توێژینەوەیەک: ژەمی کەمی ئەسپرین بۆ ڕێگریی لەمجۆرە شێرپەنجەیە بەسودە

تەندروستی

14/08/2024‌ 1216 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن کە ڕەنگە سودەکانی ئەسپرین بەژەمی کەمەوە زۆر زیاتربێت لەمەترسییەکانی بۆ ئەوکەسانەی کە شێوازی ژیانی ناتەندروست پەیڕەودەکەن کە مەترسیی توشبون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن زیاد دەکات.


هەرچەندە پێشنیازی خواردنی ئەسپرین ڕۆژانە بۆ خۆپاراستن لەشێرپەنجەی قۆڵۆن بەهۆی مەترسیی زۆری خوێنبەربونەوە لەشوێنی خۆیدا نەماوە، بەڵام لێکۆڵینەوە نوێیەکان لەنەخۆشخانەی گشتیی ماساشوستس لەبۆستن دیدێکی وردتر لەسروشتی سودە گریمانکراوەکان دەخاتەڕوو.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی دەیلی هێڵس، پێدەچێت ئەسپرین ڕێگریی لەشێرپەنجەی قۆڵۆن بکات لەڕێگەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی پرۆتینی لایەنگری هەوکردن، کە بەپرۆستاگلاندین ناسراون، کە دەتوانێت هاندەری گەشەی گرێ شێرپەنجییەکە بێت.

دکتۆر دانیال سیکافی توێژەری سەرەکیی دەڵێت:"ئەنجامەکانمان دەریدەخەن کە ئەسپرین دەتوانێت بەڕێژەیەکی بەرچاو مەترسیی  لەوکەسانە کەمبکاتەوە کە چەندین هۆکاری مەترسییان هەیە بۆ شێرپەنجەی قۆڵۆن‌و ڕیخۆڵە".

سیکافی پێیوایە، "پێدەچێت ئەسپرین لەڕێگەی چەندین میکانیزمەوە ڕێگریی لەشێرپەنجەی قۆڵۆن‌و ڕیخۆڵە بکات".

لەئەنجامەکاندا هاتوە، "ئەگەر کەسێک ئەسپرین بەبەردەوامی بخوات، ئەوا باشترین بەڵگەکان دەڵێن ڕۆژانە ژەمی کەمی (81 میلیگرام) ئەسپرین بخورێت بۆ خۆپاراستن، نەک ژەمی هەفتانەی 325 میلیگرام ئەسپرین".

و: ئاکۆ ئاڵی