ئیسرائیل: ئیتر جیاوازیی لەنێوان حزبوڵڵاو لوبنان ناکەین‌و ئەوان جەنگیان دژ بەئیسرائیل هەڵگیرساندوە

جیهان

28/07/2024‌ 688 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نەفتالی بینێت سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای هێرشی مەجدال شەمس لەجۆلان، لوبنان‌و حزبوڵڵا شەڕیان لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکردوە، ده‌شڵێت:"تەنها یەک ڕێگه‌ هەیە بۆ ڕێگریی لەدروستبونی جەنگی سەرتاسەریی".


بینێت بەکەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریکی ڕاگەیاند، "دەوڵەتی لوبنان کە حزبوڵڵا سەر بەخۆیەتی، شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکردوە، چیتر جیاوازی ناکەین لەنێوان لوبنان‌و حزبوڵڵا کە بەشێکە لەلوبنان، حزبوڵڵا یەکسانە بەلوبنان‌و نابێت جیاوازیی بکەین لەنێوان ئەو دوانە".

بینێت جەختی لەوەکردەوە، ئیسرائیل دەبێت وەڵامبداتەوە، تاکە ڕێگە بۆ ڕاگرتنی دوژمنەکانمان لەهێرشکردنەسەرمان شەوو ڕۆژ لەیەمەن، ئێران، عێراق‌و لوبنان، وەڵامدانەوەیە بۆیان‌و لێدانیان هیچ ڕێگەیەکی تر نییە.

لەدرێژەی قسەکانیدا وتویەتی:"ئەرکی سەرەکیی حکومەت دابینکردنی ئاسایشە بۆ گەلەکەی، ئەرکی حکومەتی ئیسرائیلیش دابینکردنی ئاسایشە بۆ گەلی ئیسرائیل، ئەگەر ئێوە بەئاماژەدان بەبنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ناتوانن ئەوکارە بکەن، با کەسێکی تر بیکات."

سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئیسرائیل لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێت:"تاکە ڕێگە بۆ دورکەوتنەوە لەگرژکردنی دۆخەکە لەگەڵ لوبنان ئەوەیە کە وڵاتەکە حزبوڵڵا لەسنورەکانی ئیسرائیل دوربخاتەوە".