بانگەوازێکی بەپەلە لەدژی پلانەکانی تورکیا و ڕژێمی سوریا ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرا

کوردستان

09/08/2024‌ 1599 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئەمڕۆ هەینی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا کۆمەڵکوژی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقی لە گوندەکانی دێهلێ و جدیدە ئیدانە کرد.

 ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوونیدەکاتەوە، جارێکی دیکە ڕژێمی سوریا دەستدەکات بە ڕووکردنە شوێنێکی تر بۆ کارکردن بۆ دروستکردنی ناکۆکی و تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا   و  پشتگوێ خستنی ئەوەی لە ناوچەکانی تری سوریا ڕوودەدات.

دەشڵێت، ڕژێمی سوریا هەوڵدەدات بۆ سەپاندنی ئاژاوەگێڕی و تێکدانی سەقامگیری، بە تایبەت دوای شکستی زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەری لە تێکدانی ئیرادەی خەڵکی دێرەزۆر و هێما کۆمەڵایەتییەکانی و خێڵە ڕەسەنەکانی.

 هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی ڕژێم و بەکرێگیراوەکانی کۆمەڵکوژییان لە دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامداوە، ئەمڕۆ کۆمەڵکوژییەکیان ئەنجامدا لە دێرەزۆر کە زۆربەیان منداڵن، بەو پێیەی ژمارەی شەهیدان گەیشتە ١١ کەس و زیاتر لە ٥ بریندار.

 ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان و برینداران کرد و جەختی لەوە کردەوە: “ئیرادەی گەلەکەمان لە دێرەزۆر بەهێزترە لەو پلانانەی کە مەبەست لێی گەمارۆدانی ئیرادەیان و تێکدانی بەهاکانیانە، پشتبەستن بە هۆشیاری گەلەکەمان لە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سیاسەتە ناسراوانە کە بە تەواوی لەگەڵ مەیلەکانی تورکیا بۆ تەسفیەکردنی پڕۆژەی گەلەکەمان یەکدەگرێتەوە".

 ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لیژنەکانی لێکۆڵینەوە کرد، بەشداریی خۆیان بکەن سەبارەت بەئەو کۆمەڵکوژیانەی لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە ئەنجام دەدرێن.