شارپرێس:
لەکاتی هێرشی تورکە نەتەوەپەرستەکان بۆ سەر دوو سەربازی ئەمریكى لەشاری ئیزمیرى توركیا، یەکێک لەهێرشکاران بەدەنگی بەرز هوتاف دهكێشێتو ناوی شاری سلێمانی دەهێنێت.
بهگوێرهى سهرچاوهكان، ناوهێنانەکە هەڵدانەوەی ڕوداوێکی هێرشی ئەمریکایە لەساڵى 2003 بۆ سەر مۆڵگەیەکی سەربازانی تورک لەسلێمانی بەتۆمەتی پلاندانان بۆ کوشتنی پارێزگاری ئەوکاتی کەرکوک.
ڕوداوەکە ئەوکاتە بوە هۆی ئاڵۆزبونی پەیوەندییه دیپلۆماسیهكانى نێوان ئەمریکاو تورکیاو تائَیستا لەزهنی تورکە تەوەپەرستەکان وەک سوکایەتی بەسەربازانی تورکی ماوەتەوە.
هێرشەکە بۆ سەر دوو سەربازی ئەمریکی بوو لەشاری ئیزمیرو دووشەممەى ڕابردوو لەلایەن 15 تورکی ڕەگەزپەرستەوە ئەنجامدرا کە ئەندامن لەڕێکخراوی یەکێتی لاوانی تورکیا.
لەپاش ڕوداوەکە، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا هاتهدهنگو ڕایگهیاند، ڕوداوەکە جێگەی نیگەرانییه، كهمێك دواتر پارێزگاری ئیزمیر ڕایگەیاند، هێرشکاران دەستگیرکراون.
ڤیدیۆی ڕوداوەکە بەفراوانی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوەتەوەو دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتوهتەوە، ئەندامانی گروپەکە هۆکاری هێرشەکەیان گێڕاوەتەوە بۆ ئەوەی گوایە سەربازانی ئەمریکا لەڕژانی خوێنی سەربازانی تورکو کوشتنی فەڵەستینییەکان بەرپرسیارن.
دیمەنەکانی ناو ڤیدیۆکە ئەوە نیشاندەدەن کە دوو سەربازە ئەمریکییەکە بەجلی مەدەنییەوە لەیەکێک لەبازاڕەکانی ئیزمیرن کاتێک 15 تورکە نەتەوەپەرستەکه هێرشیان بۆ دەبەن، هێرشکاران لەدوو سەربازەکە دەدەنو تورەکە دەخەنەسەر سەری یەکێک لەسەربازەکان.
یەکێک لەهێرشکارەکان هوتاف دهكێشێتو وەک ئاماژەی تۆڵەکردنەوە هاواردەکات، "ئێمە گەنجانی تورکین، ئێمە ڕێکخراوی یەکێتی لاوانی تورکیاین، ئێوە تورەکەتان خستەسەر سەربازانمان لەسلێمانی".
دهنگى ئهمریكا بڵاویكردوهتهوه، هێرشکارەکە ئاماژە بەڕوداوێکی ڕۆژی 4ی حەوتی 2003 دەکات کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا چەندین سەربازی تورکیایان دەستگیرکرد بەگومانی پلانگێران بۆ کوشتنی پارێزگاری ئەوکاتی کەرکوک.
بەر لەڕوداوەکەی سلێمانی، هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژی 24ی چواری 2003 لەشارۆچکەی داقوق نزیکەی 12 ئەندامی هێزی تایبەتی تورکیایان دەستگیرکرد کە بەجلی مەدەنییەوە هاتبونە ناو هەرێمی کوردستانو عێراق.
ڕۆژنامەی تایمی ئەمریکی لهڕاپۆرتێكدا بڵاویكردوهتهوه، هێزە تورکییەکە لەژێر بیانوی دابینکردنی هاوکاری مرۆیی هاتبونە ناوچەکە بۆ دامەزراندنی ناوچەی دەسەڵاتیان لەشوێنە کوردییەکانی عێراق.
لهوبارهیهوه کۆلۆنێل ولییەم مەیڤێل فەرماندەی هێزی ئاسمانی 173ى ئەمریکا بەڕۆژنامەکەی وتوە، "هێزەکەی تورکیا بەدڵێکی پاکەوە نەهاتون بۆ ئێرە، ئامانجیان بریتییە لەدروستکردنی ژینگەیەک بۆ ئەوەی تورکیا هێزێکی زۆری ئاشتی پارێز بنێرێت بۆ ناو کەرکوک".
دوای ڕوداوەکەی داقوق، هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژی 4ی حەوتی 2003 ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتییان ئەنجامدا بۆ سەر خانویهک لەشاری سلێمانیو تێیدا چەند ئەندامێکی بەرەی تورکمانیو 11 ئەندامی هێزی تایبەتی تورکیایان دەستگیرکرد.
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، هێزەکانی ئەمریکا هێرشەکەیان بەپشبەستن بەزانیارییەکی هەواڵگریی ئەنجامداوە؛ گوایە هێزە تایبەتییەکەی تورکیا پلانی کوشتنی پارێزگاری ئەوکاتی کەرکوکی داڕشتوە، بەڵام بەرپرسانی تورکیا ئەو تۆمەتەیان بەتوندی ڕەتکردهوه.
هاوکات هێزەکانی ئەمریکا لەخانوەکەدا دەستیانگرت بەسهر 15 کیلۆگرام ماددەی تەقینەوەو چەند چەکێکو ڕومانەو چەند نەخشەیەکی شاری کەرکوک کە تێیاندا باڵەخانەی پارێزگا دەستنیشانکرابوو.
ئهوكات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو ڕاستەوخۆ نیگەرانییەکانی گەیاندە دیک چینی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەهۆیەوە هێزە تایبەتەکەی تورکیا دوای شهش کاتژمێر دەستبەسەرکردن ئازادکران.
ڕوداوەکە دەنگدانەوەی بەدوای خۆیداهێناو حکومەتی تورکیاش هەڕەشەی داخستنی سنورەکانی وڵاتەکەی کرد بەڕوی سەربازانی ئەمریکا.
بڵاوبونەوەی وردەکارییەکانی دەستگیرکردنەکە، لەنێوانیان چۆنیەتی داپۆشینی سەری سەربازانی تورک، وەک سوکایەتی لەمیدیای تورکیا وێناکراو بەردەوام باسیدەکرێت.