پارێزگای هەولێر: 166 دوكان لە بازاڕی لەنگە سووتاون

کوردستان

28/02/2024‌ 611 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "لەكۆی (2400) دوكان (166) دوكانی بازاڕەكە سووتا و زیانیان پێگەیشت".

پارێزگای هەولێر دەڵێت لیژنەی لێكۆڵینەوە لەهۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە پێكهێندراوە و تا ئێستا هۆكارەكەی ئاشكرانەكراوە.

ئەوە لەكاتێكدایە، گروپێكی نەتەوەپەرستی تورك سووتاندنی بازاڕی لەنگەی هەولێری لە ئەستۆگرت و دەڵێت بازاڕی كەركوكیشیان سووتاندووە.

گروپێكی نەتەوەپەرستی توركی بە ناوی "رێكخستنی پەیمانی میللی توركی" دەڵێن، ئەوان بازاڕی لەنگەی هەولێریان سوتاندووە و دەشڵێن، هۆشدارییەكانمان جێبەجێ نەكرێت بەردەوام دەبین.

گروپەكە لە ماڵپەڕی فەڕمی خۆی راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت ئامانجیان هەڵكردنی ئاڵای توركیا لە قەڵای هەولێر و گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەیە بۆ سەر خاكی توركیا.

دەقی راگەیەندراوەكەی پارێزگای هەولێر:
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو 2024.2.27، ئاگرێكی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر كەوتەوە، دەمودەست تیمەكانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و لە ماوەیەكی كەمدا بە هەوڵی ئەفسەر و كارمەندانی توانرا ئاگرەكە كۆنتڕۆڵبكرێت، كە بەهۆیەوە لەكۆی (2400) دوكان (166) دوكانی بازاڕەكە سووتا و زیانیان پێگەیشت، ئەوە جگە لەوەی (90) كەس لە كارمەندانی بەرگری شارستانی و كاسبكارانی بازاڕەكە و هاوڵاتییان بەهۆی دوكەڵی ئاگرەكەوە تەندروستیان تێكچوو، بەشێكیان لەلایەن تیمەكانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەكە چارەسەركران و (24) كەسیشیان گواسترانەوە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستیان بۆ كرا و ڕەوانەی ماڵەوە كرانەوە.

ئاگرەكەی بازاڕی لەنگە، ئاگرێكی ئێجگار گەورەبوو بە بەرزی زیاتر لە سێ مەتر و كۆنتڕۆڵكردنی ئاسان نەبوو، هەموو هەوڵێكی تیمەكانی بەرگری شارستانی و تیمەكانی تریش بۆ ئەوە بوو ئاگرەكە كەمترین زیانی هەبێت و كەلوپەلی كاسبكاران لە سووتان رزگار بكرێت، سوپاس بۆ خودا لە ڕوودانی ئەو كارەساتە لە شارەكەمان جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە.

وێڕای دەستخۆشی لە تیمەكانی (بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی4 و سەرۆكایەتی شارەوانی) لە بەرامبەر هەوڵەكانیان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە و بەهاناوەچوونی زیانلێكەوتووان، كاسبكاران و هاوڵاتییانی شارەكەمان دڵنیا دەكەینەوە لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێز پارێزگاری هەولێر لیژنەیەكی تایبەتی لە سەرجەم لایەنەكان پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە، هەر ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانی بازاڕەكە لەلایەن لیژنەكانەوە تەواوی بازاڕەكە لەلایەن تیمەكانی شارەوانی پاككرایەوە.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر
2024.2.28