ئەو نهێنییەی هەموان شۆك دەکات؛ سەدام حسێن چۆن ویستی دەوڵەت بۆ کورد دروست بکات و پارتی و یەکێتی لەباریان برد

ڤیدێۆ

07/07/2024‌ 4679 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بیهێنە بەرچاوت لە ژوورێکی لەمشێوەیەدای... ژوورەکە پڕە لە نهێنی و دۆسیەی هەستیار و ئاشکرا نەکراو... دەست بۆ دۆسیەیەك دەبەیت و بەڕێکەوت دەردەکەوێت ئەو دۆسیەیە هەستیارە... تۆ دوو ڕێگەت لەبەردەمدایە؛ دۆسیەکان بە شێواوی و وەك ئەوەی خۆت حەزت لێیەتی بگەیەنیت بە خەڵک، یان بە ئەمانەتەوە دۆسیەکە بگەیەنیت.


بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی دەزگای هەواڵگریی عێراق کە لە پەڕاوی دەزگاکەدا هەیە و سالم جومەیلی، بەرپرسی باڵای دەزگای هەواڵگری عێراق بۆ یەکەمجار ئاشکرایکردووە، بە ماوەی کەمتر لە ساڵێک لە لێدان لە ڕژێمەکەی سەدام حسێن لەلایەن ئەمریکاوە، دەزگای هەواڵگریی کۆبوونەوەیەکی هەستیار ئەنجامدەدەن و کورد و هەرێمی کوردستان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەن... لەو کۆبونەوەیەدا باس لەوە دەکرێت ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتەسەر عێراق هەڵوێستی کورد چی دەبێت؟؟ بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی عێراق دوو بۆچوونیان هەیە؛

یەکەم؛ کورد لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەرناچێت
دووەم؛ کورد بەرەو موسڵ و کەرکوک تا تکریت جوڵە دەکەن


بۆیە زۆر بەوردی هەڵسەنگاندن بۆ ڕۆڵی کورد دەکرێت و هەر لەوێدا بیرۆکەیەك لەلایەن سەرانی هەواڵگریی  بەعس دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆکە.. بیرۆکەکەش ئەوەیە دان بە هەرێمی کوردستان بنرێت وەك دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەو سێ پارێزگایەی کە هەیە واتا هەولێر، سلێمانی و دهۆك...

بەرپرسەکانی هەواڵگریی عێراق کە خاوەنی ئەو بیرۆکەیەن دەڵێن، ئامانجمانە کورد بخەینە بەردەم ددانە تیژەکانی ئێران و تورکیا چونکە ئەوان ڕەحم بە کورد ناکەن و ئیتر کێشەی کورد لەگەڵ ئەوان دەستپێدەکات نەک ئێمە...

بەڵام بەشێک لە بەرپرسەکانی هەواڵگریی بەتایبەت باڵە شۆڤێنیەکە بە توندی ئەو پێشنیازە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن ئەوە دابەشکردنی عێراقە.. کار دەگاتە ئەوەی سەدام حسێن خۆی دێتە سەر خەت بۆ ئەو کێشەیە و لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەرپرسەکان دەڵێت؛ ناتوانین گەلی کورد بە زەبری هێز ناچار بکەین لەگەڵماندا بژین... ئەگەر دەیانەوێت جیاببنەوە، ئێمە زەرەر ناکەین ئەگەر سەربەخۆییان بدەینێ...

بەڵام هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق و لێدان لە ڕژێمەکەی سەدام حسێن ئەو هەلەی بۆ کورد ڕەخسان ببنە خاوەنی نیمچە دەوڵەتێک، ئێوە خۆتان باقیی چیرۆکەکە دەزانن کە لەساڵی 2003 تا ئێستا واتا لەماوەی 21 ساڵدا پارتی و یەکێتی وەك دوو دیارترین حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، چییان بەسەر ئەو بەشە سەربەخۆیەی کورد هێنا کە سێ پارچەکەی تری کوردستان پێشتر خەونیان بەوەوە دەبینی وەك ئێمە ئازاد بن و بتوانن هیچ نەبێ بە زمانی دایک بخوێنن... بەڵام سیاسیی و سەرکردەکانی باشووری کوردستان کارێکیان کرد، ئێستا ئەو سێ بەشەی دیکە هیواخواز نین ڕۆژێك لە ڕۆژان هەمان ئەزموونی ئێمە دووبارە بکەنەوە.

دۆسیە هەستیارەکان تەواو نەبوون، ئەمە هێشتا دەستپێکە و لە شارپرێسەوە بە دۆسیەی نوێ ئاشناتان دەکەین...