پارێزگارى هه‌ولێر هۆكارى شه‌ڕه‌ته‌قه‌كه‌ى ئه‌وشاره‌ ئاشكراده‌كات

کوردستان

11/06/2024‌ 760 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر هۆكارى شه‌ڕه‌ته‌قه‌كه‌ى ئه‌وشاره‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و ڕوداوه‌ی دوێنێ كه‌ ڕوداوێكی زۆر ناخۆش بوو، بۆ كێشه‌ی زه‌وی‌و زار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ 10 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕویداوه‌"، ده‌شڵێت، "كه‌یسه‌كه‌ له‌دادگا بوو، به‌ڵام هه‌ردولایه‌نی شه‌ڕه‌كه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی دادگایان نه‌كردو به‌وهۆیه‌وه‌ چوار كه‌س له‌هه‌ردولا كوژران".


ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر سه‌ردانى قائیمقامیه‌تی قه‌زای عه‌ینكاواى له‌شارى هه‌ولێر كردو دواتر له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به‌شه‌ڕه‌ته‌قه‌كه‌ی دوێنێی گه‌ڕه‌كی هه‌ولێری نوێ وتى:"ڕوداوه‌كه‌ی دوێنێ زۆر ناخۆش بوو، ڕۆحی ئه‌وكه‌سانه‌ شادبێت كه‌ بونه‌ قوربانی‌و چوار كه‌س تائێستا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌".

وتیشی، "ده‌زگاكانی ئاسایش‌و پۆلیس ئه‌وه‌ی پێویستبوو گرتویانه‌ته‌به‌ر له‌باره‌ى ڕوداوه‌كه‌ به‌تایبه‌ت پارێزگاریكردن له‌گۆڕستان‌و نه‌خۆشخانه‌كان بۆئه‌وه‌ی زیاتر شه‌ڕه‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ نه‌كات".

ئه‌وه‌شى وت:"ئه‌و بابه‌ته‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی له‌سه‌ر دروستبوه‌، هی ئێستا نییه‌، ئه‌و كێشه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ هی 10 ساڵ پێشتر بێت، زه‌ویه‌ك بوه‌ به‌كه‌سێك دراوه‌ كه‌ وه‌به‌رهێنه‌رێكه‌و له‌ئه‌نجامدا پڕۆژه‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌و لێی وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌، جارێكی دیكه‌ به‌پرۆسه‌یه‌كی ئاسایی زه‌ویه‌كه‌ به‌وه‌به‌رهێنه‌رێكی دیكه‌ دراوه‌".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "پێدانی زه‌وی به‌وه‌به‌رهێنه‌ران یان وه‌رگرتنه‌وه‌ی، په‌یوه‌ندیی به‌پارێزگاوه‌ نییه‌، به‌ڵكو دوای ڕه‌زامه‌ندی وه‌به‌رهێنان، شاره‌وانی زه‌ویه‌كه‌ دیاریده‌كات".

باسى له‌وه‌شكرد، "هه‌ردولایه‌نی شه‌ڕه‌كه‌ خۆیان خۆی به‌خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی زه‌ویه‌كه‌ ده‌زانن، كه‌یسه‌كه‌ش له‌دادگا بوه‌و چه‌ندینجار دانیشتنیان كردوه‌و سكاڵایان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌بوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی دوێنێ بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ڕانه‌وه‌ستن له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی دادگاو ئه‌و ژماره‌ قوربانیه‌ زۆره‌ی لێكه‌وته‌وه‌".