مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر خوێندنى كوردى هه‌یه‌و خێزانه‌كان منداڵه‌كانیان ده‌نێرنه‌ به‌شى عه‌ره‌بى

کوردستان

07/09/2024‌ 1534 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كان، لەناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، (کەرکوک، شنگال‌و خانەقین) زیاتر لە133 هەزار قوتابی بەزمانی کوردی لە 657 قوتابخانەدا دەخوێنن، به‌ڵام له‌ئێستادا پرۆسه‌ى خوێندن به‌زمانى كوردى له‌مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌دایه‌و خێزانه‌ كورده‌كان منداڵه‌كانیان دەنێرنە قوتابخانە عەرەبییەکان.


کامەران عەلی بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لەکەرکوک به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "لەخوێندنی کوردی لەسنوری پارێزگای کەرکوک نزیکەی 100 هەزار قوتابی هەن‌و لە555 قوتابخانەدا وانە دەخوێنن".

پێنجشه‌ممه‌ى ڕابردوش له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا لقى كه‌ركوكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان هۆشداریدا له‌مه‌ترسیه‌كى سه‌ر پرۆسه‌ى خوێندنى كوردى له‌پارێزگاكه‌و ئاشكراكرا، زۆربه‌ى خێزانه‌ كورده‌كان، منداڵه‌كانیان ده‌نێرنه‌ به‌شى عه‌ره‌بى‌و له‌به‌شى كوردى نامێنن.
 
لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، وەکو کەرکوک، شنگال‌و خانەقین، دوو بۆ سێ جۆر خوێندن هەن، لەنێویاندا خوێندنی کوردی کە سەر بەپەروەردەکانی هەرێمی کوردستانەو هەموو شایستەو پڕۆگرامەکانیان لەهەرێمی کوردستانەوە دابیندەکرێت، بۆ بەردەوامیدانیش بەپڕۆسەی خوێندنی کوردی لەکەرکوک، نزیکەی 9000 فەرمانبەرو مامۆستا لەبەشی خوێندنی کوردی دەوامدەکەن.

وه‌كو کامەران عەلی باسیده‌كات، "خوێندنی عەرەبی لەکەرکوک قوتابیی زیاتری لەخوێندنی کوردی هەیە، ئێمە لە2003وە لەیەکەمین قوتابخانەوە دەستمان پێکرد، بۆیە بێگومان خوێندنی عەرەبی قوتابیی زیاتری دەبێت، بەشێکی ئەو قوتابیانەی لەقوتابخانە عەرەبییەکاندا دەخوێنن، کوردن‌و لەلایەن خێزانەکانیانەوە خراونەتە ئەو قوتابخانانە".