نه‌شته‌رگه‌ریه‌كى به‌په‌له‌ بایدنى له‌مردن ڕزگاركرد

جیهان

15/05/2024‌ 1395 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاى ئه‌مریكى ئاشكرایكرد، سه‌رۆكی ئه‌مریكا زۆری نه‌مابوو بمرێت، به‌ڵام نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی به‌په‌له‌ ڕزگاریكرد، لاى خۆیه‌وه‌ بایدن له‌ یاداشته‌كانیشیدا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشاوه‌، له‌ مردنێكی ڕاسته‌قینه‌ و حه‌تمیی ڕزگاری بووه‌.


ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئه‌مریكی بڵاویکردووەتەوە، جۆو بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا ماوه‌یه‌ك بوو سه‌رئێشه‌یه‌كی توندی ده‌گرت تاوەکوو لە زستانی ساڵی 1988 ئازارەکەی توندتر بوو.

بایدن كه‌ ئه‌و كات تەمەنی 45 ساڵ بووە، له‌ بری ئه‌وه‌ی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ بكات، لەگەڵ یەکێک لە یاریدەدەرەکانی گەشتێکی بۆ ویلایەتی دێلاوێر كردووه‌ و هەوڵی داوه‌ کەمێک بخەوێت و پشوو بدات، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک بە ئازارێکی زیاترەوە لە خەو هه‌ستاوه‌ و بەپەلە گه‌یاندویانەتە نەخۆشخانەی سانت فرانسیس.

پاشان پزیشکەکان خوێنیان لە شلەی بڕبڕەی پشتیدا دۆزییەوە، كه‌ به‌ پێی پزیشكه‌كان مه‌ترسیدار بووه‌، نه‌خاسمه‌، په‌یوه‌ندیی به‌ دیواری خوێنبه‌رێكه‌وه‌ هه‌بووه‌ له‌ خواره‌وه‌ی مێشكدا و ئاماژه‌یه‌ك بووه‌ بۆ تووشبوون بە كێشه‌ی خوێنبەرەکان.

ڕاپۆرته‌ پزیشكییه‌كان ئه‌و كات ئه‌وه‌یان خستبووه‌ ڕوو، مەترسییەکە زۆر گەورە بوو ئەگەر جارێکی دیکە خوێنبەرەکە بتەقێتەوە و ببێتە هۆی ئەوەی خوێن بەرەو مێشکی بڕوات، ئەوا بایدن لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە بێتوانا ده‌بێت یانیش ڕه‌نگه‌ بیكوژێت.

واشنتۆن پۆست سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشاوه‌، قەشەیەک بانگ کرا بۆ تەنیشت جێگاکەی بۆ ئەوەی دوا ڕێوڕەسمەکان بەڕێوە ببات، بەڵام جیل بایدنی هاوژینی کە فەرمانی پێ کرابوو لە دەرەوەی ژوورەکە بمێنێتەوە، هاوارێکی لێ کرد کە بڕوات و ڕەتی کردەوە دوا ڕێوڕەسمەکانی پێبدات.

پزیشکەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە تەنیا یەک هیوا ماوە، ئەویش بایدن پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی دەستبەجێ و مەترسیدارە.

دواتر بایدن بۆ سەنتەری پزیشکی سەربازی واڵتەر ڕید لە واشنتۆن گوازرایه‌وه‌، به‌ڵام مه‌ترسیی ته‌قینه‌وه‌ی خوێنبەرەکانی لێ ده‌كرا له‌ ماوه‌ی گواستنه‌وه‌یدا. دوای گه‌یشتنیشی بۆ نه‌خۆشخانه‌كه‌ پزیشكان كونێكی دوو ئینجیان له‌ سه‌ری كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌پاخی سه‌ری هه‌ڵبگرن.

پزیشكان باسیان له‌وه‌ كردووه‌ بایدن بەخت یاوه‌ری بووە، چونکە پێش نەشتەرگەرییەکە باری جەستەیی باش بووە، دەشڵێن: خوێن نەچووە ناو مێشکییەوە، خوێنی لە دەوری مێشکیدا دەرچوو، بۆیە هیچ زیانێک به‌ر مێشکی نه‌كه‌وتووه‌.

بایدن لە یاداشتی ژیانیدا نووسیویەتی، ئازاره‌كانی ئه‌و كات سه‌خت بوون و له‌ مردنێكی ڕاسته‌قینه‌ نزیكیان ده‌كرده‌وه‌، كه‌ هه‌نده‌ی نه‌مابوو مێشكی پڕ بێت له‌ خوێن و بته‌قێته‌وه‌.

بەپەلە