شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى بەرگریى شارستانیى هەرێم بۆ دوربون لەمەترسییەکانى کەوتنەوەى ئاگر لەوەرزى گەرمادا، لەڕاگەیەندراوێکدا ژمارەیەک ڕێنمایى بڵاوکردەوە، دهشڵێت:"بەھۆی زۆرى بارانی ئەمساڵو بەرزبونەوەى ڕێژەی ئاوی بەستو چەمو بەنداوەكان، بهباشمانزانى چەند ڕێنماییەك بڵاوبكەینەوە، تاوەكو هاوڵاتییان توشى هیچ مەترسییەكی گیانىو ماڵیی نەبنەوه".
دهقى ڕێنماییهكان:
ـ نابێت بههیچ شێوەیەك ئاگر لەپوشو پەڵاشی پێش ماڵ یاخود لهدەشتو دەرو گۆڕستانو باخو بێستانەكان بەر بدەن.
ـ نابێت لهكاتى گەشتو سەیران ئاگر لهدەشتو چیاو شوێنی گشتی بكرێتەوه، كه قەبارەى ئاگرەکە گەورهبێت یان پاشماوەى ئاگر بەجێبھێڵین، چونكه بەھۆی (با)وە ئەو ئاگرە بڵاودهبێتەوە.
ـ فڕێنەدانی جگەرهو بەجێنەھێشتنی پاشماوەی خەڵوزى نێرگەلە.
ـ بەكارنەھێنانی یاریی ئاگرین لهكاتى سەیران، بهتایبەتى لەلایەن منداڵانهوه.
ـ نیشانەدانەنانو تەقەنەكردن بهچەكى ئاگرین، بهتایبەت لهدەشتەکان.
ـ فڕێنەدانى بتڵی شوشهو دەبەى ئەو پاشماوه یاخود مادده سوتێنەرەكان، وەک گازو بەنزینو نەوتو ئەو ماده جەلییانەی بۆ گەشانەوەى خەڵوز (ڕەژوو) بهكاردێت.
ـ شۆفێری دەڕاسە نابێت لهناو دەغڵو پاوان دەڕاسەكەی چاك بكات یان لەحیمو كۆسەرە بەكاربھێنێت، یاخود ئاگربكاتەوە بهمەبەستى خواردن دروستكردن.
ـ نابێت ئەوانەی دەچنە نزیك چەمو ڕوبارو بەستو بەنداوەكان، مەلە بكەن یان ڕێگه بهمنداڵەكانیان بدەن مەله بكەن.
- ئاگهداری ئەو منداڵانە بن كه خاوەنپێداویستیی تایبەتن، یان نەخۆشیی ئۆتیزمیان هەیە؛ نزیك نەكەونەوه لهئاوی چەمو ڕوبارەكان.
ـ گەشتیارى بیانىو خواروی عێراق دەبێت ئاگاداری ئەو شوێنانە بن كه گەشتى بۆ دەكەن، یان سەردانى دەكەن، تاكو توشى ھەڵدێرانو خنكان نەبن، چونكه ئاوی كوردستان سارده هەر چەنده مەلەوانیش بن، بەھۆی ساردیی ئاوەکان، دەبێتە ھۆی گرژبونی دەمارو خنكانیان.