هه‌واڵێكى گرنگ له‌باره‌ى هاوتاكردنى موچه‌ى خانه‌نشینانه‌وه‌

کوردستان

13/07/2024‌ 4510 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ئاشكراكراون، حکومەتى هەرێم لەهەوڵدایە موچەى خانەنشینانى هەرێم هاوتاى موچەى خانەنشینانى عێراق بکرێت، میدیاى نزیك له‌یه‌كێتیش ئاشكرایكردوه‌، لەگەڵ ئەوەى زۆرینەى خانەنشینانى پێشمەرگە لەم بڕیارە سودمەند دەبن، بەڵام ژمارەیەکیان موچەکانیان کەمدەکات، واته‌ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ش بڕیارى هاوتاكردنى موچه‌ى خانه‌نشینان ده‌یانگرێته‌وه‌.


به‌گوێره‌ى یاساى خانه‌نیشنى یه‌كگرتوى عێراق، له‌ماده‌ى یه‌كه‌مى یاساكه‌و له‌بڕگه‌ى حه‌وته‌میدا هاتوه‌، "فه‌رمانبه‌ر هه‌ركه‌سێكه‌ كه‌ وه‌زیفه‌یه‌كى پێسپێردرابێت له‌شارستانى یان سه‌ربازیى، یان له‌چوارچێوه‌ى هێزه‌ ئه‌منیه‌كاندا یان ڕاسپێردرابێت به‌خزمه‌تى گشتى یان موچه‌ یان پاداشتێك له‌خكومه‌ت وه‌رده‌گرێت یان بڕه‌ پاره‌یه‌كى له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ لێ ده‌بڕدرێت، هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ سودمه‌ند ده‌بن له‌م یاسایه‌".

سه‌ربارى خودى یاساكه‌، پێشتر سارا حه‌مه‌ نه‌جیب به‌ڕێوه‌به‌رى ژمێریاریى خانه‌نشینى سلێمانى تایبه‌ت بۆ شارپرێس قسه‌یكردو ئاشكرایكرد، هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆ سه‌ربازیى نین‌و ته‌نها پێشمه‌رگه‌ له‌و یاسایه‌ سودمه‌ند نابێت.

وتیشى:"بەهۆی ئەم بڕیارەوە خەڵكێكی زۆر سودمەند دەبێت بەتایبەت خانەنشینان‌و له‌نێویشیاندا هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆ، چونكه‌ جگه‌ له‌پێشمه‌رگه‌، پۆلیس‌و ئاسایش-یش هه‌مان ئه‌و بڕیاره‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، چونكە لەهەرێم كەمترین موچەیان له‌كاتى خانه‌نشینى 220 هەزار دینارە، به‌ڵام بەگوێره‌ى بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم كەمترین موچەی خانەنشینان دوای هاوتاكردن دەبێت 500 هەزار دینار بێت، هەر خانەنشینێكیش پێش ساڵی 2014 خانەنشین بوبێت، موچەكەی دەبێت بە 500 هەزار دینار، بەڵام ئەوانەی دوای 1ی 1ی 2024 خانەنشینبون، به‌گوێره‌ى ساڵی خزمەت‌و بڕوانامە موچەیان دیاریدەكرێت‌و پیاچونەوە بەدۆسیەكەیان دەكرێت‌و بەوەش موچەیان سەروی 500 هەزار دەبێت".

به‌ڵام پێچه‌وانه‌ى لێدوانى ساراحه‌مه‌ نه‌جیب، میدیاى نزیك له‌یه‌كێتى نوسیویه‌تى:"لەکاتى هاوتاکردنى موچەى خانەنشینان‌و کارکردن بەیاساى خانەنشینی یەکگرتوو لەعێراق، سەرجەم هێزە سەربازییەکان‌و هێزەکانى پێشمەرگە دەگرێتەوەو ئەو پێشمەرگانەى بەر لەساڵى 2014 خانەنشینبون بەگشتى لەم بڕیارە سودمەند دەبن، بەڵام ئەوانەى دواى ساڵى 2014 خانەنشینبون بەشێکیان موچەکانیان کەمدەکات، هاوكات ئەو پێشمەرگانەى لەدواى ساڵى 2014 خانەنشینبون‌و خزمەتیان زۆرە، ئەوانیش موچەکانیان بەنزیکەیی ئەو موچەیە دەبێت کە ئێستا وەریدەگرن، بەڵام ئەو ئەفسەرو پێشمەرگانەى کە خزمەتیان کەمبوەو خانەنشینبون موچەى خانەنشینییان کەمدەکات".

بەگوێرەى یاساى خانەنشینیی یەکگرتوى عێراق ئەگەر خانەنشین لەژیاندابێت، خانەنشینى سەربازیى بێت یاخود شارستانى، کەمترین موچەى 500 هەزار دینار دەبێت‌و 100 هەزار دینارى باشترکردنى بژێوی بۆ خەرجدەکرێت.