نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى ناردنى لیستى موچه‌ بۆ به‌غدا ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

27/06/2024‌ 10794 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواى ئه‌وه‌ى ئێواره‌ى دوێنێ حكومه‌تى هه‌رێم داواى لەوەزارەتەکان کرد بەردەوامبن لەسەر ناردنی لیستی موچەی موچەخۆران‌و تەرازوی پێداچونەوەی مانگانەی داهات‌و خەرجی‌و میلاکی هەرێم لەکاتی خۆیدا بۆ به‌غدا، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم ئاشكرایكرد، ئه‌مڕۆ لیستى موچه‌ى سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان ڕه‌وانه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی عێراق ده‌كرێت.


ئێواره‌ى ڕابردوو دواى كۆتاییهاتنى كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم، حكومه‌تى هه‌رێم له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا، سەرجەم وەزارەتەکان راسپێردران کە پێویستە بەردەوامبن لەسەر ناردنی لیستی موچەی موچەخۆران‌و تەرازوی پێداچونەوەی مانگانەی داهات‌و خەرجی‌و میلاکی هەرێم لەکاتی خۆیداو بەردەوامبن لەپێشکەشکردنی کارئاسانی پێویست بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی‌و هەرێمى کوردستان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لەوردبینی و پێداچونەوە.

حكومه‌تى هه‌رێم نوسیبوى، "ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی‌و ئابوری ڕاسپاردوه‌ پەلەبکەن لەناردنی لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی شه‌ش بۆ بەغداو هەروەها ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لەداهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ ئەژمێری وەزارەتی دارایی عێراق".

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم به‌شارپرێسى وت، "لیستی موچەی مانگی شەشى سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان بەکاغەزو بەسیدی ئامادەکراوەو تەنانەت نوسراوی ناردنی لیستەکەش بۆ بەغدا واژۆکراوەو بڕیارە ئەمڕۆ ڕه‌وانه‌ى به‌غدا بكرێت".

سه‌رچاوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی بێئاگایى خۆى له‌و هه‌واڵه‌ ڕاگه‌یاند، گوایه‌ 10 ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر وه‌زاره‌تى دارایی عێراف به‌نوسراوى فه‌رمى داواى له‌وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم كردوه‌ لیستى موچه‌یان بۆ ڕه‌وانه‌ بكه‌ن.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشى:"به‌غدا هیچ كات ئه‌و داواكارییه‌ى ئاراسته‌ى ئێمه‌ نه‌كردوه‌و ناشیكات، چونكه‌ ئه‌و پرسه‌ سیستمه‌و له‌گه‌ڵ ده‌ستكردن به‌دابه‌شكردنى موچه‌ له‌به‌غدا، ده‌بێت له‌هه‌رێمیش ده‌ستپێبكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى ڕێكنه‌كه‌وتنى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا تائێستا له‌هه‌رێم له‌واده‌ى خۆى موچه‌ دابه‌شنه‌كراوه‌ جگه‌ له‌مانگى ڕابردوو".

ئەمەش لەکاتێکدایە به‌شێك له‌میدیاكان باسیان له‌وه‌كردوه‌، زیاتر لە 10 ڕۆژە بەغدا داوای لیستی موچەی کردوەو هەرێم هیچ لیستێكى نه‌ناردوه‌، پێشتر ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبوو، هەرکاتێک هەرێم لیستی موچە بنێرێت ئەوا لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر پارەی موچە لەبەغداوە دەگات، بەوپێیەش بێت ئەگەر ئەمڕۆ لیستەکە بۆ بەغدا بنێردرێت ئەوا لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو پارەی موچەی مانگی شەش دەخرێتەسەر هەژماری هەرێم.