ئاژانسێکی نێودەوڵەتی ئاماری هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێم بڵاودەکاتەوە

کوردستان

18/06/2024‌ 374 جار خوێندراوه‌ته‌وه



لەژێر ناونیشانی "تورکیا لەمساڵدا زیاتر لە 800 جار هێرشی کردۆتە سەر باکووری عێراق"، ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئاشووری ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی حوزەیرانی 2024، سوپای تورکیا 833 هێرش و بۆردومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و لەئەنجامی هێرشەکاندا هەشت هاوڵاتی مەدەنی کوژران.

لە ڕاپۆرتەکەدا لە زاری ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤەوە کە چاودێریی هێرشەکانی تورکیا دەکات ڕایگەیاندووە، پارێزگای دهۆک و هەولێر لە هەرێمی کوردستان پێشەنگن لە ژمارەی هێرشەکانی تورکیا بە ڕێژەی 365 و 356 هێرش، دواتر سلێمانی بە 102 هێرش، هەرێمی شنگالیش لە پارێزگای نەینەوا بە 10 هێرش.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تورکیا زۆرجار ناوچە شاخاوییەکانی باکووری هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات بە بیانووی بە ئامانجگرتنی پەکەکە کە لە شاخەکان جێگیرە، بەڵام زۆرجار خەڵکی سڤیل دەکەونە بەر ئاگری ململانێی نێوان تورکیا و پەکەکەدا .

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەهۆی پێکدادانەکانەوە، زۆرێک لە خێزانەکان لە گوندەکانی هەرێمی کوردستان ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن ، بەتایبەتی ئەوانەی لە باکوری پارێزگای دهۆک لە نزیک سنووری تورکیان و تەواوی گوندەکان چۆڵ بوون.

ئاژانسەکە بڵاویکردۆتەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا پێش ساڵی 2020 لە سەرتاسەری ناوچەکەدا 500 گوند چۆڵ کراون، بەڵام تا سەرەتای ئەمساڵ ئەم ژمارەیە دوو هێندە زیادی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنقەرە لە ساڵی 2023دا بە گشتی هەزار و 586 هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا ئەنجامداوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی