شارپرێس:
توێژینەوەیەک ئاشكرایكردوه، تاتۆکردن ئەگەری توشبون بەجۆرێک شێرپەنجە بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە، کۆمەڵێک توێژەریش لەزانکۆی لوند لەسوید توێژینەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ وەڵامدانەوەی ئەوەی کە ئایا تاتۆکردن ئەگەری توشبون بەشێرپەنجە زیاد دەکات یان نا.
توێژینەوەکە هەموو ئەوکەسانەی لەسوید بەنمونە وەرگرتوە کە توشی لیمفۆما، واتە شێرپەنجەی لیمف (Lymphoma) بونو تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 60 ساڵدا بوە، لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2017 بۆ هەر کەسێک کە توشی لیمفۆما بوە، سێ کەسی هەڕەمەکی لەهەمان ڕەگەزو تەمەندا دەستنیشانکراون.
توێژەران بۆیان دەرکەوتوە ئەوکەسانەی تاتۆیان هەیە بەڕێژەی 21% مەترسی توشبونیان بەلیمفۆما زیاترە لەچاو ئەوکەسانەی تاتۆیان نییە.
لیمفۆمای شێرپەنجەیی جۆرێکی دەگمەنی شێرپەنجەیە کە کاریگەری لەسەر خڕۆکە سپییەکان (لیمفۆسایتەکان) دەبێت بەگوێرهى ئامارەکانی دەستەی نیشتمانیی تەندروستییو خۆشگوزەرانیی، لەساڵی 2022دا، لەهەر 100 هەزار کەس کە تەمەنیان لە 20 بۆ 60 ساڵدایە، 22 کەسیان توشی لیمفۆما بون.
بهگوێرهى توێژینەوەکە، پێناچێت قەبارەی تاتۆکە گرنگ بێت، ئەوەی گرنگ بوو کاتەکەی بوو، واتە بەشداربوان چەند کاتیان بردوە بۆ کێشانی تاتۆکە، پێدەچێت مەترسیی بۆ تاتۆی نوێ (کە لەماوەی دوو ساڵدا بەدەستدێت) زیاتربێت.
باس لەوەشکراوە، پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر بابەتەکە بکرێت، بەڵام ئەوەی توێژینەوەکە پێمان دەڵێت ئەوەیە کە بۆ ئەوکەسانەی تاتۆیان هەیە، گرنگە بزانن کە تاتۆ ڕەنگە کاریگەریی لەسەر تەندروستیی هەبێتو پێویستە داوای چاودێریی پزیشکی بکەن ئەگەر هەستیان بە هەر نیشانەیەک کرد کە ڕەنگە پەیوەندیی بەتاتۆوە هەبێت.
و: ئاکۆ ئاڵی
