ژمارەیەک چەکدارو سەرکردەی توندڕەو لەزیندان هەڵاتن و ئەمریکا هۆشداری بەپەلە دەدات

کوردستان

03/09/2024‌ 10054 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئەمڕۆ سێشەممە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی داعشی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە زیندانێکی شاری رەقە هەڵهاتبوو.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دەڵێت، پێنج ئەندامی داعش، “دوو ڕوسی، دوو ئەفغانی و لیبییەک”، لە ٢٩ی ئابدا لە زیندانێکی شاری رەقە هەڵاتوون.

لە ڕاگەیەندراوێکدا فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ڕونیکردەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیان ڕوسییەك بەناوەکانی عەبدولوەحید ئیخوان و لیبییەکە بەناوی محەممەد نوح محەممەد دەستگیربکەنەوە، لەکاتێکدا گەڕان بەدوای سێ کەسەی دیکەدا بەردەوامە.

دەشڵێت، خالد ئەحمەد ئەلدەندەل کە پاڵپشتی بۆ ئەندامە هەڵهاتووەکان ناردووە، دەستگیرکرا.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بڵاویکردەوە، گەڕان بەدوای ڕوسی، تەیمور تالبركەن عەبداش و دوو ئەفغانییەكە بە ناوەکانی شەعب محەممەد عەبدەلی و عەتا خالید زار بەردەوامە.

ژەنەڕاڵ مایکل ئێریک کورێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دەڵێت، زیاتر لە نۆهەزار ئەندامی داعش لە زیاتر لە 20 زیندانی سەر بە هێزەکانی هەسەدەدا هەن، كە سوپایەكی داعشن لە زیندان و هۆشداریشیدا لەوەی هەڵاتنی ژمارەیەکی زۆر لەو ئەندامانەی داعش مەترسییەكی زۆر بۆ سەر ناوچەکە و دەرەوەی دروست دەکات.