ئاڵدار خەلیل بۆ شارپرێس: نەتەوە یەكگرتووەكان بەرامبەر هێرشەكانی توركیا بێ دەنگە

ڕاپۆرت

03/03/2024‌ 650 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس-كەنداڵ جودی:

 بەرپرسێكی باڵای ڕۆژئاوای كوردستان ڕەخنەی توندی لە نەتەوە یەكگرتووەكان گرت و ڕایگەیاند: "نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەرامبەر هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان بێدەنگە".

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتیی دیموكرات (پەیەدە) لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ شارپرێس ڕایگەیاند، هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامە و نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگە.

ئاڵدار خەلیل باس لەوە دەكات كە توركیا لەژێر ناوی داعش هێرشی كردە سەر ڕۆژاڤای كوردستان و ئامانجی توركیا لەناوبردنی كورد و ئیدارەی خۆسەرە.

شارپرێس: با لە دۆخی ئیدارەی خۆسەرەوە دەست پێ بكەین، دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ لە ململانێی سوریا و دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەر، بەكورتی دۆخی ئیدارەی خۆسەر چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
ئالدار خەلیل:
وەك دەزانرێت ئیدارەی خۆسەر لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ بە فەرمی دامەزراوە، بەڵام پێش ئەوە وەكو ڕێكخراوی كۆمەڵایەتی بوونیان هەبووە، بۆ ئەوەی كۆمەڵگە بتوانێت خۆی لە ناوەڕاستی ئەم ململانێیەدا لە سوریا بەڕێوەببات. لە پرۆسەكانی پێش ململانێدا، ڕێكخراوێكی نهێنی سنووردار هەبوو. ئامانج ئەوە بوو كە بزانرێت ئەم كۆمەڵگایە چۆن دەتوانێت ئیرادەی هەبێت و بگاتە ئاستێك كە بتوانێت خۆی بەڕێوەببات. بە واتایەكی تر، چۆن دەتوانین ئازادی و یەكسانی بەدەست بهێنین، چۆن دەتوانین سیستەمێكی كۆمەڵایەتی بنیات بنێین كە هەموو شتەكانی كۆمەڵگا بگەڕێنەوە بۆ واقیعی خۆیان. لە شۆڕشی ڕۆژاڤادا ئامانجمان ئەوە بوو كە بگەینە ئاستێك كە خۆی بەڕێوە ببات.
ساڵی ٢٠١٤ كە ئیدارەی خۆسەر دامەزرا، یەكەم هەنگاوی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگا بوو. بەڵام لەم دە ساڵەدا چەندین زەحمەتی گەورە ڕوویدا و هێرشی گەورە لە دژی ئیدارەی خۆسەر ڕوویدا. بەڵام سەرەڕای ئەمەش دەستكەوتی گەورەش بەدیهات. ئەو ئاستەی دەمانەوێت بگەینە ئیدارەی خۆسەر هێشتا بەردەوامە. لەم كاتەدا هەوڵەكانمان بۆ بنیاتنانی هۆشیاری لە خۆبەڕێوەبەری بەردەوامە و تا ڕادەیەكی دیاریكراو هەنگاوی باش نراوە.

شارپرێس: بەپێی بارودۆخی ئیدارەی خۆسەر، هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا و هەڕەشەكانی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ئێستا لە چ ئاستێكدان؟
ئالدار خەلیل:
هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان یەكێكە لە ئاستەنگە سەرەكییەكانی بەردەم ئیدارەی خۆسەر. دەوڵەتی توركیا گەلی كوردی وەك دوژمنی خۆی ڕاگەیاندووە و وەك دوژمن لێمان نزیك دەبێتەوە. ئەزمونی دیموكراسیمان و ئیدارەی خۆسەر كە پشت بە هۆشیاری نەتەوەی دیموكراتیك و ئازادی ژنان دەبەستێت، توركیا ئەو بابەتانە بە نەبوونی خۆی دەبینێت، بەڵام ئیدارەی خۆسەر ئەوە نییە كە توركیا بۆ خۆی خەیاڵی دەكات. توركیا كە سەدەیەك بەسەر دامەزراندنی كۆمارەكەیدا تێپەڕیوە، بوونی خۆی لە قڕكردنی كورددا دەبینێت، واتە دەبێت كورد قڕبكرێت. چونكە توركیا و هێزە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵیدا باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان كردۆتە ئامانج.
لێرەوە توركیا لە ژێر ناوی سوپای ئازاد و نوسرە و داعش هێرشی كردە سەر ئیدارەی خۆسەر. ئێستاش توركیا بە سوپاكەی خۆی و بەكرێگیراوەكانی درێژە بە هێرشەكانیان دەدەن دژی ئیدارەی خۆسەر و خاكی ئێمەیان داگیر كردووە. توركیا بە ئاشكرا ئەم هێرشانە ئەنجام دەدات و دەڵێت ئێمە كورد لەناو دەبەین. هەر لەبەر ئەم هۆكارە لە ساڵانی ڕابردوودا هێزە نێودەوڵەتییەكانی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان ئەركەكانیان جێبەجێ نەكردووە و كەسیش بەرامبەر توركیا نەوەستاوەتەوە و بوونەتە هاوبەشی دەوڵەتی توركیا لە هێرشەكانی دژی خۆبەڕێوەبەریدا. تا ئێستا توركیا هەر هەلێكی دەستبكەوێت هێرش دەكاتە سەر ڕۆژاڤای كوردستان و هەموو دامودەزگا خزمەتگوزارییەكان و ژێرخان و دامەزراوە مەدەنییەكان دەكاتە ئامانج. بە واتایەكی تر توركیا لەناوبردنی ئیدارەی خۆسەری كردۆتە ئامانجی خۆی، بەڵام ئێستاش سەرەڕای هەموو هێرش و ئاستەنگەكان، ئیدارەی خۆسەر لە دیوی خۆیدا ماوەتەوە و هەنگاوەكانی خۆی دەنێت و بەرەوپێش دەچێت.

