پارتى هاته‌ده‌نگ‌و ده‌نگۆى ڕێكه‌وتن ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

کوردستان

24/02/2024‌ 7566 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواى ئه‌وه‌ى میدیاى یه‌كێتى هه‌واڵى ڕێكه‌وتنى لایه‌ن‌و پێكهاته‌كانى كه‌ركوكى بڵاوكرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك‌و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ئه‌و پارێزگایه‌، پارتى هاته‌ده‌نگ‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هیچ ڕێكه‌وتنێك نه‌كراوه‌".


ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم‌و نوێنه‌رى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانى سه‌رۆك وه‌زیران بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌تى خۆجێى كه‌ركوك ڕایگه‌یاند، "کۆبونەوەی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەگەڵ سودانی، کۆبونەوەیەکی سەرەتایی بوو بۆ لێکنزیکردنەوەی بیروبۆچونەکان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی ئیدارەی کەرکوک لەدوای هەڵبژاردنەکان، هەرچەندە تائێستا کۆبونەوەکە هیچ ئەنجامێکی نەبوە، بەڵام ئومێد دەکەین لەداهاتودا لەنێوان هەموو لایەنەکان ئەنجامی باشی هەبێت‌و لێکتێگەیشتنی باش دروست بێت".

ڕێبەر ئەحمەد له‌ڕێگه‌ى میدیاى نزیك له‌حزبه‌كه‌یه‌وه‌ وتى:"ئێمە وەک پارتی لەکۆبونەوەکە بەشداربوین، بۆچونی پارتی ئەوەیە هەموو لایەن‌و پێکهاتەکان بەیەکەوە بتوانن بەئیدارەو شێوازێکی نوێ کەرکوک بکەینە نمویەکی باشی پێکەوەژیان".

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕەتیكرده‌وه‌، "لەسەر پۆستی پارێزگار بۆ کوردو دانانی دوو جێگر لەنەتەوەکانی عەرەب‌و تورکمان ڕێککەوتن کرابێت، ئه‌مه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتووگۆمان کردوە، بەڵام لەسەر هیچ پۆستێک ڕێککەوتن نەکراوە".

ڕۆژی 21ى ئه‌م مانگه‌ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و سەرکردەو نوێنەری لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژادنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبونەوە.

سه‌باره‌ت به‌ناوەڕۆکی کۆبونەوەک، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سودانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کۆبونەوەیە بەدیدگای دەستپێشخەریی نیشتمانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لەپارێزگاکە بەگوێرەی دادپەروەری ئیستیحقاقی هەڵبژاردن‌و دواتریش ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەیەکی خزمەتگوزاری ئابوری کە لەگەڵ کارنامەی حکومی فیدراڵی یەکبگرێتەوە.

ئه‌مڕۆش میدیاى یه‌كێتى بڵاویكرده‌وه‌، لایەنەكانی كەركوك لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان گەیشتونەتە ڕێككەوتن به‌شێوه‌یه‌ك، پارێزگار بۆ یەكێتی‌و سەرۆكی ئەنجومەن بۆ لایەنی عەرەبی‌و قائیمقامیش بۆ توركمان ده‌بێت، هاوكات جێگرانی پارێزگار بۆ پارتی‌و لایەنە عەرەبییەكان‌و بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگاش بۆ توركمان ده‌بێت، قائیمقامى شاره‌كه‌ش بۆ توركمان یه‌كلابۆته‌وه‌.

بەپەلە