گرژیی ئەتۆمیی نێوان رووسیا و ناتۆ بۆ ئاستێکی مەترسیدار هەڵدەکشێت

جیهان

18/06/2024‌ 473 جار خوێندراوه‌ته‌وه



سەرۆکایەتیی کۆماری ڕووسیا (کرێملین) ڕایگەیاند، لێدوانەکانی ینس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ سەبارەت بە دانوستانەکان بۆ جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمیی زیاتر ئاماژەی هەڵکشانی گرژییەکانە.

ستۆڵتنبێرگ بە ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی ڕاگەیاندووە ، هاوپەیمانییەکەیان کار لەسەر جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمیی زیاتر و دەرهێنانی لە کۆگاکان و دانانی لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەکات، ئەمەش لە بەرانبەر زیادبوونی هەڕەشەکانی ڕووسیا و چین.

لای خۆیەوە، دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین ڕایگەیاند ، پێدەچێت لێدوانەکانی ستۆڵتنبێرگ پێچەوانەی بەیاننامەی کۆنفرانسی ئۆکرانیا بن، کە تێیدا هاتووە هەر هەڕەشەیەک یان بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەوەی لە ئۆکرانیا ڕوودەدات قبوڵ ناکرێت.

پێسکۆڤ سەبارەت بە لێدوانەکانی ستۆڵتنبێرگ هەروەک وتویەتی:" "ئەمە جگە لە پەرەسەندنێکی دیکەی گرژییەکان هیچی تر نییە".

ڕووسیا ڕایدەگەیەنێت، ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی جیهان پاڵدەنێن بۆ لێواری ڕووبەڕووبوونەوەی ئەتۆمی، بە پێدانی ملیارەها دۆلار چەک بە ئۆکرانیا، کە بەشێکیان لە دژی خاکی ڕووسیا بەکاردەهێنرێن.

بەپێی ئاماری فیدراسیۆنی زانایانی ئەمریکا، ڕووسیا و ئەمریکا بە جیاوازییەکی زۆر دوو گەورەترین هێزی ئەتۆمی جیهانن، بەو پێیەی خاوەنی نزیکەی لەسەدا 88ی چەکی ئەتۆمیی جیهانن.
بەگوێرەی گۆڤاری زانایانی ئەتۆمی، ئەمریکا خاوەنی نزیکەی 100 چەکی ئەتۆمی B61ی ناستراتیجییە کە لە پێنج وڵاتی ئەوروپیدا جێگیرکراون، ئەوانیش ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، تورکیا، بەلجیکا و هۆڵەندا. ئەمریکا 100 چەکی دیکەی لەو جۆرەی لە سنوورەکانی خۆیدا هەیە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی