شارپرێس:
لەتوێژینەوەیەکی سەرنجڕاکێشدا کۆمپانیایەکی ئەمریکی هەوڵی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی هەندێک لەئاژەڵە لەناوچوەکان لەڕێگەی گۆڕانکاری بۆماوەییو بەکارهێنانی DNA یان ئاشکراکردوە، ئێستا کۆمپانیاکە کاردەکات بۆ "زیندوکردنەوەی" ئەو مامۆسە توکدارە لەڕێگهی بەکارهێنانی جینی فیل.
کۆمپانیای کۆلۆسال بایۆساینس كه کۆمپانیایەکی تایبەتە لەبەرەنگاربونەوەی لەناوچون، کار لەسەر هێنانەوەی کۆرپەلەیەک لەمامۆسێکی پەشمی دەکات، لەڕێگەی پەرەپێدانی جینو دی ئێن ئەی، بۆئەوەش جینەکانی فیلی ئاسیا دەستکاریکران بۆ ئەوەی توکی ئەستورو چینێکی چەوری پێبدرێت کە ڕێگە بەمامۆسەکە دەدات بۆ ئەوەی لەژینگەیەکدا بژی کە پلەی گەرمی زۆر نزمە.
دی ئێن ئەی ئەم مامۆسە توکدارە بەڕێژەی 99.6% هاوشێوەی دی ئێن ئەی فیلەکەی ئاسیایە، ئەمەش وایکردوە زاناکان باوەڕیان بەوە هەبێت کە ئەوان لەڕێگهدان بۆ گەیشتن بەئامانجەکەیان.
کۆمپانیاکە لەماڵپەڕەکەیدا ڕایگەیاندوە، “ئێمە لەئێستاوە لەپرۆسەی نەهێشتنی قڕانی مامۆسی توکدارداین، چونکە نمونەیDNA ی زیندوییمان کۆکردۆتەوەو دەستکاریی جینەکان دەکەین کە ڕێگە بەم ئاژەڵە جوانو زەبەلاحانە دەدات جارێکی دیکە بگەڕێنەوەو لەجەمسەری باکوردا بژین”.
لەڕوی تەکنیکییەوە زاناکان DNA دەستکاریکراو لەجۆرێکی لەناوچوو دەخەنە ناو ناوکی خانەیەکی دوبارەبوەوەو ئەم تەکنیکە بەکاردەهێنن بۆ زیندوکردنەوەی جۆرەکانی زیاتر، لەوانە ئەوانەی کە پاشماوەکانیان بەباشی نەپارێزراون.
و: ئاکۆ ئاڵی