شارپرێس:
دوای بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی سەبارەت بەپیلانێکی ڕوسیا بۆ تیرۆرکردنی ئارمین پاپەرگەر، بەرپرسی کۆمپانیای ڕاینمێتۆڵ کە هاوکاریی سەربازیی پێشکەش بەئۆکرانیا دەکات، سیاستەمەدارانی ئەڵمانیا ئەوپەڕی توڕەییو نارەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.
هەواڵگریی ئەمریکا پلانی ڕوسیای بۆ تیرۆرکردنی پاپەرگەر ئاشکرا کردو دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیای ئاگادارکردوهتەوە، ئەمەش بوە هۆی توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بۆی.
سی ئێن ئێن دوپاتیکردوهتەوە، بەرپرسێکی حکومەتی ئەڵمانیا دانی بەوەدا ناوە کە بەرلین لەوبارەیەوە هۆشداری پێدراوە.
سەرۆکی لیژنەی کاروباری بەرگریی لەپەرلەمانی ئەڵمانیا، مارکوس فابەر ڕایگەیاند، ئەمە ئەوە نیشاندەدات کە ڕوسیا شەڕو تیرۆری خۆی دەهێنێتە ئەوروپا، هاوکات سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە، مایکل ڕوت ئاماژەی بەوەدا، پوتن شەڕی قڕکردن لەدژی ئۆکرانیاو پشتیوانەکانی بەڕێوەدەبات.
کۆمپانیای Rheinmetall یەکێکە لە گەورەترین دابینکەرانی تەکنەلۆژیای زرێپۆشو تۆپخانە بۆ ئۆکرانیا، هەروەک دامەزراوەیەکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی لەئۆکرانیا کردوهتەوەو بەنیازە تانکی نوێ بەرهەمبهێنێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی سی ئێن ئێن، هەوڵە شکستخواردوەکەی تیرۆرکردنی پاپەرگەر بەشێک بوە لەزنجیرەیەک هێرش کە سەرکردەکانی کۆمپانیاکانی دروستکردنی چەک لەئەوروپایان کردە ئامانج، لەبەرامبەردا، سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا داوای زیادکردنی پشتیوانیی لەئۆکرانیاو وەڵامدانەوەی تۆکمە بۆ ئەم هەڕەشانەی ڕوسیایان کردوە.
