شارپرێس:
په‌رله‌مانتارێكى كورد له‌به‌غدا نوێترین زانیاریی له‌باره‌ى مووچەی مانگی پێنجى هێزە ئەمنییەکان‌و مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێم‌و تەوتینکردن لەگەڵ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ناتوانم بڵێم به‌دیاریكراوى فڵانه‌ش ڕۆژ موچه ڕه‌وانه ده‌كرێت، به‌ڵام گەرەنتی موچە هەیە ئەگەر گرفتی لاوەکی بۆ دروستنەکرێت".
دارا سێکانیانی په‌رله‌مانتارى كورد له‌به‌غدا ئاشكرایكرد، "ئێستا ئەوەی گرفتە هەرێم باس لەپرۆسەی هەژماری من دەکات‌و حکومەتی عێراقیش پێداگرە کە لەبانکە فیدڕاڵییەکانەوە تەوتین بکرێت".
ده‌شڵێت:"باس لەوەشکراوە کە بانکی (تی بی ئای) بۆ ئەو پرۆسەیە ڕاسپێردراوە، بەڵام بەداخەوە جۆرێک لەخاویی‌و سستی هەستى پێدەکرێت کە ئەمیش پێموایە دورنییە ببێت بەکێشەو لەمپه‌ڕێك بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، تائێستاش زانیارییەکان بەو شێوەیەیە، بەڵام پێموایە لەداهاتودا هەر دەبێت ئەو پرۆسەیە سەربگرێت، چونکە ناکرێت بەپێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هەنگاوی بۆ بنرێت".
سەبارەت بەناردنی موچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکانیش سێکانیانی وتویه‌تى، "هەردوو حکومەت پابەندن بەبڕیاری دادگاوە، بەڵام دیارە هەندێک ڕێکاری ئیداریی‌و کارگێڕیی هەیە بەتایبەت دوای ئەوەی کە لیست دەنێردرێت، بۆ وادەی ناردنی پارەکەش پەیوەندیی بەسیولەوه هه‌یه دەبێت بانکی ناوەندیی ئەو پارەیەی لەبەردەستدا بێت".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ڕه‌تیكردوه‌ته‌وه زانیاریى هه‌بێت له‌باره‌ى واده‌یه‌كى دیاریكراو بۆ ناردنى موچه‌ى مانگى پێنجى هێزه ئه‌منیه‌كان‌و مانگى شه‌شى فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام ده‌ڵێت:"له‌باره‌ى کاته‌وه ناتوانم بڵێم، چونکە چەندینجار وتویانە بەیانی‌و دوو بەیانی دەنێردرێت‌و بوە بەهەفته‌و زیاتریش، بەڵام ئه‌وه‌ى گرنگه ئه‌وه‌یه گەرەنتی موچە هەیە ئەگەر گرفتی لاوەکی بۆ دروستنەکرێت".
زیاتر له‌باره‌ى موچه‌وه وتویه‌تى:"هەرێم بەردەوام لیستەکان دوادەخات، وا 20ی مانگە دەبێت هەرێمی کوردستان لیستی موچە ئامادەبکات‌و بینرێت، بەڵام کە دواخرا ناردنی موچەش دوادەکەوێت، ئێستاش پشوە یەکشەممە دەوامدەکرێتەوە ئەگەر هەرێم لیستەکەی ئامادەکردبێت کارێکی باشە ئەگەر ئامادەش نەبێت دوادەکەوێت".
بۆ پله‌بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دارا سێکانیانی نه‌یشاردوه‌ته‌وه، "بابەتی پلە بەرزکردنەوەو خانەنشینی لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، حکومەتی هەرێم کە دەیزانی موچە دەچێتەوەسەر بەغدا، دەبوو لەماوەی ئەو سێ مانگەی ساڵی ڕابردودا بڕیاری لەسەر پلەبەرزکردنەوەو تەنانەت خانەنشینی کە عێراق هەرێمی پابەندکردوە کار بەیاسای ساڵی 2014، بەڵام هەرێم نەیکردوە".
