پارتى هێرشێكى توند ده‌كاته‌سه‌ر وه‌زاره‌تێكى عێراق

کوردستان

15/05/2024‌ 3293 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتى له‌ڕێگه‌ى وته‌بێژى فراكسیۆنه‌كه‌ى له‌په‌رله‌مانى عێراق دژى ناردنه‌وه‌ى ئاواره‌ ئێزدیه‌كانه‌ بۆ زێدى خۆیان‌و ئه‌وكاره‌ش به‌جینۆساید ناوده‌بات، ده‌شڵێت:"ئه‌وه‌ى ڕوده‌دات جینۆسایدێكی نوێیه‌و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كۆچ‌و كۆچبه‌رانی عێراقه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت".


ڤیان ده‌خیل وته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی له‌په‌رله‌مانی عێراق له‌ڕێگه‌ى میدیاى نزیك له‌حزبه‌كه‌ى خۆیه‌وه‌ ڕایگه‌یاندوه‌، "به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی ئێزدی‌و شنگالییه‌كان بۆ ناوچه‌كانیان كه‌ تائێستا نائارام‌و ناسه‌قامگیره‌، جینۆسایدێكی نوێیه‌و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كۆچ‌و كۆچبه‌رانی عێراقه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت".

ده‌خیل وتوویه‌تى:"وه‌زاره‌تی كۆچ‌و كۆچبه‌رانی عێراق به‌مه‌به‌ست‌و ئامانجێكی سیاسی، ده‌یه‌وێت كه‌مپه‌كان دابخات‌و ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌كو ده‌ستكه‌وت بۆ خۆی تۆماربكات، له‌كاتێكدا هیچ خزمه‌تگوزاریی‌و ئاوه‌دانییه‌ك له‌شنگال‌و سنوره‌كانی بونیان نییه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌زۆری ئاواره‌كان‌و داخستنی كه‌مپه‌كان، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئاشكرایه‌ لێیان".

پێشتر ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ له‌ڕاپۆرتێكدا باسى له‌وه‌كردبوو، هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ‌و كۆچبه‌رانی عێراق بۆ داخستنی كه‌مپی ئاواره‌كان له‌هه‌رێم كه‌ نزیكه‌ی 157 هه‌زار كه‌س له‌ 23 كه‌مپدا نیشته‌جێن، هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌لامه‌تیی ئاواره‌كانی شنگال ده‌كات.

ڕێكخراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وەشكردوه‌، "به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی شنگالییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت وه‌ك پێویست قه‌ره‌بوی نه‌كردونه‌ته‌وه‌، دوباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ش پشتگوێخراوه‌و دۆخی تەناهی شاره‌كه‌ش سه‌قامگیر نییه‌، ده‌یان گروپ‌و میلیشیای چه‌كدار له‌ناوشاره‌كه‌و ده‌وروبه‌ری بڵاوبونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ نائارامی وایكردوه‌، به‌شی زۆری ئاواره‌كانی شنگال ژیانی ناو كه‌مپه‌كانیان له‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانیان پێ باشتربێت".

ئەمە لەکاتێکدایە نزیکەی 10 ساڵ بەسەر ئاوارەبونی دانیشتوانی شنگال‌و ناوچەکانی سوننەنشینەکان بۆ هەرێم تێدەپەڕێت، دانیشتوانی ئەو ناوچانە لەبەر مەترسییەکانی داعش ئاوارەبون، بەڵام ئێستا بەهۆی جیا جیا ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، حکومەتی هەرێمیش بەردەوام جەختی لەوەکردوەتەوە ئامادەیه‌ هاوکاریی حکومەتی فیدراڵ بکات لەگەڕانەوەی ئاوارەکان بەو مەرجەی زامنی سەقامگیریی ناوچەکانیان‌و مافەکانیان بکرێت.