نێچیرڤان بارزانی لەسەر مووچە و بودجە و نەوت سەردانی بەغدا دەكات

کوردستان

04/04/2024‌ 644 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 رۆژی شەممە، نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەكات و چاوی بە محەمەد شیاع سوودانی دەكەوێت.
 
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر مەلەفی بودجە و مووچە، نەوت و هەناردەكردنەوەی، هاوكات پەیوەندییەكی تەندروست و باش لەنێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەكات.
 
دڵشاد شەهاب دەڵێت "بەپێی یاسا و وەكو كارەكتەرێكی كاریگەر و بەهێزی كوردستان و عێراق، نێچیرڤان بارزانی بەرپرسە لە رێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، چارەسەركردنی كێشە و تەنگژەكان، نەهێشتنی گرفتە ئابوورییەكان لەنێویاندا مەلەفی بودجە و مووچە و نەوت".

وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند "نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا جەخت دەكاتەوە لەسەر جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێككەوتنی لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە حكومەتی لەسەر دامەزراوە و بەڵێنی جێبەجێكردنیان دراوە، بەڵام لە راستیدا جێبەجێ نەكران".
 
دڵشاد شەهاب دەشڵێت، "نێچیرڤان بارزانی مەبەستیەتی نێوانی هەولێر و بەغدا تۆكمە و باش و دۆستانە بێت، بە قسە و لێدوانی میدیایی تێكنەچێت و لە داهاتوودا خەڵك باجەكەی بدات و ببێتە هۆكاری دواخستن و خەرجنەكردنی مووچەی خەڵكی كوردستان".