توركیا بەشداری هێزەعێراقییەكان لەشەڕی دژی قەندیل دەكاتە مەرجی بەردانەوەی ئاو

کوردستان

27/02/2024‌ 782 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:
 
 حكومەتی عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە لە ڕازیكردنی هاوتا توركییەكەی بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی دووقۆڵی لەسەر دابەشكردنی ئاوی ڕووبارەكانی دیجلە و فورات بە شێوەیەك كە گەرەنتی عێراق بكات كە پشكی خۆی وەربگرێت.

سەرچاوەكانی نزیك لە حكومەتی عێراق وردەكاری نوێیان لە بارەی گفتوگۆكانی رابردووی نێوان هەردوولا ئاشكراكردووە لە میانەی سەردانی شاندەكانی توركیا بۆ عێراق.

بەپێی ئەو سەرچاوانە توركیا چەندین داوكاری لە بەغدا هەیە بۆ ئەوەی پشكی ئاوی بۆ دابینبكات، لە نێو ئەو داواكاریانەدا بەشداریكردنی ڕاستەوخۆی هێزەچەكدارەكانی عێراقە لە شەڕی دژی پەكەكەدا.

هەروەها داواكاری دووەمی توركیا بریتییە لە بەشداریپێكردنی كۆمپانیا توركییەكان لە تەواوكردنی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان.

لەم دواییانەدا موحسین مەندەلاوی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە وەكالەت و نوعمان كورتولموش، سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانیی توركیا، ڕێككەوتن لەسەر كاراكردنی كاری لیژنە هاوبەشەكانی پەیوەندیدار بە ئاو و ئاسایش.

مەندەلاوی ئاماژەی بەوەكردووە، عێراق هەوڵدەدات پشكی ئاوی خۆی زیاد بكات بەجۆرێك دادپەروەرانە و بەس بێت بۆ دابینكردنی پێداویستییە ڕاستەقینەكانی، جگە لە گفتوگۆكردن لەسەر پرسەكانی ئاسایش و كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان، و هاندانی وەبەرهێنان، هەروەها گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان.