ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بە هاوكاری عێراق شنگالیش دەگرێتەوە

کوردستان

29/03/2024‌ 882 جار خوێندراوه‌ته‌وه



توێژەرانی كاروباری سیاسی و ئەمنی ئاماژەیان بەوە كردووە كە ڕێككەوتنێك لە نێوان لایەنی عێراقی و توركیادا هەیە سەبارەت بە نیازی توركیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی گەورە لە هەرێمی كوردستان بۆ نەهێشتنی پارتی كرێكارانی كوردستان و ئەو بابەتەش لە سەردانەكەی سەرۆكی توركیا بۆ عێراق تاوتوێ دەكرێت كە بڕیارە دوای جەژن ئەنجامی بدات.

  موعتەز موحی، شرۆڤەكاری ئەمنی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند: لایەنی عێراقی و توركیا زیاتر لە جارێك جەختیان لەسەر "ڕێزگرتن لە سنوورەكان و سنوورداركردنی چالاكییە تیرۆریستی و چالاكییەكانی دیكە كردووەتەوە"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی لێكتێگەیشتن.

ئەو شرۆڤەكارە ئاماژەی بەوەشكرد، دیدگایەكی نوێ هەیە بۆ پاراستنی شارەكانی عێراق، هێزەكانی توركیاش بواریان دەبێت بۆ فراوانكردنی بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزانەی بە هەڕەشە بۆ سەر توركیا دەزانرێن وەك ناوچەكانی شنگال و ئەوانی دیكەش.

 جەختیشی لەوە كردەوە كە عێراق و توركیا لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ڕێكدەكەون چونكە ئەو ڕێككەوتنەی كراوە و ئەو ڕاپۆرتانەی كە دوای ئەنجامی كۆبوونەوەكان بڵاوبوونەوە، پاڵپشتی ئەم بابەتە دەكەن، چونكە كێشەی عێراق دەبێت بەم ئەنجامانە كۆتایی پێبێت.

دەشڵێت، عێراق بە هاوكاری توركیا هەوڵ دەدات سنوورەكانی كۆنترۆڵ بكات، چونكە ئەو هێزانەی نەیاری توركیان لە ناوخۆی عێراقیش فراوانتر بوون و لە سنووری عێراق و ئێران‌و لە ناوچەكانی نزیك سلێمانی و ناوچەكانی دیكەداش ئامادەییان بووە.

لای خۆیەوە شارەزای كاروباری سیاسی، جاسم غەرابی دەڵێت، عێراق ئەمڕۆ بە دوای گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیریی خۆی دەگەڕێت، هەروەها حكومەتی سودانی دەستیكردووە بە پەرەپێدانی ئاسایش و كۆنتڕۆڵی دۆخی خزمەتگوزارییەكانی كردووە.