شارپرێس-کەنداڵ جودی:
لە شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان کە لەژێر داگیرکاری تورکیادایە، لە مانگی ئاداری ٢٠٢٤ گروپە چەکدارەکان ٨ کوردیان کوشت و ٦٥ی دیکەیان ڕفاند.
ناوچەی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ەوە لەژێر داگیرکاری تورکیا و چەکدارەکانیدایه.
پەیامنێری شارپرێس لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەو پێشێلکاری و تاوانانەی ڕۆژانە لە عەفرین ڕوودەدەن لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی مافی مرۆڤ و سەرچاوە تایبەتەکانیەوە بە بەڵگە دەکات.
لەو چوارچێوەیەشدا لە ناوچەی عەفرین لە مانگی ئاداری 2024 وەک مانگەکانی پێشوو تاوان و سەرپێچی زۆر لەبەرامبەر کورد کراون.
ژمارەی کورد پێش داگیرکاری (٢٠١٨) لەسەدا ٩٥-٩٨ بووەو دوای ٦ ساڵ لە داگیرکاری، ڕێژەی کورد ٢٣سەدە ، واتە ژمارەی کورد تەنها ١٥٠ هەزار کەسن له عەفرین.
کوشتن!
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا و سەرچاوە تایبەتەکان لە ناوخۆی عەفرینەوە بە شارپرێس دراوە، دەوڵەتی تورکیا و چەکدارەکانی لە مانگی ئاداردا ٨ کوردی خەڵکی عەفرینیان کوشتووە. لەنێویاندا کوشتنی ئەحمەد خالیدی تەمەن 15 ساڵ لە عەفرین لەلایەن عەرەبێکی خەڵکی ئیدلبەوە هەیە.
ڕفاندن!
بەگوێرەی سەرچاوەکانی شارپرێس، لە مانگی ئاداردا دەوڵەتی تورکیا و گروپەکانی ٦٥ کوردیان لە عەفرین ڕفاندووە کە ٢ ژنیان تێدابووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس کەوتوون، ژمارەیەک لەوانەی ڕفێندراون، دەوڵەتی تورکیا ئەوانی بردونیەتە ناو خاکی تورکیا و دەگوترێت لە دادگاکانی دەوڵەتی تورکیا دادگایی دەکرێن.
ئەمەش پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە دەوڵەتێکی دراوسێ ناتوانێت هاووڵاتیانی دەوڵەتێکی دیکە بڕفێنێت و لە دادگاکانی خۆیدا دادگایییان بکات.
گۆڕانی دیمۆگرافی
دەوڵەتی تورکیا جگە لە کوشتن و ڕفاندنی کورد، بەردەوام لە ڕێگەی دامەزراوە بەناو خێرخوازییەکانەوە دیمۆگرافیای عەفرین دەگۆڕێت.
لەو چوارچێوەیەدا دەوڵەتی تورکیا دوو گوندی لە ناوەندی شاری جندیرێس لەسەر خاکی کورد دروستکرد و خەڵکی شوێنی تریان لێ نیشتەجێدەکات، دەوڵەتی تورکیا بەم ستراتیژە هەوڵ دەدات شوناس و بوونی کورد لە عەفرین بەتەواوی لەناو ببات.
لەناوبردنی سروشت
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا دەڵێت، دەوڵەتی تورکیا لە مانگی ئاداردا زیاتر لە 250 داریان لەسنوری عەفرین بڕیوە و فرۆشتوویانە.