شارپرێس:
ئیل پۆیێر سانت پیێر ڕاکەری ئەمریکی، لەمانگی ئاداری 2023 ئیڤانی کوڕی لەدایکبوو، دوای منداڵبون هەستی بەسەختی گەڕانەوە بۆ مەشقو ڕاهێنانەکان کرد، هەروەک دوای شەش مانگ لەمنداڵبونەکەی گەڕایەوە بۆ پێشبڕکێکانی نیویۆرکو پلەی حەوتەمی بەدەستهێنا، ئەمەش نیگەرانی کرد.
سەرەڕای ئەمەش، پۆیریە سانت پیێر، توانیی پێشکەوتنی بەرچاو بەدەستبهێنێتو ژمارەی پێوانەیی خۆی لەناوخۆی ئەمریکادا بشکێنێتو میدالیای زێڕی لەپێشبڕکێی سێ هەزار مەتردا لەپاڵەوانێتی جیهانی لەشاری گلاسکۆ بەدەستبهێنێت.
ئێستا ئامادەکاریی دەکات بۆ بەشداریکردن لەئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 کە تێیدا بەشداریی لەپێشبڕکێکانی 1500 مەتردا دەکات.
پۆیریە سانت پیێر دوپاتیکردوهتەوە، دایکایەتیی خەونێکی گەورەیە بۆی، هەروەها ئەزمونەکەی وەک دایکێک زیاتر تەواوو دڵخۆشیکردوە، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ژیانی وەرزشیی هەبوە.
پۆیر سانت پیێر بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوەدەکات، دەستکەوتەکانی ئۆڵۆمپیاد لەگەڵ کوڕەکەی ئیڤان باس بکاتو ئەمەش بەساتێکی تایبەت دەزانێت.
و: ئاکۆ ئاڵی