و خەوزڕان، پەیوەندییان بەخواردنەوەی قاوەوە هەیە، بەڵام بڕێکی زۆر خۆراکی تر هەن کە کافاینیان تێدایەو دەبنە هۆی کەمخەویی.

دەکرێت کافایین هەندێک کاریگەریی نەرێنیی هەبێت وەک سەرئێشەو زیادبونی دڵەڕاوکێ، بۆیە ڕەنگە شایانی ئەوەبێت کە چاوێک بەو خۆراکە بەئاگاهێنەرانەدا بخشێنیتەوە کە لەناو سیستەمی خۆراکیەکەتدا هەیە، لێرەدا کۆمەڵێک خواردن دەخەینەڕوو کە دەتوانن کاریگەریی نەرێنیان لەسەر خەو هەبێت:

1ـ شوکولاتەی تۆخ
سەرەڕای سودە تەندروستییەکانی شوکولاتەی تۆخ، بەڵام باش نییە پێش خەوتن بیخۆیت، پارچەیەک شوکولاتەی تۆخ کە کێشی 100 گرامە نزیکەی 80 میلیگرام کافاینی تێدایە.

بۆ بەراوردکردن، یەک پارچە شوکولاتەی شیری تەواو بەتێکڕا 20 میلیگرام کافاینی تێدایە، بەڵام شوکولاتەی شیری ڕێژەیەکی زیاتر لەشەکری تێدایە، بۆیە باش نییە پێشخەوتن بیخۆیت.

2ـ  چا
هەردوو چای سورو چای سەوزیش کافاینیان تێدایە کە بەشێوەیەکی سروشتیی لەچادا هەیە، یەک کوپ چای دروستکراو نزیکەی 30 بۆ 50 میلیگرام کافاینی تێدایە، بەڵام بڕی کافاین جیاواز دەبێت بەگوێره‌ى ئەوەی ئەو چایەی دەیخۆیتەوە چەند بەهێزە.

3ـ خواردنەوە گازییەکان
زیانە گریمانکراوەکانی خواردنەوەی خواردنەوە گازییەکان تەنها بەبونی ڕێژەیەکی زۆر شەکر سنوردار نییە، بەڵام زۆرێک لەو خواردنەوانە بڕێکی زۆر کافاینیشیان تێدایە، بۆیە شتێکی گونجاو نییە لەئێوارەدا دەبەیەک خواردنەوە گازییەکان، یان بەدرێژایی ڕۆژەکەت ئەو خواردنەوەیە هەبێت.

4ـ ئایسکرێم
ئایسکرێم خواردنێکی دڵخوازە لەڕۆژانی گەرمدا، هەندێک تامی ئایسکرێمیش دەتوانێت کافاینی تێدابێت، پسپۆڕی بواری خۆراک ڕۆب هۆبسۆن دەڵێت، “باشترە ئایسکرێمێک هەڵبژێردرێت کە تامی قاوەی نەبێت، چونکە بڕێکی کەم لەو ئایسکرێمە دەتوانێت زیاتر لە 50 میلیگرام کافایینی تێدابێت”.

5ـ شیرینی
ڕۆب ئامۆژگاری ئەوە دەکات دوربکەونەوە لەو شیرینیانەی کە قاوە یان شوکولاتەی تۆخیان تێدایە، چونکە ڕێژەیەک کافاینیان تێدایە کە دەبێتە هۆی کەمخەوی‌و خەوزڕان.

6ـ شیرینی نەعنا
خواردنی شیرینی نەعنا دوای نانخواردنی ئێوارە دەتوانێت بوژێنەرەوە بێت، بەڵام هەندێکجار دەتوانێت کافاینی تێدابێت.

ڕۆب دەڵێت:"نەعنا خۆی کافاینی تێدانییە، بەڵام پێویستە پشکنینی لیبێڵەکەی بکەیت، چونکە هەندێک بەرهەمی تامی ماچا یان مارکەی نەعنا بڕێک کافاینیان تێدایە".

7ـ کۆمبوچا
کۆمبوچا خواردنەوەیەکی ترشێنراوە کە چەندین سودی تەندروستیی بەڕیخۆڵە دەبەخشێت، خواردنەوەیەکی خۆشەویستە لەلایەن ئارەزومەندانی تەندروستیی، بەڵام لەگەڵای چا دروستدەکرێت، کە بەشێوەیەکی سروشتیی کافاینی تێدایە.

هەرچەندە ڕێژەی کافاینی کۆمبوچا کەمترینە، بەڵام هێشتا شایەنی باسە، چونکە 250 ملیلیتر کۆمبوچا دەتوانێت تا 15 میلیگرام کافاین لەخۆبگرێت.

و: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە