زانیاریى له‌باره‌ى تونێله‌كانى حزبوڵڵاوه‌ ئاشكراده‌كرێت

جیهان

21/02/2024‌ 7386 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی (لیبراسیۆن)ی فەرەنسیدا هاتوە، گروپی حزبوڵڵای لوبنانی تۆڕێکی تونێلی نهێنیان هەیە کە زۆر لەتونێلەکانی حەماس پێشکەوتوترەو خاوەنی چه‌ندین تونێلن کە بەسەدان کیلۆمەترەو لقەکانیشى دەگەنە ئیسرائیل‌و ڕەنگە بگاتە سوریاش.


هه‌روه‌ك له‌ڕۆژنامەکەدا ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، ئەو حزبە پلانێکی بەرگری دامەزراندوە لەگەڵ دەیان ناوەندی ئۆپەراسیۆن کە بەتۆڕی ژێرزەمینی ناوخۆیی بەستراوەتەوە کە بەیروت‌و بەقاع‌و باشوری لوبنان بەیەکەوە دەبەستنەوە.

هاوکات ترس لەتەلئەبیب بەرزبوەتەوە سەبارەت بەبونی تونێلەکانی حزبوڵڵا لەسەر سنوری باکور کە دەگەنە نەخۆشخانەی جەلیل، لەشاری نەهارییە کە دەکەوێتە کەناراوەکانی باکوری ئیسرائیل.

چەند مانگێک لەمەوبەر، ئیدارەی سەنتەری پزیشکی لەنەهارییە سکاڵایانکرد کە دەنگی کونکردن دێت، لەوبارەوە سوپای ئیسرائیل بڕیاریدا زنجیرەیەک پشکنینی زەمینی ئەنجامبدات بۆ ئەوەی ترسی بونی تونێل ڕەتبکاتەوە کە لەلوبنانەوە بەرەو نەخۆشخانەکە دەچێت.