شارپرێس:
ئەو ئەنجامانەی ئەمدواییەی زانایان سەبارەت بەنهێنیی تەمەن درێژیی مرۆڤەوە پێیگەیشتون، سەرنجڕاکێشو چاوەڕواننەکراون، بەشێوەیەک زاناکان لەبری ئەوەی سەرنجیان لەسەر ئامۆژگارییەکانی کەسانی بەساڵاچوو و ئەوکەسانە بێت کە 100 ساڵیان تێپەڕاندوە، پێشنیازی ئەوە دەکەن کە دورکەوتنەوە لەمجۆرە ئامۆژگاریانە ڕەنگە باشتربێت.
ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی "زە گاردیەن"ی بەریتانی بڵاویکردوەتەوە، کۆچی دوایی ماریا برانیاس مۆریرا کە بەتەمەنترین کەسی جیهانە لەتەمەنی 117 ساڵیدا، پرسیاری زۆری لەسەر نهێنییەکانی تەمەن درێژیی دروستکردوە.
خودی ماریا برانیاس پێیوابوو، تەمەنی درێژییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە ڕێکوپێکی، ئارامی، سەقامگیریی سۆزدارییو دورکەوتنەوە لەدڵەڕاوکێ، بەڵام زانایان وەک ڕیچارد فاراگەر، مامۆستای بایۆجیرۆنتۆلۆژی لەزانکۆی برایتۆن ئاماژە بەوەدەکەن، ڕەنگە هۆکارە بۆماوەییەکان کاریگەرتربن.
تیۆری یەکەم باس لەوەدەکات، ڕەنگە هەندێک لەتاکەکان بەسادەیی بەختێکی باشیان هەبێت بەهۆی هەندێک هۆکاری بۆماوەییەوە کە دەبنە هۆی ئەوەی تەمەنیان درێژتربێت، تیۆری دوەمیش جەختدەکاتەوە، تایبەتمەندی بۆماوەیی تایبەت هەن کە بەشدارن لەتەمەنی درێژخایەن.
فەراگەر ڕونیدەکاتەوە، ئەو خوە ناتەندروستانەی کە هەندێک لەوکەسانەی 100 ساڵییان تێپەڕاندوە، پەیڕەوی دەکەن، وەک جگەرەکێشان یان کەمی وەرزشکردن، مەرج نییە بەو مانایە بێت کە ئەو خوانە سودبەخشن، بەڵکو ڕەنگە ئەم گروپە بەختیان هەبێت یان تایبەتمەندیی بۆماوەیی نایابیان هەبێت.
و: ئاکۆ ئاڵی