شارپرێس: باست لە هەڵوێستەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ئیدارەی خۆسەر، ئایا نەتەوە یەكگرتووەكان هەڵوێستێكی ڕوونی هەبوو سەبارەت بەو هێرشانە و هەڵوێستی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
ئالدار خەلیل:
نەتەوە یەكگرتووەكان  یەكێتی گەلان نییە، بۆتە یەكێتی دەوڵەتان و زلهێزە داگیركەرەكان، چونكە سەدان نەتەوە هەن، نوێنەرایەتیان ناكات و  دانیان پێدا نانێت، تەنانەت كورد لە نێو ئەم گەلانەدایە‌و ناناسرێتەوە. هەر بۆیە نەتەوە یەكگرتووەكان یاسا بۆ پاراستنی دەوڵەتەكان دەردەكات. تا ئێستا نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئاست ئەم هێرشانەی توركیا بۆ سەر ئیدارەی خۆسەر بێدەنگە. با نموونەیەكتان بۆ بهێنمەوە، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە شاری  حەسەكە بێ ئاو بووە، چونكە وێستگەی ئاوەكەی خاوەندارێتی دەوڵەتی توركیایە، توركیاش بە فەرمی ئاوەكەی لە حەسەكە بڕیوە. جگە لەوەش دەوڵەتی توركیا بە فڕۆكەكانی سوتەمەنی و ژێرخانی ڕۆژاڤای كوردستانی كردە ئامانج، لەگەڵ ئەوەشدا نەتەوە یەكگرتووەكان بێدەنگ بوو.

شارپرێس:  لەم دواییانەدا بە نێوەندگیری ئەمریكا هەوڵی دیالۆگ لە نێوان ڕۆژاڤای كوردستان و توركیادا هەبووە؟
ئاڵدار خەلیل:
هیچ شتێكی لەم جۆرە نەچووەتە ناو كارنامەی ئێمەوە.

شارپرێس: لەماوەی ڕابردوودا ڕێككەوتنی فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف 16 لەنێوان ئەمریكا و توركیا ئەنجامدرا، زانیاری بڵاوبووەوە كە ئیدارەی ڕۆژئاوای كوردستان داوای لە ئەمریكا كردبوو كە توركیا فڕۆكەی جەنگی دژی ڕۆژاڤای كوردستان بەكارنەهێنێت، ئەم زانیاریانە تا چەندە ڕاست دەكەن؟
ئاڵدار خەلیل:
هیچ زانیارییەكم لەسەر ئەم بابەتە نییە.

شارپرێس:  با باسی هاوكاریی ئێوە لەگەڵ ڕووسیا بكەین، هاوكاری و دۆستایەتیی نێوان ڕۆژاڤای كوردستان و ڕووسیا لە چ ئاستێكدایە؟
ئاڵدار خەلیل:
وەك دەزانن لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ڕووسیا بە فەرمی هاتۆتە ناو سوریا. ئێمە لە عەفرین هاوكاریمان لەگەڵ ڕووسیا هەبوو، بەڵام توركیا ڕێككەوتنی لەگەڵ ڕووسیا كرد و لە ئەنجامدا عەفرین داگیركرا. بەڵام دواتر پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ڕووسیا دووبارە دامەزرا و تا ئێستاش ئەو پەیوەندیانە بەردەوامن. پێشبینیمان دەكرد ڕووسیا ڕۆڵێكی ئەرێنی بگێڕێت بە پێشخستنی چارەسەرێك لە سوریا یان ئەنجامدانی كۆبوونەوە، بەڵام ئەو ڕۆڵەی نەگێڕا.

شارپرێس: پەیوەندییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و حكومەتی دیمەشق لە چ ئاستێكدایە؟
ئاڵدار خەلیل:
لەڕاستیدا هێشتا هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی كۆبوونەوە هەبێت، هەندێكجار نامەی ئەرێنی بۆ یەكتر دەنێرین، بەڵام تا ئێستا حكومەتی دیمەشق نەیوێراوە هەنگاوێك بنێت و گفتوگۆی فەرمی دەستپێبكات. بەڵام هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی كۆبوونەوە هەبێت.

شارپرێس:  ئایا هیچ دیدارێك یان پەیوەندییەك لە نێوان ڕۆژئاوای كوردستان و ئێران هەیە؟
ئاڵدار خەلیل:
لەبەرئەوەی ئێران لە ناوچەكانی ئێمەدا بوونی نییە، تەنیا ڕووسیا و ئەمریكا بوونیان هەیە، هیچ پەیوەندییەك لە نێوان ئێمە و ئێراندا نییە.

بەپەلە