پزیشکێک: چەوەندەر بخۆن توشی ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە نابن

تەندروستی

05/03/2024‌ 873 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نەخۆشیی بیرچونەوە (زەهایمەر) نیشانەیەکی مەترسیدارە کە پەیوەندیی بەتێکچونی بەردەوامیی مێشکەوە هەیە، زیاتر لەناو کەسانی سەروو تەمەنی 65 ساڵدا بڵاودەبێتەوە، کۆمەڵێک هۆکار هەن کە مەترسیی توشبون بەنەخۆشیی بیرچونەوە زیاد دەکەنیان کەمدەکەنەوە.


ڕۆبەرت لۆڤ زانای بواری نەخۆشییەکانی دەمار، لەپلاتفۆرمی تیک تۆک باسی لەوەکردوە، خواردنی چەوەندەر مەترسیی توشبون بەنەخۆشیی زەهایمەر کەمدەکاتەوە کە باوترین جۆری نەخۆشیی بیرچونەوەیە.

بەگوێرەی لۆڤ، چەوەندەر یارمەتیدەرە بۆ پاراستن لەبەکتریایەک کە پێی دەوترێت پرۆفیرۆمۆناس جینجیڤالیس کە لەدەمدا هەیەو دەتوانێت ببێتە هۆی نەخۆشیی پوک کە پەیوەندیی بەتوشبون بەنەخۆشیی زەهایمەرەوە هەیە.

ڕۆژنامەی ئێکسپرێس لەزاری “لۆڤ”ەوە نوسیویەتی:“ئەم بەکتریایە هەوکردنی ناو دەم زیاد دەکات، دەبێتە هۆی هەوکردنی پوک، هەروەک دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبونی هەوکردن لەمێشکدا، ئەمەش ئەگەری توشبون بەنەخۆشیی زەهایمەر زیاد دەکات”، بۆیە باشترە چەوەندەر بخورێت‌و لەدەمدا بجوێت بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت لەو بەکتریایانەی کە دەبنە هۆی ئەم هەوکردنانە.“

ئەم ئامۆژگارییە لەڕێگه‌ی توێژینەوەیەک پشتگیریکراوە کە لەگۆڤاری “Redox Biology” لەساڵی 2019دا بڵاوکراوەتەوە، بەگوێره‌ى ئەوە دەرکەوتوە خواردنەوەی شەربەتی چەوەندەر کە دەوڵەمەندە بەنیتراتی نائۆرگانیک، یارمەتیی گەشەکردنی بەکتریا سودبەخشەکانی دەم‌و وددان دەدات کە پەیوەندییان بەتەندروستیی مەعریفی باشترەوە هەیە، جگە لەتەندروستیی دڵ‌و خوێنبەرەکان، لەنێوکەسانی بەتەمەندا.

بەگوێرەی دەزگای تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا (NHS)، دەتوانیت مەترسیی توشبونت بەنەخۆشیی بیرچونەوە کەم بکەیتەوە بەمشێوەیە:
ـ خواردنی خۆراکی هاوسەنگ.
ـ پاراستنی کێشێکی تەندروست.
ـ وەرزشکردن بەبەردەوامیی.
ـ وازهێنان لەجگەرەکێشان.
ـ پاراستنی پەستانی خوێن لەئاستێکی تەندروستدا.

و: ئاکۆ ئاڵی